رۆژنامەی ھەولێر

مرۆڤبوون

یەڵدا هەرکی

مرۆڤبوون
هەڵەی لێکدانەوەیە
لە خشتەی خلقەتدا

ئێمەی دووپێی خەڵەفاو و خۆپەرەست
لە ڕەگەزی ئەندیشە
لە مەدارێکی وێرانی
ئەقڵمان ماچ کرد و
گەیشتین بە جەنگ

دەسەڵات
ئاوێنەیەکە
کە وێنەی ئێمە
دوو چرکە درەنگتر پیشان دەداتەوە
ئەم دوو چرکەیە
هەموو ڕاستیی مرۆڤە
مەودای نێوان ئەوەی هەین و
ئەوەی پێمان وایە هەین

سیاسەت
شتێکە وەک سازێکی ناکۆک
هەر کەس
بۆ ڕزگارکردنی خۆی
بە وردی ئەو ژێیە ڕادەکێشێت
کە ئەویتر دەبڕێت
مرۆڤ
ئەگەر وێنایەکی هەیە
بێگومان ئێمە
لە پەراوێزیدا وەستاوین
بەرازی چڵکن
گوێدرێژی نەزان
سەگی پیس
بەڵام بیرمان چووە
ئەوەی لە خۆمان دوورمان خستۆتەوە
مرۆڤێک بوو
کە هێشتا شێوەی نەگرتبوو

ئەوە
تاڵترین هەقیقەتی خلقەتە
ئێمە
تاکە بوونەوەرێکین
کە بوونمان
لە جوانی کەم دەکاتەوە

جیهان
بە بوونی ئەو بوونەوەرانەوە
جوانترە
کە مرۆڤ نینە.