رۆژنامەی ھەولێر

جگە لـــــــــە کێوەکان، کەسمــــــان نییە︎

یەڵدا هەرکی

من لەوێم؛
لەو شوێنەی پێڵوو بووەتە سەنگەر و
خەون، پێش گەیشتنە سەرین، گوللەباران دەکرێ.
لێرە؛ خولگەی ئارام و هەناسەی بێگەردی کچەکەم،
لەوێ.. حەلەب…
ژیان لە مەمکی دایکێکدا وشک بووە،
کە مەرگ، پێش ساوایەک، مژوومۆڵی لێ گرتووە!
لەو لاوە، منداڵێک کراسەکەی دەلووشێ
تا سییەکانی “بۆنی ماڵ” لە بیر نەکەن؛
دەیەوێ نیشتمان لە نێو دڵیدا بشارێتەوە،
پێش ئەوەی دوکەڵی دیپلۆماسی،
دوایین پەناگەی هەناسە تەڵخ بکات.

ئای لەم جیهانە…
کە تێیدا “مافی مرۆڤ”
وشەیەکی بەستەڵەکە لە دەمی وتەبێژاندا؛
ئەوانەی لە پشت ڤیترینەکانی سیاسەت،
بۆ “بۆنی خوێن” بە ڕیز وەستاون!

ڕوو وەردەگێڕم؛
بۆ چاوەکانی چاوەڕێی ڕۆژهەڵات؛
دوو چاڵی پڕ لە تەنیایی،
کە لە هیچ نەخشەیەکدا،
بستێک جێ بۆ پێکەنینیان نییە.

بەرەو باکوور؛
بۆ ئەو برینەی سەر لێو، کە بە تەقەڵەکان پێدەکەنێ
تا کێوەکان نەترسن…
بۆ ئەو ئێسکەی لە گەرووی پیری سەدەدا گیر بووە.

و لێرە.. باشوور؛
ئەو قەڵایەی بە خوێن و ئەژنۆی ماندوو ڕایەگرتووە،
تا نیشتمان لە هەڵدێری نەبووندا،
دوا هەناسەی دەرنەچێ.

ساڵانێکە ئاسمان لێڵە،
بەو مژە ژەهراوییەی لە “حەرامزادەترین کۆشکی سپی”
یەوە هەڵدەکات؛
ئەوەندە چڕ…
کە برا، برا لە سێدارەدا دەبینێ و نایناسێتەوە!
بەڵام بزانە،
گورگەکان…
هەموومان تەنیا بە یەک ناو بانگ دەکەن:
“کورد”

ئێمە هاوارەکانمان،
بەرەو سنگ و دڵی یەکتر تەقە دەکەین؛
ئەمە.. بژاردەترین ئۆرکێسترای کەمتیارەکانە.
ئەوانەی تەنیا تا ئەو ساتە “دۆستی ڕێمانن”،
کە گەرووی ئەم خاکە،
بۆ نێو دووکەڵی سازش، نێچیرێکی چەور بێت!

ئێمەی تیغی بێگانە نامانبڕێ؛
ئەم “فەرامۆشییە بەکۆمەڵە” تێکمان دەشکێنێ.
ئەوەندەی باوەڕمان نەکرد…
ئەوەندەی هێشتاش باوەڕ ناکەین…
هیچ دەستێک لە دوورەدەستەوە ناگات،
هیچ دەستێک لە دوورەدەست نییە!
کەس لەگەڵمان نییە، جگە لەم کێوانە.

من ئەو ژنە کوردەم؛
کە هەموو شەوێک برینی پارچەکانی نیشتمان دەشۆم،
لە ئاوێتەبوونی مژ و تاوێردا، نزایەک دەکەم:
خۆزگە بەیانی…
خۆر بۆ هەمووان “وەک یەک” هەڵبێت.
سەختە دایک بیت و،
بە کاتی وتنی لایەلایە
ببینیت مێژوو…
گەرووی هەموو لانکەکانی بڕیوە.