لە عەرەبییەوە: نووری بێخاڵی
خۆشەویستەکەم، هیچ شتێکم نییە بیڵێم:
شەمەندەفەرەکە چاوەڕێ دەکات و
سەرنشینەکان بێزارن
گەر دەستت دانێیتە سەر شانم،
لەوانەیە جەنگ کۆتایی بێت
گەر ماچم بکەیت،
ڕەنگە منداڵە مردووەکانمان گەورە ببن
گەر پێبکەنیت،
لەوانەیە فڕۆکە بەدبەختەکان
پێبکەنن و ڕزگاریان بێت
وەلێ تۆ بە جێگیریی وەستاویت و
منیش ناتوانم بدوێم
نەک لەبەر ئەوەی زمانم لەناو قەرەباڵغیدا ون بووە
نەک لەبەر ئەوەی دوو قاچەکانم لە سەما کەوتوون
نەک لەبەر ئەوەی خۆر دڵمی سووتاندووە و
نەک لەبەر ئەوەی خوێن لە چاوەکانتدا قوڵپ دەدا
وەلێ لەبەر ئەوەی جیهان دڵڕەق و غەمگینە
لە دوا چرکەساتەکاندا باسی خۆشەویستییم بۆ بکە:
ئەگەر دوو دەست،
یان دوو قاچ،
یان چەقۆیەکی تازەی هەبووا
باسی قیژە و هاوارەکانمان،
ئازارەکانمان،
ونبوونمان و ئەو پێکەنینانەمان بکە،
کە وەک ڕمەکان نووک تیژن
دەستەکانت درێژ بکە،
لەسەر کورسییەکە، لەوێ،
ئەڵقە زیوینەکەم،
درەختەکەم و ئەو ژەهرەم لەبیر کردووە،
کە بە دەستی خۆم دروستم کرد
دەست لە هەر شتێک بدەیت،
دەبێتە فوارەیەک لە ئاگر یان خوێن
دەبێتە فوارەیەک لە فرمێسک یان دەزووی تیشکی خۆر
دەستەکانت بۆ ترس،
بۆ لەرزین،
بۆ خۆشەویستی یان مەرگ درێژ بکە
دەستەکانت بۆ بۆشایی درێژ بکە،
شەمەندەفەرەکە چاوەڕێ دەکات و
شتێکم نییە بیڵێم.

