سۆران لەتیف
بە ئاگری شەڕێ سووتاین
بەر لەئێمە هەڵگیرسابوو
بە تاوانێ سزا دراین
ڕووی نەدابوو
ئەم دوو دێڕەی مامۆستای مەزن
( حەمەسەعید حەسەن)ی نووسەر و ڕەخنەگر و شاعیرم، وێڕای دەیان دێڕ هۆنراوە و تەنانەت وتار و نووسینیم، وەک ناوی خۆم ئەزبەر کردووە کە بەش بە حاڵی هەژارخەیاڵیم گەلێک سوودم لەکانگای بیر و هزری وەرگرتووە و تاسە و تینوێتیی شکاندووم. ئێستا کە هەوڵێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی لە ئارادایە و بەتایبەت ڕووی لەبەڕێزیانە کەخودی خۆی بەشێک بووە لە بەرفراوانکردن و ڤەراهەمکردنی مەیدانی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژانێک ڕووبەڕووی ڕژێمی بەعس بووەتەوە و ژیانی خستووەتە مەترسیەوە، پشتی کردووەتە ژیانی خۆش و وەک هەزاران پێشمەرگە ژەمی خواردنی نانی ڕەق بووە، بوێرانە ڕووبەڕووی ستەمکاری بووتەوە و لە بۆتەی نووسیندا قاڵ بووە، ڕچەی شکاندووە و دەستەمۆ و کەوی نەکراوە. هەوڵی ڕاپێچکردنی بۆ بەردەم دادگا و ڕێگری لێکردنی لە ئارادایە، ئەو هەوڵە پرۆتستۆ و شەرمەزار دەکەم و لەناخی دڵەوە نیگەرانم بۆی. داخی گرانم وەک مامۆستا ( گۆران )ی مەزن دەفەرموێت:
بەڵێ دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار
وەکوو عەکسی قەمەر وایە لەناو حەوزێکی لیخندا
بەڵام چونکە ( قەدری زێڕ لای زێڕەنگەرە)، کەسانێک هەن زێڕەنگەرانە دەیناسن و داکۆکی لێ دەکەن، یاخوود هەر بە زیندوویی بە سوپاسەوە پەیکەری بۆ چێ دەکەن.
وەک دەربڕینی هەستم هەر وەک چۆن
( دیاری شوان هەڵەکۆکە ) کۆمێنتێکم بەم شێوەیە نووسی و بە کۆمێنتێک وەک گەردێک لەبەرگریکردن خستمە خزمەت جەنابی موشەڕەفیان.
لـە دڵــــــدایە کـــــــــۆتەڵی تۆ
ڕێشــــــــــــاندەری کۆمەڵی تۆ
مامۆســــــــــتای هزر و بیرمانی
بۆ هەمیــــــــــــشە لە بیرمانی
هـەرچـی ڕێبــواری ڕێگــەتە
سـەر پێــڵووی چـاوی جێگەتە
بە جـــەبر و زەبـــری نووســینت
بە پەیـڤـی مـــینا هەنــگــوینت
قــوڵایـیی دڵـــــە شـــــوێنی تۆ
بۆ بـەرزی ژین هـــەوێنــــی تۆ
چـوون بە عیشـق و بەتاســەوە
خــوێنـی خۆت کردە کاســەوە
ڕاســتـەڕێـگات پێ نیشان داین
بۆ ژینـی سـەربەرزیت هان داین
زۆر بڵندە پێــــــــــــگە و پایەت
لەسـەرمان بمێنێت ســــــایەت
لەســایەتدا ســــــــــــایەدارین
چــوون بەڕۆح پێت قەرزدارین
کەسـێـک قەتــماغەی زامان بێ
دوا جــێ و هەواری هەرمان بێ

