رۆژنامەی ھەولێر

سێبەری دایک

سەردار عەبدولڕەحمان

 

دوای کۆتاییهاتنی پیشەکەی وەک خزمەتگوزاری شارەوانیی شارەکە، مام برایم دوانیوەڕۆیان بە خۆی و عارەبانەکەی دەستیەوە بە دڵێکی پڕ حەسرەتەوە ڕێگەی مەیدانی شاری دەگرتەبەر، بە چاوێکی پڕکەسەر و غەریبانەوە دەیڕوانیە ئەو ڕێبوارانەی شەقامەکانیان تەی دەکرد و، چاوەڕوانی کەسێکی دەکرد بارەکەی بۆ بار بکات؛ ڕۆژانە کەلوپەل و بایەعی بۆ خەڵک باردەکرد و لە کاتی بێکاریدا بۆ هاوڕێکانی دۆخی سیاسەتی شرۆڤە دەکرد، بەو بڕە پارەی ڕۆژانە دەستی دەکەوت ئێواران پێداویستی سادەی خواردنی بۆ ماڵەوە دەهێنایەوە، مناڵەکانی لە چاوەڕوانیدا تا سەری کۆڵانەکە بە دیاریەوە دەوەستان دەیخستنە سەر عەرەبانەکەی تا ماڵەوە و خۆشترین هەستی مناڵی بوو، چەند ئارەزوومان دەکرد ڕێگاکە درێژ بێتەوە و نەگەین بە ماڵەوە.
لە خانوویەکی سادەی دوو ژوور و هەیوانێکدا ئەژیان، بە چرایەکی بچووک شەوان دڵە گەورەکەی خۆیان ڕۆشن دەکرد، ئامینەخانی خێزانی لەگەڵ کچە گەورەکەی ماڵ شەونم کە دەمێک بوو وازی لە خوێندن هێنابوو؛ تا پۆلی سێی سەرەتایی خوێندبووی؛ بە کرێ نانیان بۆ دراوسێی گەڕەک دەکرد، تەنانەت جارێک لە مردن ڕزگاریان بوو دوای تەقینی پەرەمێزی نانکردنەکە. مناڵەکانی دوای دەوامی قوتابخانە خەریکی کاری فرۆشتنی سەموون و چلوورە و گوڵەبەرۆژە و پاقلەی کوڵاو بوون، ئێوارانیش لەگەڵ هاوڕێکانیان لە یاریگەی خۆڵاوی و پڕ تەپوتۆزدا شەقیان لە خەمی ڕۆژگار هەڵدەدا.
هاوینان پێکەوە مام برایم و مناڵەکانی بە دوای دەڕاسە دەکەوتن بۆ کۆکردنەوەی گوڵە گەنم، ئەو کات ژیان سەخت بوو و گەمارۆیەکی توندی ئابووری خرابووە سەر هەرێمی کوردستان و خێزانەکان لە ژیانێکی کولەمەرگیدا دەژیان، خەڵکی بۆ خۆگەرمکردنەوە پشتیان بە تەپاڵە (پاشماوەی وشکبووی ئاژەڵ) دەبەست، پیاوانی گەڕەک و مزگەوت زەکات و سەرفترەیان دەدا بە مام برایم و هاوکارییان دەکرد. ڕۆژگار تێپەڕی و مناڵەکانی مام برایم سەرەڕای کار و پیشەی قورس و جۆراوجۆر، بەردەوام بوون لە خوێندن، تا وای لێ هات دۆخی ئابووریی خێزانەکە جێگیرتر دەبوو؛ شکۆ، کوڕە گەورەکەیان لە گوندێکی دوورەدەستی سەر سنووری عێراق و ئێران، دامەزرا و بوو بە مامۆستا.
ئاری و ئاسۆ دوو کوڕی تری مام برایم بەیانیان زوو خەریکی فرۆشتنی سەموون بوون بە عارەبانە کۆڵان بە کۆڵان شارەکەیان دەپێوا، دواتر بە خێرایی دەهاتنە ماڵەوە و خۆیان دەگۆڕیی و بە پێ، چەند کیلۆمەترێک هەنگاویان دەهاویشت تا دەگەیشتنە خوێندنگەی ئامادەیی شارەکە، ئەمە وەک شانۆیەک هەمیشە دووبارە دەبۆوە بێ هیچ گۆڕانکارییەک، پاش زەمەنێک مناڵەکان هەریەکە خوێندنی تەواو کرد لە یەکێک لە ناوەندەکانی خوێندن بوون بە مامۆستا و گوزەرانیان تەواو گۆڕا؛ لە وەرزێکی زستانی بێئاگادا مام برایم دوای گەڕانەوەی لە نوێژی بەیانی کۆچی دوایی کرد و برینی خەمەکانی بۆ مناڵەکانی زیاتر بەسوێ کرد، کوڕەکانی خانووە کۆنەکەی باوکیان فرۆشت و چوون بۆ گەڕەکێکی تری شارەکە، بۆ ئەوەی خەڵکی بە چاوی جاران تێیان نەڕوانێت و ئێستا مامۆستان و پێشتر هەژارنشینێکی داماو بوون.
ئامینە خانی دایکیان، کەمێک دەشەلی؛ لە زگماگ وابوو، هەمیشە هانی مناڵەکانی دەدا کە بخوێنن و وەک باوکیان کاری عارەبانەگێڕی نەکەن، ئاسۆ دوای پیشەی مامۆستایەتی خەریکی نووسین و خوێندنەوە و بابەتی ڕۆژنامەوانی بوو لە شارەکە، چەندین سیمیناری گرنگی هۆشیاری بۆ ناوەندەکان و ڕێکخراوەکان ساز دەکرد و ژیانی خۆی دەکردە سڵایدی بابەتەکان، هەژاریەکەی باوکیان هەمیشە وەک سێبەرێک لە چاوی خەڵکی شارەکە دەبینی، ئەوەی کوڕەکانی مام برایمی ئاسوودە دەکرد ئەو کاتە بوو کە دایک و باوکی خوێندکارەکان دەهاتن بۆ ئیدارەی خوێندنگە، ئاری و ئاسۆیان دەناسییەوە چونکە هاوڕێی کوڕەکانیان بووین لە گەڕەک، هەمیشە دایبابان کۆشش و ماندووبوونی ئاری و ئاسۆیان بەهەند وەردەگرت، کەوا بووین بە مامۆستا و خزمەت بە نەوەکانی ئێستای ئەوان دەکەین، پێیان ڕادەگەیاندین لە ماڵەوە چیرۆکی کۆڵنەدانی ئێوە بۆ مناڵەکانمان دەگێڕینەوە، کە چۆن قورسی و دەستاڕی زەمانە بەم دۆخەی گەیاندوون و ئەم کەسایەتییەی ئێسای شاریان لێ بەرهەم هاتووە.
م. ئاری هەمیشە لە وانەکانیدا ئەزموونی سەختی کۆڵنەدانی خۆی بۆ قوتابیەكان دەگێڕایەوە کە چۆن لە ماڵێکی هەژاری خێزان زۆری قەرەباڵغی بێ جێگە و شوێن کۆششی خۆی کردووە و قۆناغەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی بڕیوە و، لە دەشتودەر و مزگەوت و خانووی هەیکەلی تەواونەکراو کۆشش و سەعی کردووە و خۆی پێگەیاندووە، هەمیشە بە گوێی خوێندکارەکانیدا دەدا کە سەختیی ژیان نابێتە بەربەستی ئامانج و خەونی جوان و بەبەها.
دەویست لەم ڕێگەیەوە وەک مۆمێک ڕووناکی بۆ خوێندکارەکانی پەخش بکات و بیانهێنێتە سەر ڕێگەی ڕاستەشەقامی ژیان.
ئامینەخانی دایکیان سەربەرز بوو کەوا مناڵەکانی بەری خوێندنیان چنییەوە و خزمەت بە بزاڤی ڕۆشنبیری و پەروەردەی نەوەی شارەکە دەکەن، جاران بۆ ناونیشانی ماڵەکەیان خەڵکی ئاماژەی بە ماڵی مام برایم حەمباڵ دەکرد، ئێستا دڵخۆشە کاتێک دەڵێن ماڵێ مامۆستاکان لەم سەری کۆڵانەیە، ئێستا کوڕەکانی کە جاران خەڵک خێر و زەکاتیانی پێ ئەدا بە دوای خەڵکی داماو هەژاردا دەگەڕێن هاوکارییان بکەن و هاوکێشەکەی ژیان پێچەوانە بکەنەوە.
دوای کۆچی دوایی ئامینەخان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخی کچ و کوڕەکانی لە ڕووی دەروونی بە تەواوی شێوا، چونکە دایکیان جێگەی باوکە کۆچکردووەکەی بۆ گرتبوونەوە، شەوانە بە درەنگەوە، م. ئاری خەبەری دەبۆوە بە گریانی خوشکەکانی کاتێک دۆڵابی جلەکانی دایکیان دەکردەوە و بۆنیان دەکرد، ئای چ دیمەنێکی بەئازارە، بەڵام مرۆڤ دەبێت سوپاسگوزاری بڕیارەکانی خوای گەورە بێت و نزا بکات سەبووری بدرێت، ئێستا لەگەڵ هەموو هەنگاوێکدا ئامینەخان وەک سێبەر و تارماییەک بە شوێن هەنگاوەکانی مناڵەکانیدا دەکەوێت، خەڵکی ڕەحمەت دەنێرێت کە چ نەوەیەکی بۆ نیشتمان پەروەرودە کردووە.
ئێمە نازانین توندەبای قەدەر بەرەو چ هەوارێک ڕەشماڵی ژینمان هەڵئەدات، دەڵێن: ئەو ئازارەی مرۆڤ نەکوژێت بەهێزی دەکات.