رۆژنامەی ھەولێر

کێ باجی “هەڵە تێگەشتنی وەرگر” دەدات؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

زۆرجار دوای بڵاوبوونەوەی وتارەکانم هەستم بە هەڵە تێگەیشتن کردووە لەلایەن “وەرگر” خوێنەرەوە. هەندێکجار نیگەرانیان کردووم و زۆرجاری دیکەش پشتگوێم خستووە. بەڵام کاتێک لە کرۆکی ئەم بابەتە ورد دەبینەوە ئەمە باسێکی ئاسایی و ڕاگوزەر نییە و ناکرێت فەرامۆش بکرێت. “هەڵە تێگەشتنی وەرگر” ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵە لێکدانەوە و بڵاوکردنەوەی باسی هەڵە و بە هەڵە وەرگرتنی تەواوی تێکستێک، کە ئەمەش دەبێتە کارەسات و لە نیگای یەکەمدا قوربانی یەکەمی ئەم کارەساتەش تێکستەکەیە و لە دواتردا نووسەر دەبێتە قوربانی.

هەفتەی ڕابردوو هاوڕێیەکی نووسەر وتارێکی لەبارەی ڕۆمانی نووسەرێکی کوردەوە نووسی بوو کۆمەڵێک هەڵەتێگەیشتنی ڕیز کردبوو، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئامانجی سەرەکی ڕۆمانەکەوە نەبوو. ڕۆمانەکە سەبارەت بە پرسی ئەنفال بوو. تەواوی بۆچوونەکانی ئەو نووسەرەی لەبارەی ڕۆمانەی نووسی بوو ناڕاست بوو و هەموو ئەو بۆچوونانەی سەبارەت بەو تێکستە نووسی بووی بۆچوونگەلێکی دروستکراوبوون و لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی خوێنەریشدا بوون، نەک ڕوونکردنەوەی پەنهانێک بۆ خوێنەر.
یەکێک لەو هەڵە بەرچاو و دیارانەی ئەو هاوڕێ نووسەرە کردبووی ئەوە بوو کە: تێکستێکی ئەدەبی وەکو واقیع مامەڵە کردبوو. ڕۆماننووس مێژوو ناگێڕێتەوە و مێژوونووس نییە. ڕۆمان هونەری ئەفراندنی حیکایەتە. بێگومان سوود لە واقیع وەردەگرێت، بەڵام هەمیشە واقیعێکی بەرزتر، یان جیاوازتر لە واقیعی باو پیشان دەدات. ئەوەی پێیوابێت ئەرکی ڕۆماننووس و مێژوونووس وەکو یەکە، نە لە نووسین تێگەشتووە و نە بە ئەرکی ڕۆماننووس ئاشنایە. من دەزانم زۆر وەرگر دەقێکی ئەدەبی وەک بابەتێکی مێژوویی و دیکۆمێنت وەردەگرێ و لایوایە ڕۆماننووس مێژوو دەنووسێتەوە، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی لۆژیکییە و ئەوەی ئاگاداری ئەلفوبێی گێڕانەوە بێت، لەم هەڵە لۆژیکییە بەدوورە.
یەکێکی دیکە لەو هەڵە دیارانەی دیکە، کە زۆرجار نووسەران تێی دەکەون بە ئایدۆلۆژیکردنی تێکستە، یان هەوڵی ئەوە دەدەن لە ڕوانگەی باکگراوندنی سیاسی و ئایینی نووسەرەوە مامەڵە لەگەڵ تێکستدا بکەن. بێگومان ئەمەش هەڵەیەکی دیکەی لۆژیکییە. ئایا منی خوێنەر بۆم گرنگە، کە فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، لیۆ تۆڵستۆی، گابریل گاریسیا مارکیز، نیکۆس کازانتزاکیس، ئێرنست هەمەنگوای، ئەلبێر کامۆ، فزانس کافکا و چەندان نووسەری تر، سەر بە چ ئایین و ئایدۆلۆژیایەک بوون تا لەوێوە بڕیار لەسەر تێکستەکانیان بدەم؟ ئەی بۆ لەگەڵ نووسەرێکی کورددا ئەوە بکەم؟ بێگومان ئەمەش تێنەگەیشتنە لە ئەلفوبێی نووسین و هونەری گێڕانەوە.
بۆ ئەوەی وردەکارییەکانی تێکست بپشکنین پێویستمان بە فڕێدانی چاویلکەی ئایینی و ئایدۆلۆژی و ناسیۆنالیستی هەیە. ئەوەی پێویستە بۆ بینینی ئەدەبیات ڕەچاوی بکەین مرۆڤخوازییە. هەر تێکستێک لە هەر شوێنێکی ئەم سەرزەمینە نووسرا بێت، ئەگەر خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤخوازی و ژینگەدۆستی کرد و ئاستێکی هونەریی بەرزی هەبوو تێکستێکی داهێنەرانەیە. بەڵام ئەو تێکستانە لە ڕوانگەیەکی تەسکی ئایینی و فاشیستی و ئایدۆلۆژییەوە لە مرۆڤەکان دەڕوانن و دژی پێکەوە ژیانن ئەگەر لە ڕووی هونەریی و تەکنیکیشەوە لە ئاستێکی بەرزدا بن تێکستگەلێکن شایستەی خوێندنەوە نین. بۆیە چەندە گرنگە وەرگر ئاگاداریی ئەو وردەکارییانە بێت، کە تێکست چی بەرهەم دەهێنێت و هاوکات هێندە گرنگە، کە بە هەڵە لەو ئایدیایانە تێ نەگات، کە تێکست دەکۆشێت بیانگەیەنێت بە خوێنەر، چونکە ئەگەر ئەو مەبەستانە، یان سەروتر لەو مەبەستانەی نووسەر بۆ دەکۆشێت نەگات بە خوێنەر قوربانی یەکەمی هەڵە تێگەیشتنی وەرگر ئەگەر لە نیگای یەکەمدا تێکست بێت، بەڵام لە واقیعدا نووسەرە.
خاڵێکی دیکە لێرەدا ئەوەیە ئەم بۆچوونە داخستنی دەرگای فرەلێکدانەوەی تێکست نییە، هەموو تێکستێکی داهێنەرانە ئەگەری ئەوەی هەیە بەشێوەی جیاواز ڕاڤە بکرێت و هەر تێکستێک ئیمکانی فرەڕاڤەیی تێدا نەبێت تێکستێکی سەرکەوتوو نییە، بەڵام هەڵە لێکدانەوەی وەرگر بابەتێکی جیاواز و سەربەخۆیە لە فرەڕاڤەیی و گرنگە لەم خاڵەشدا دیسانە تووشی هەڵە تێگەیشتن نەبین.