رۆژنامەی ھەولێر

هەڵمەتێك بۆ پاكڕاگرتنی هەناسە و سییەكانی كوردستان دەستی پێكرد

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

بە چاندنی هەزاران ناوکە بادام، قەزوان و بەڕوو، هەڵمەتی زاگرۆسانە لە سەرتانسەری هەرێمی كوردستاندا بەڕێوە چوو و یادی ڕۆژی جیهانیی شاخ كرایەوە.

لە بەشێكی زۆری شارە جیاوازەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، سلێمانی، دهۆك، هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ڕاپەڕین، گەرمیان و سۆران، هەڵمەتی زاگرۆسانە و گەشتی شاخەوانیی و ژینگەپارێزی بەڕێوەچوو.
محەمەد چاوشین لە فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان بە هەولێری گوت: هاوكات لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، شار و ناوچە جیاوازەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان لە باكور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستانیش هەڵمەتی زاگرۆسانە بەڕێوە چووە.
لەو هەڵمەتەدا كە شاخەوانان و ژینگەپارێزانی سەرجەم ناوچەكانی كوردستان بەشدارییان تێدا كرد، هەزاران ناوکە قەزوان، بادام و بەڕوو، بۆ خزمەتی ژینگەی كوردستان چێندران.
له ‌چوارچێوەی ئەم یادەدا، ڕۆژی هەینیی(12ی دیسەمبەری 2025)، ناوەندی هەولێر- فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، لەژێر چاودێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان و تۆڕی شاخەوانیی كوردستاندا‌، مەراسیمێكی شایستەی لە بناری چیای (سەفین)ی دەڤەری شەقڵاوەی ڕەنگین بەڕێوەبرد.
ئەم مەراسیمە، بە ئامادەبوونی سكرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، هێمن ئەمین مەنسوور، هەروەها بەرپرسانی باڵای فیدراسیۆن و دەیان گرووپی شاخەوانی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و بە بەشداری گرووپەكانی شاخەوانی لە كوردستان، ژینگەپارێزان و ئارەزوومەندانی ئەو بوارە، هەروەها بە بەشداری ڕاستەوخۆی بەرپرسانی باڵای حكوومەت لە قەزای شەقڵاوە، بەڕێوەچوو.
لەو مەراسیمەدا، سەرەتا (سوارە ئەكرەم)، قایممقامی قەزای شەقڵاوە، لەبەردەم شاخەواناندا وتەیەكی كورتی پیشكەش كرد كە وێڕای پیرۆزبایی سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی شاخ و هەڵمەتی چاندنی زاگرۆسانە، هاوكات هەموو چەشنە پشتیوانیی و پاڵپشتییەكی ئیدارەی حكوومەتی لە ناوچەكەدا بۆ شاخەوانان دووپات كردەوە و دەست خۆشیشی لەسەرجەم شاخەوانان و ژینگەپارێزان كرد كە بە گرنگییەوە لە ژینگە و سرووشت دەڕوانن.
دوای ئەوە، هێمن ئەمین، سكرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان ڕایگەیاند، وێڕای كاركردن بۆ بنیادنانی شاخەوانییەكی مۆدێرن و زانستیانە لە كوردستاندا، هاوكات پاراستنی ژینگەی كوردستان و پەرەپێدانی هۆشیاریی ژینگەیی لە سەربەند (ئەولەویات)ـی كارەكانی فیدراسیۆنی شاخەوانیدایە.
هێمن ئەمین، سكرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی ڕوونیشی كردەوە “ئەم ساڵ لەپێناوی ژینگەی كوردستاندا، هەڵمەتی زاگرۆسانەمان لە سەرتاسەری كوردستاندا ئەنجام دا، زاگرۆسانە بریتییە لە هەڵمەتێكی ژینگەپارێزیی هەرەوەزی، كە بە ئامانجی بووژاندنەوە و پاراستنی دارستانەكانی زنجیرەچیاكانی زاگرۆس، بە تایبەت داربەڕوو، ئەم هەڵمەتەیش لە یەك كاتدا سەرجەم كوردستانی گرتووەتە‌وه”.
ناوبراو جەختیشی كردەوە “چالاكییەكانی ئەم هەڵمەتە كە هەڵمەتێكی نیشتمانییە و جێی بایەخە، تەنها لە یەك ڕۆژدا كورت ناكەینەوە، بەڵكوو بەردەوام دەبێت”.
لە میانی وتەكەی خۆیدا، سكرتێری فیدراسیۆن باسی لە وەرگیرانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان كرد لە فیدراسیۆنی شاخەوانیی جیهانی (UIAA)ـدا و ڕایگەیاند، ئەوە دەستكەوتێكی مەزنە، خەونێكی لەمێژینەی هەموو شاخەوانانی كوردستان بوو، چونكە لێرەبەدواوە، دەرفەتێكی باشمان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی لە كۆڕ و كۆبوونەوە جیهانییەكاندا بەشداری بكەین و سەرنجی جیهانیان بە ئاراستەی شاخەكانی كوردستان ڕابكێشین.
هێمن ئەمین، سوپاسی سەرجەم شاخەوانان، گرووپەكانی شاخەوانیی، دەزگا حكوومییەكان، كەسایەتی و ڕێكخراوەكانی ژینگەپارێزیی كرد كە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە، لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستاندا، پیشوازییان لە هەڵمەتی چاندنی زاگرۆسانە و ڕۆژی جیهانیی شاخدا كردووە.
لە لایەنێكی تری مەراسیمەكەدا، “بێستوون ساڵح”، بەرپرسی بەشی چالاكییەكانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی، وتارێكی تایبەت بە هەڵمەتی زاگرۆسانەی خوێندەوە كە تیایدا ئامانجە سەرەكییەكانی ئەو هەڵمەتەی بۆ شاخەوانان ڕوون كردەوە.
لەدوای تەواوبوونی وتەكان، سەدان شاخەوانی ئامادەبووی مەراسیمەكە، هاوكات لەگەڵ ئازادكردنی چەند باڵندەیەكی كێوی و شكاندنی قەفەزەكانیان، بە چاندنی ناوکە بادام و بەڕوو لە بناری چیای سەفین، پەیمانی وەفادارییان بۆ ژینگەی كوردستان دووپات كردەوە و بەم چەشنەش ڕۆژی جیهانیی شاخ بەرز و بەڕێز ڕاگیرا.
بەشێكی تری مەراسیمەكە بریتی بوو لە كردنەوەی ڕێڕەوێكی شاخەوانیی بە ناوی شاخەوانی كۆچكردوو، مامۆستا (شاكر سابیر)، خەڵكی دەڤەری شاری هەولێر كە كارەكانی ئەم ڕێڕەوە شاخەوانییە لەلایەن (عەبدوڵا مەسیفی) شاخەوانەوە ئاماده كرابوو.
هاوكات لەگەڵ كردنەوەی ئەم ڕێڕەوە شاخەوانییەدا، ژیاننامەی شاخەوانیی كۆچكردوو (شاكر سابیر) خوێندرایەوە و دواتریش لەلایەن ماڵباتی ناوبراوەوە، سوپاس و پێزانین ئاراستەی شاخەوانانی ئامادەبووی مەراسیمەكە كرا.
بڕگەیەكی تری مەراسیمی ڕۆژی جیهانیی شاخ و هەڵمەتی چاندنی زاگرۆسانەی بناری چیای سەفین، بەخشینی سوپاسنامە و ڕێزلێنان بوو بە شاخەوان (حاجی بەشدار قەساب)، بەرپرسی بەشی دارایی لە ناوەندی هەولێر- فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان كە لەلایەن سكرتێری فیدراسیۆنەوە پێی بەخشرا. ئەم ڕێزلێنانەیش لەپای خزمەتە خۆبەخشەكانی ناوبراو بووە كە لەبواری شاخەوانییدا و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پیشكەش بە ڕەوتی شاخەوانیی و گرووپەكانی شاخەوانیی كردووە.
دواتریش شاخەوانانی ئامادەبووی ئەو مەراسیمە، بە لەبەرچاوگرتنی بنەماكانی شاخەوانیی و ژینگەپارێزیی، گەشتێكیان بەرەو (كەمپی جووتەدار)ی چیای سەفین كەوتنەڕێ كە لە ئێستادا پێشكەوتووترین كەمپی شاخەوانییە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستاندا. بەم شێوەیە، مەراسیمی ڕۆژی جیهانیی شاخ و هەڵمەتی چاندنی زاگرۆسانە كۆتایی هات.
ئەم مەراسیمە لەلایەن چەند ڕۆژنامەنووس و كەناڵێكی میدیایییەوە ڕووماڵ دەكرا و لێدوان لە شاخەوانان وەردەگیرا و مەراسیمەكە دۆكیۆمێنت دەكرا.
ئەگەرچی لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ١١ی دیسەمبەری هەموو ساڵێك بە ڕۆژی جیهانیی شاخ دیاری كراوە، بەڵام فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان ئەو مەراسیمەی ڕۆژێك پاش خست بۆ ڕۆژی هەینی 12ی دیسەمبەر. ئەوەش بەو هۆكارەی لە هەرێمی كوردستاندا ڕۆژانی هەینی پشوویە و بۆ ئەوەی زۆرترین شاخەوان، گرووپەكانی شاخەوانی و هەروەها سەرجەم ئارەزوومەندانی ئەو بوارە بەشداری لەو مەراسیمەدا بكەن.