ئارام كۆشكی – سلێمانی
کاتێک بە وردی سەرنجی ژیان دەدەین هەست بە جۆرێک لە پووچی و جۆرێک لە نیگەرانی دەکەین، بەوەی ژیانێکی سەپێنراو بەسەر مرۆڤدا چ گرنگییەکی هەیە؟ ئایا دەتوانین لەم ژیانە سەپێنراوەدا بەدوای ئایدیای ڕزگارییدا بگەڕێین؟ بێگومان ئەمە پرسێکی گەلێک گرنگ و قووڵە و من نامەوێت لە ڕووە فەلسەفی و ئایینی و فیکرییەکەیەوە لێی بڕوانم، بەڵکو دەمەوێت چەند سەرنجێک سەبارەت بە ئایدیای ڕزگاربوون لە ڕوانگەی فیلمێکەوە بخەمەڕوو، کە هەفتەی پێشوو هاوڕێیەکم جارێکی دیکە پێی ئاشنا کردمەوە.
فیلمی “The Breed” نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر بینیم، فیلمەکە لەوکاتەوە لە زاکیرەمدا مایەوە، بەڵام ناوی فیلمەکەم لەبیر کردبوو، هەرچەندە هەر تامەزرۆی بینینەوەی بووم، بەڵام بەشێکی زۆر لە ئایدیاکانیم بیر بوو. کاتێک هەفتەی پێشوو لە گفتوگۆیەکی کورتدا لەگەڵ هاوڕێیەکدا (کە ئەویش شەیدای سەیرکردنی فیلمە) باسم کرد دەستبەجێ فیلمەکەی بۆ دۆزیمەوە و لینکەکەی بۆ ناردم. فیلمەکە لە ڕووکەشدا گەلێک سادە و ئاسایی دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک بەسەرنجەوە لێی ورد دەبینەوە هەڵگریی ئایدیایەکی گرنگی فەلسەفیی قووڵە، کە هەر ئەمەش وایکرد هەڵوەستەی لەسەر بکەم و بۆ ماوەیەکی درێژ لە زاکیرەمدا بمێنێتەوە.
چیرۆکی فیلمەکە زۆر بەسادەیی دەست پێ دەکات و باس لەوە دەکات کە “گروپێکی پێنج کەسی لە ھاوڕێیانی سەردەمی کۆلێژ گەشتدەکەن بەرەو دوورگەیەک بۆ بەسەربردنی پشووی کۆتایی ھەفتە، بەڵام لە دوورگەکەدا ڕووبەڕووی دەستەیەک سەگی نامۆ دەبنەوە، کە دڕەندە و مەترسیدارن و ئیدی ھەوڵدەدەن لە دوورگەکە ڕابکەنە دەرەوە و ڕزگاربن لەو تەنگژەیەی تێی کەوتوون.”
لە ئەفسانەی سیزیفدا مرۆڤ مەحکومە بەوەی هەموو ڕۆژێک بەردەکە بەرێکە سەر شاخەکە و دوای کەوتنە خوارەوەی بەردەکەش دووبارە و سەدبارە هەمانکار بکاتەوە. ئەفسانەکە لەسەر پووچی ژیان و دووبارەبوونەوەی بێتامییەتی، کە کامۆ لە کتێبی “ئەفسانەی سیزیف”دا بە وردی کۆمەڵێک ڕەهەندی گرنگی دیکەی لەم پووچییەی ژیان کەشف کردووە و بەستووشیەتییەوە بە هونەرەکانەوە، کە چۆن پووچی ڕەنگدانەوەیان تێیدا هەیە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئایدیای پووچی، دەبینین سەرچاوەکەی لەوێوە هاتووە، کە ڕزگاریی بوونی نییە و هیچ دەرچەیەک نییە بۆ ڕزگاریی و مرۆڤ مەحکومە بە ژیان و سیزیف ئاسا تا دواهەناسەی دەبێت بەردەکە (ژیان) بۆ کێوەکە پاڵ پێوە بنێت. ئایدیای پووچی لای بیکێت چاوەڕوانییە و لە گۆدۆدا خۆی مانیفێست دەکات. لە شانۆییەکەی بیکێتدا (لە چاوەڕوانی گۆدۆدا) مرۆڤ لە بوونەوەرێکی چاوەڕوان زیاتر، هیچی دیکە نییە و هەمیشە چاوەڕوانی گۆدۆیەکە (ڕزگارکەرێک)، کە هەرگیز نایەت، یان بوونی نییە.
لەم فیلمەدا “ڕەگەزەکە The Breed”دا پێنج گەنجەکە دوانیان بەر شاڵاوی سەگە دڕەکان دەکەون و دەمرن، تەنها سیانیان دەمێننەوە و هەوڵی ڕزگاربوون دەدەن و دوای هەوڵ و تەقەللایەکی زۆر و قوربانیدانی زۆر دەگەنە ئەو کەشتییە بچووکەی کە پێی هاتوون بۆ دوورگەکە و ئیدی لەوێوە دەیانەوێت دوورگەکە بەجێبهێڵن. دوای گەشتن و دوورکەوتنەوە لە خاڵی مەترسی، ئیدی فیلمەکە بەرەو دواساتەکانی کۆتایی دەڕوات و یەکێک لە سێ کەسە ڕزگاربووەکە بۆ پشوو دەیەوێت بچێتە نێو کەشتییە بچووکەکە، کاتێک دەرگا دەکاتەوە یەکێک لە سەگە دڕەکان پەلاماری دەدات و ئیدی فیلمەکە کۆتایی دێت.
بینەر بەم دیمەنەی کۆتایی فیلمەکە سەرسام دەبێت، چونکە ئێمە پێمانوایە ئیدی ئەم سێ گەنجە بۆ هەمیشەیی لەدەست سەگە دڕەکان ڕزگارییان بووە، بەڵام دیمەنی کۆتایی فیلمەکە پێماندەڵێت مرۆڤ ڕزگاری نابێت، ئەوەی ئایدیای ڕزگاریی بڵاو دەکاتەوە، جگە لە بڵاوکردنەوەی ئایدیای ناڕاست هیچی دیکە نابەخشێتەوە. مرۆڤ سیزیفئاسا مەحکومە بەوەی بەردەکە بۆ هەمیشەیی بەرێتە سەرەوە و هەموو ڕۆژێکیش ئەمە دووبارە بکاتەوە. بەڵام ئایا لەنێو ئەم پووچییەدا و نەبوونی هیچ ئایدیایەکی ڕزگاریی چ شتێک بەهادارە؟
لای بیرمەندانی بوونگەرایی ئەوەی واتایەک دەدات بە ژیان و بوونی مرۆڤ لە پووچی دوور دەخاتەوە، ئەوەیە کە مرۆڤ پڕۆژەی بوونی خۆی نەدۆڕێنێت و تەسلیمی ئەوانی تر (ئایین و ئایدۆلۆژیا و مێگەل) نەبێت، بەڵکو خاوەنی بوونێکی سەربەخۆ بێت و خۆی بڕیاردەی تەواوی پڕۆژەکانی بێت. لێرەوە بوونی ڕەسەن لەدایک دەبێت، کە بوونێکی بەرهەمداری ڕزگاربووە لە کۆتی ئەوانی تر. بەڵام مرۆڤ هەرگیز ڕزگار نابێت لە مردن، بۆیە بوونگەراکان هەڵوەستەی زۆر لەسەر مردن دەکەن و وەکو چەمکێکی گرنگ و سەرەکی فەلسەفەکەیان لێی دەڕوانن. مرۆڤ مردن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە نێو بوونەوە، چونکە تا ئەو نەبێت مردن نییە، کە ئەو بوونی هەبوو مردنیش لەگەڵیدا پەیدا دەبێت. ئەمە ئەو خاڵەیە کە بوونی مرۆڤ دیسان دەگێڕێتەوە بۆ ئەوە خاڵەی کە ناتوانێت بوونی خۆی ڕزگار بکات. خاڵێک کە لە فیلمەشدا ئاماژەی پێ دراوە و پێموایە تەواوی ئایدیای فیلمەکەش لەسەر ئەوە بەندە ئەوەیە، کە ڕزگاربوونێک لە ئارادا نییە. ئەگەر لە کۆمەڵێک کۆتبەندیش خۆمان ڕزگار بکەین، بەڵام لە دواجاردا (کۆتا سەگی نێو فیلمەکە لەنێو کەشتییەکەدا) هەر یەخەمان دەگرێت و بەرەو مەرگ ڕاپێچمان دەکات.

