رۆژنامەی ھەولێر

کتێب و ئازادیکتێب و ئازادی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

پرسی خوێندنەوە، پرسێکی گرنگە، پرسێک نییە مرۆڤ ڕاگوزەرانە سەیری بکات، چونکە خوێندنەوە جۆرێک بڕیاردانە بۆ ئەوەی ئەزموونی ئەوانی تر بخوێنینەوە و بەرەو جیهانی دیکە، کە بۆ ئێمە ئاشنا نییە، سەفەر بکەین و بەر دیدگای نوێ بکەوین. کاتێک دەخوێنینەوە دەمانەوێت لەو بەرگە تەنگ و تاریک و کۆنە بێینە دەرەوە و بەرگی نوێ و ڕوون و فراوان بپۆشین. ئەمە ئەلفوبێی خوێندنەوەیە. لە دەرەوەی ئەمە خوێندنەوەیەک بوونی نییە، بەڵکو ئەگەر هەشبێت، چاوخشاندنە بە وشەکاندا و گەمەی کاتکوشتنە.
کاتێک دەخوێنینەوە سەرەتا ڕەنگە نەپرسین بۆچی دەخوێنینەوە؟ بەڵام دوای چەند مانگێگ، یان ساڵانێک بێگومان ئەو پرسیارە لەخۆمان دەکەین و چەندانجار دەپرسین بۆچی دەخوێنینەوە؟ ئایا دەخوێنینەوە بۆ ئەوەی نوێبینەوە؟ یان دەخوێنینەوە بۆ ئەوەی وەکو خۆمان بین و دەست بە بیروباوەڕە چەسپاوەکانمانەوە بگرین؟ ئایا دەخوێنینەوە و بڕیاری خوێندنەوەمان داوە، بەڵام دەرگاکانی گۆڕان و کرانەوە و ئازادیمان داخستووە؟ ئەگەر ئەوانەمان داخستووە بۆ دەخوێنینەوە؟ پرسیارێک دەبێت هەموان لەخۆیانی بکەن، کاتێک دەخوێننەوە؟
زۆرجار کە سەرنجی بەشێکی زۆر لە خوێنەران دەدەم دڵنیام هەرگیز پرسیاری ئەوەیان لەخۆیان نەکردووە، کە بۆ دەخوێننەوە؟ ئەمەش دوای هەڵسوکەوت و ڕەفتاو و سیمایان بۆم دەردەکەوێت، چونکە خوێندنەوە لە هەموو کردەیەکدا ڕەنگدەداتەوە، (بێگومان ئەگەر بمانەوێت)… سەرەتا گوتم خوێنەران دوای چەند مانگ، یان ساڵانێک لەخۆیان دەپرسن بۆ دەخوێننەوە، بەڵام خوێنەرانێک هەن هەرگیز ئەو پرسیارە خۆیان ناکەن، ئەوانەش ئەو خوێنەرانەن، کە دەرگای گۆڕان و کرانەوە و ئازادییان لەسەر خۆیان داخستووە و ناشیانەوێت بکرێتەوە.
هیچ خوێنەرێک نییە توانای گۆڕانی نەبێت، بەڵام ئەمە پێشمەرجێکی هەیە ئەویش ئەوەیە، کە خۆی بیەوێت و ویستی بۆ گۆڕان هەبێت. هەر خوێنەرێک هەموو دەرگاکان دابخات ئیدی چۆن خوێندنەوە بتوانێت بیگۆڕێت؟ مەرجێکی سەرەکی خوێندنەوەی بەرهەمدار و سوودمەند ئەوەیە خوێنەرەکە ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت دەستبەرداری بۆچوونە کۆنەکانی بێت و ئامادەیی وەرگرتنی ئایدیای نوێ بێت.
بەدەر لە پرسی گۆڕان یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی دیکەی پەیوەست بە خوێندنەوەوە پرسی ئازادییە. خوێنەرانی ڕاستەقینە ئەو مرۆڤانەن، کە بەوپەڕی ئازادییەوە پەیڕەوکەری هەموو ئازادییەکانن. دەخوێننەوە بۆ ئەوەی ئازاد بن و لە دۆگماکانیان ڕزگارییان بێت. خوێندنەوە هەڵوەشێنەری دۆگماکانە، دژە بە کۆنخوازیی و چەقبەستوویی و هەڵگریی هێزێکی یاخیگەرانەیە کە تاک بەرەو ئازادی دەبات، نەک بەپێچەوانەوە.
مرۆڤ بۆ ئەوە ناخوێنێتەوە تا بەسەر خۆی و دونیاشدا دابخرێت. ئەگەر کتێبگەلێک فێری داخران و کۆیلەیی کردین ئەوانە کتێبی ڕاستەقینە نین. کتێبە ڕاستەقینەکان ئازا و ئازادترمان دەکەن و هەموو دەروازەکانی سەربەستیمان بۆ واز دەکەن، نەک لێمان کڵۆم بدەن.
بەشێک لەو مرۆڤانەی لەنێو دونیای خوێندنەوەدان و هاونشینی کتێبن، بەڵام مرۆڤگەلی داخراو و چەقبەستوون ئەوە ئەو جۆرەی خوێنەرن، کە دەستیان بە دۆگماکانییانەوە گرتووە و نایانەوێت بڕوشێت و درزی تێ ببێت. یەکەم کاری کتێبی ڕاستەقینە بەڕووشان و درزتێبردنی دۆگماکان و پەردەهەڵماڵینە لەسەر سیما شاراوەکان. مرۆڤەکان لەڕێی خوێندنەوەوە بە پەنهانەکان ئاشنا دەبن و خۆیان دەناسن، نەک خۆیان بشارنەوە و ببنە مرۆڤی دەمامکدار. خوێندنەوە دژ بە هەموو دەمامکبازییەکە و مرۆڤ دەکاتەوە بەخۆی و شانازیش بە بوونییەوە دەکات. مرۆڤەکان بۆ ئەوە دەخوێننەوە و دەنووسن، تا ئازادتر بن، نەک ببنە کۆیلەی ئەو دۆگمایانەی کولتوور و ئایین و کۆمەڵگە بەسەرماندا دەیسەپێنن.
من لەو کاتەوە بە کتێب ئاشنابووم، ئەوە کتێب بوو کە هێدی هێدی بەرەو ئازادی بردم. ئەو ئەزموونە ئازادییەی لەنێو کتێبەوە فێری بووم خێزان و کۆمەڵگە فێریان نەکردم. کاتێک درکم کرد کتێب هێزی ئازادیی و ئازایی تێدایە، ئیدی بوومە هاونشینی هەمیشەیی کتێب و کردمە دۆستە ڕاستەقینەکەم. دۆستێک لە کۆیلایەتی دوورم دەخاتەوە و بە خۆمم ئاشنا دەکات و ڕێگەی ناسینی ئەوانی تریشم پێ پیشان دەدات.