ئارام کۆشکی – هەولێر
یەکێک لە کێشەکانی نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی کێشە چەمکسازیی و ئاڵۆزکاندنی چەمکەکانە بە یەکترییەوە. بەشێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران بۆئەوەی مەعریفەی خۆیان ئەستوور پیشان بدەن دەست بە چەمکبازی دەکەن و بە لێشاو چەمک هەڵدەڕێژن بەبێ ئەوەی بەشی هەرە زۆریان پێویستی وتارەکە بن. ئەمە بێجگە لەوەی زۆرێک لەم چەمکانە هاوواتای کوردییان هەیە و نووسەر دەتوانێت کوردییەکەی بەکار بهێنێت، بەڵام دەپرسین بۆچی نووسەران و ڕۆشنبیران دەستبەرداری ئەم چەمکبازییە نابن؟
لەم هەفتەیەدا چەند وتارێکی ئەدەبی چەند نووسەرێکی جیاوازم لە چەند سایتێکی ئەدەبی و خوێندنەوە، کە ڕانان بوون بۆ ڕۆمان و چەند چەمکێکی ئەدەبی، بەڵام زمانی کوردی ئەو وتارانە بەشێوەیەک بوون، کە هیچ لێیان حاڵی نەبووم! ڕاستی من هەمیشە کاتێک لە وتارێک، یان توێژینەوەیەک، یاخود کتێبێک تێناگەم سەرەتا گومان لە مەعریفەی خۆم دەکەم، بۆیە هەمان ئەو وتارانەم نارد بۆ چەند برادەرێکی خوێندەوارم، کە ساڵانێکە زۆرتر لە پێشمنەوە لەنێو کایەی ڕۆشنبیرییدان و خوێنەرێکی جیدین، بەڵام ئەوانیش هەمان گرفتی تێگەیشتنیان هەبوو لەو وتارانە. لێرەدا کەوتمە بیری ئەوەی کە بۆچی بەشێکی زۆر لە نووسەران گیرۆدەی ئاڵۆزکاندن بوون؟ لە مانگی ڕابردوودا وتارێکم سەبارەت بە ڕۆمانی ئاڵۆز و ئاڵۆزکاو نووسی و لەوێدا هەندێک لەسەر ئەم دوو چەمکە دوام، بەڵام لێرەدا ڕووبەڕووی هەمان گرفتین لە نووسینی وتاری نووسەراندا.
بەشێک لە نووسەران هێندە لە خۆڕابینن خۆیان چەمک دادەتاشن، بەبێ ئەوەی ئەم چەمکە بۆ زمانی کوردی هەڵگریی ئیستاتیکای دەربڕین بێت بۆ نموونە نووسەرێک لەبری “شاعیری بیرکەرەوە” نووسیویەتی “شاعیرە هزرڤانەکان” ئەم دەربڕینە هەڵە نییە، بەڵام قورسکردنی ئەرکی خوێندنەوە و قەبە پیشاندانی دەربڕینە، کە پێویست نییە.
ئەمەش نموونەیەکە لە وتارێکی نوێ کە نووسەر چەمکەکانی ئاڵۆزکاندووە:
“ڕۆمانی (……) دەرخەری پاشکۆیەکی سیمپتۆماتیکە کە لە جومگە و جەمسەری ڕێئاڵ و ژوویسانسدا خەریکی خۆخەریککردنە بە بنیاتنانی دۆخ دە بەستێنێکی سیمپتۆماتیکدا و هاوکات خەریکی نیشاندانی سیمپتۆمیشە دە کوللییەتێکدا کە هاوکاتی و هاوزەمانییەکی نێوان زەینی(تکینگی) مردەوەژی دەکاتەوە بێ ئەوەی تووشی ئالەنگاری ئاناکڕۆنیسزم بێ. بۆیە وا دەردەکەوێ کە سیمپتۆم دە ڕۆمانی (…….)دا، ناوبژی بناس و بەرناسە. واتە سووژە و ئۆبژە. سۆبێکتی مەیل تەنیا بە شێوەیەکی درزتێنەخراو بوونی هەیە.”
ئەمەی سەرەوە نموونەیەکە لە وتارێکی بارکراو بە چەمک بەبێ ئەوەی مانای هەبێت؟ نووسەری ئەم وتارە، کە وەکو خۆی لە پەراوێزی ناونیشاندا نووسیویەتی “خوێندنەوەیەکی بە پرتاوی نێوانبواری”، دەکرێت لێرەدا بپرسین ئەرک نەبێت بۆچی بەپڕتاو نووسیوتە؟ نووسین کارێکی بەپەلە نییە. نووسین پڕۆژەیەکی دوورمەودایە و بیرکردنەوە و ڕامانی نووسەر بۆ هەمیشەیی نەمر دەکات. من لە وتارەکاندا کاتێک دەنووسم “چەند سەرنجێکی کورت” بە مەبەستەوە ئەوە دەنووسم، چونکە بواری ڕۆژنامە بەرئاوەڵا نییە بۆ “درێژنووسی” و دەربڕینی سەرنجی تەواوەتی لەسەر بابەتێک و بیرکردنەوە لە هەموو ڕەهەندەکانی ئەو بابەتەی دەمانەوێت لەبارەیەوە بدوێین. بەڵام لەو پەرەگرافەی سەرەوەدا ئێمە لێرەدا لەبەردەم نووسەرێکداین، کە “بەپەلەبڕوزێ” دەستی بە نووسینی ئەو وتارە کردووە و بە پڕتاو چەمکەکانی بۆ هەڵڕشتووین، دەنا پێکەوە هیچ مانایەکیان نییە.
نووسین هونەری بیرکردنەوە و ڕامان و قووڵبوونەوەیە لەو بابەت و ئایدیا و چەمکانەی نووسەر دەیەوێت لەبارەیانەوە بنووسێت. ڕاستە هەندێک دۆخ هەیە پێویستی بەوەیە بەشێوەیەکی خێرا بۆچوونێک دەربڕین، بەڵام وتارێکی ئەدەبی لەبارەی ڕۆمانێکەوە پێویستی بە نووسینێکی “بەپڕتاو” نییە، بەڵکو پێویستی بە سەرنجێکی کورت/درێژی پێگەیشتوو هەیە. نووسینی وتار هونەری ڕووننووسی و دژە ئاڵۆزی و ئاڵۆزکاوییە. بەڵام ئەم نووسەرە و (بێگومان ناوهێنانی بە پێویست نازانم، چونکە دیاردەکە گشتییە) بەشێک لە نووسەرانی کورد ئاڵۆزکاو دەنووسن، لەبەرئەوەی بۆخۆیشیان ڕوون نییە لەبارەی چییەوە دەنووسن؟ کاتێکیش بابەتێک بۆ کەسێک ڕوون نەبێت و لەبارەیەوە بنووسێت بێجگە لە بەرهەمهێنانی “مینگە مینگ” هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێت.
نووسین هونەری هەڵڕشتنی چەمک نییە، بەڵکو هونەری بەکارهێنانی چەمکە بۆ بیرکردنەوە و ڕامان لەو بابەتانەی دەمانەوێت تا بەقووڵایی بابەتەکەدا ڕۆبچین و دیوە پەنهانەکانی پیشان بدەین. هاوکات نووسین مەیدانی نمایشی مەعریفیش نییە وەکو ئەوەی زۆرێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران لە ڕێگەی چەمکبازییەوە دەیکەن، بەڵکو نووسین هونەری بەرهەمهێنان و هزریینە لەنێو چەمک و ئەو بابەتانەی تێیدا دەنووسین و بیر دەکەینەوە.

