رۆژنامەی ھەولێر

‏ منیش دەچم بۆ سلێمانی

نیازی حه‌مه‌عه‌زیز

 

‏لە شەوێکی نووتەکدا
‏لە چەشنی گوارەی داری بێداد
‏کە ملی شووشەکان دوای هەڵچۆڕانیان لار دەبنەوە
‏لە خەیاڵێکی ئاوسدا
‏ئاوس بە:
‏ـ خەمی سڕینی فرمێسکی بێنوایەک و
‏ـ خولیای دڵنەواییکردنی دایکە شەهیدێک و
‏ـ حەزی شادکردنی دڵی کرێکارێکی بێکار و
‏ـ خەندە و نەوازش بۆ پێشمەرگەیەکی کرێچی
‏‌‌ ***
‏پێت وا بوو
‏سواری (کەشتیی نووح)ـەکەی نەجمەدین مەلا و
‏گالیسکە مۆدێرنەکەی (جەمال عیرفان) بوویت
‏وات دەزانی سەرچۆپیی
‏شایییە نەورۆزانەکەی (پیرەمێرد)ت گرتووە و
‏لە حزوور نالی و سالم و کوردی
‏دەستەونەزەر ڕاوەستاوی
‏تا بە ئاسمان بڵێی:
‏( بگری، بگری
‏تا سپیکردنەوەی دڵەکان،
‏تا هەستانی لافاوی عیشق و
‏گوڵپۆشینی باخەکانی خەیاڵ،
‏تا شەققەی باڵەکانی شەبەنگ و
‏ئازادبوونی تریفە و هەتاو)
‏هەر بۆیەش بوو
‏واتدەزانی تۆ میوانی
‏بە لاتەوە وا بوو
‏هەر بەڕاستی تۆ لە شاری
‏تۆ لە نێو کووچە و کۆڵانی سلێمانی
‏ ***
‏بۆ بە تەنها ملت لێ نا؟
‏بە تەنهایی خۆت گەیاندە
‏کەرنەڤاڵی شەو و
‏شایلۆغانی حەسرەتی ژاکانی جوانی
‏بەبێ یاوەر
‏بێپاسەوان سەفەرت کرد
‏گوێت نەدایە پیرەیاوەر
‏فەرامۆشت کرد کۆڤان و
‏زام و ناسۆر و گریانی
‏بەڵام هاوڕێ، ئەگەر ئەمجارە چوویەوە
‏بێمن مەچوو
‏بەڵێنی ڕاستم پێ بدە
‏لە گەرمەی خۆشخەیاڵیدا
‏(منیش دێم بۆ سلێمانی( ..

‏زستانی ٢٠١٩