هۆگر شێخ
ئەمشەویش
دوو دڵۆپ
فرمێسكم لە چاوان
بۆ هەردوو دیلانی
پڕ هونەر
هەڵقوڵان
ئەو دەمەی
لە پشتی
مەلا ئەحمەدی شار
بەخشرایە نیشتمان
دوو ڕۆڵەی بەئەمەك
بە نەتەوەی كورد و
بە خاكی كوردستان
تۆ بڵێ
دوو ئەستێرەی
گەش و درەخشان
دوو گەوهەر
بۆ ئاسمانی هونەر
بۆ وێژە و
ئاواز و مۆزیكا و
گۆرانیی بێهاوشان
كێ بێ، كە بە دەنگی
حەمەساڵح دیلان
گوێی دڵ و ویژدانی
نەكەوتبێتە سەر
هەژان و خرۆشان
ئەو دەمەی مەلی گیان
لە سینەی
مەلیكی مەزنمان
ئاوا بوو…
لە ناخی دیلانا
پانۆرامای شیعری
شێخ مەحموودی زیندوو
وەك هەورە تریشقە
لەگەڵ دەنگ و سەدای
بێوێنەی دلێریا
ئەو كۆستەی نەتەوەی
دەلاواند
هاودەمی كەمان و
ئەنگوشتی
دیلانی برالە
شار و دێی
وڵاتیان پڕ دەكرد
لە هەستی هەژاو و
لە گریان
لە هاندان بۆ شۆڕش
خەبات و بەرخۆدان
دیلانی برالەی
ڕەهەندەی هەندەران
لە خاكی نامۆییش
نە پریاسكەی هونەر
نە هەگبەی
كەسەرە قووڵەكەی
دانەنان
پێشمەرگەی هونەر بوو
لە دوورەوڵاتان
هەربۆیە پێشەنگی
هونەری ئۆپێرا و
گۆرانیی جازیش بوو
بۆ كوردان
هەزاران دروود بۆ
ڕەوان و
بۆ گیانی بەفرینی
دوو دیلان
دوو ڕۆڵەی دوڕدانە
بۆ شیعر و
مۆزیكا و
هونەرزاو
شەوی 25/24ی11ی 2025 بەرنامەیەكی تایبەتم لەمەڕ هونەرمەندی كۆچكرووی دوورە وڵات، قادر دیلانەوە، لە یەكێك لە تیڤییەكانەوە بینی، ئەوە بۆ من بووە هێنانەوەیادی سەرجەم ئەو بەرهەمە هونەرییانەی هەردوو دیلان و بە تایبەتیش ئەو چاولێكنانە بێنازانە و تەنیاییەی قادر دیلان لە هەندەران، لە چاوانمدا بوو بە فرمێسك و لە ئاوەزیشمدا بوون بە ئەم پەیڤانە.

