رۆژنامەی ھەولێر

زمان لە توێژینەوە زانستی و ئەکادیمییەکاندا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

زمان بەتەنها فاکتەری گەیاندن نییە، بەڵکو پێناسەی ئەو کەسەش دەکات، کە بەکاری دەهێنێت، واتە وەکو جۆرێک لە ناسنامەی بەکاربەرەکەی دەردەکەوێت. زمان لەگەڵ ئەوەی هۆکاری دەربڕینە، هاوکات هۆکارێکی گرنگە بۆ ئەوەی پێگەی ئەو کەسەش بناسین لە چ پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و کەسیی و ئەکادیمیدایە. بێگومان هەموو ئەمانە پێگە و بایەخی زمان دیاری دەکەن، بەڵام ئایا هەموان لەم پێگە و بایەخەی زمان ئاگادارن؟ ئایا هەموان دەتوانن ئەو بەهایە بە زمان بدەن، کە پێویستە لە دۆخە جیاوازەکاندا پێی بدرێت و ئەو وشە دەستەواژانە بەکاربهێنن، کە لە پێگەی خۆیاندا پێویستە بەکار بهێنرێن؟

یەکێک لە کێشەکانی بەشێکی زۆر لە نووسەران و ئەکادیمیستەکانی کورد ئەوەیە کاتێک دەنووسن، ئاگاداری پێگەی زمان و ئەو دۆخە نین، کە ئەوان تێیدان. واتە زمان بەپێی ئەو دۆخ و هەلومەرجە بەکارناهێنن، کە دەیخوازێت. بۆ نموونە لەنێو ناوەندە ئەکادیمییەکاندا تا ئێستاش زمان بەپێی ئەو پاشخانە فەللاحی و خێڵگەرییە بەکار دەهێنرێن، کە نەوەکانی پێشوو بەکاریان هێناوە، نەک بەپێی ئەو چوارچێوە ئەکادیمییەی کە ناوەندێکی زانستی وەکو زانکۆ دەیخوازێت.
هەفتەی پێشوو کتێبێکی مامۆستایەکی زانکۆ و ئەکادیمیستێکم خوێندەوە، کە چەند توێژینەوەیەکی ئەدەبی تێدا بوو، لەنێو ئەو توێژینەوانەدا، کە نووسەر پەیڕەوی هەموو مەرجە زانستییەکانی کردووە، بەڵام بەزمانێکی کۆڵەواری فەللاحی بەشێک لە گوزارشتەکانی داڕشتبوو، کە نەگونجاو بوو بۆ نێو بەستێنی ئەو کتێب و بابەتە ئەکادیمیانەی کە نووسەر بانگەشەی بۆ دەکرد. بۆ نموونە ڕستەی “هەردوو فەیلەسووفی هاوچەرخ (ڕۆلان بارت و ئیمبێرتۆ ئیکۆ) زیاتر شەن و کەوی چەمکی سیمۆلۆژیایان کردووە و بە دیدی نوێ و خوێندنەوەی وردتر و جیاوازتر…” کاتێک لەو توێژینەوە ئەکادیمییەدا گەیشتە ئەو ڕستەیە هەستم کرد ڕۆلان بارت و ئیمبێرتۆ ئیکۆ یەکی ئامێرێکی شەنکردنیان پێیە و لەبەردەم خەرمانێکدان بە مەبەستی شەنکردن، یان لە شەنکردنی سیمۆلۆژیا تەواو بوون! بێگومان ئەمە یەکێکە لە بەکاربردنە هەڵەکانی زمان لەنێو توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا و ناکرێت ناوەندە ئەکادیمییەکان ڕێگە بەم جۆرە گوزارشتە فەلاحییانە بدەن، کە زیاتر وێنەیەکی کۆمیدی دەبەخشێتە توێژینەوە ئەکادیمییەکان نەک ببێتە پاڵپشتێکی زانستی و میتۆدی بۆ توێژینەوەکە.
هاوکات دوکتۆرێکی دیکە بواری ئەدەبیات لە توێژینەوەیەکدا سەبارەت بە نالی لە پێشەکییەکەیدا بە زمانێکی فەللاحی دەنووسێت “ئەم کتێبەش لە ڕوانگە و تیۆری شیعر لای نالی شەن و کەو بکات و چوارچێوەیەگی بۆ دابنێت.”
بێگومان تەنها ئەم دوو نموونەیە نین ئەو ئەکادیمیستانەی کە بە پاشخانێکی وشەی فەلاحی و خێڵگەرییەوە توێژینەوەی ئەدەبی و ئەکادیمی دەنووسن، بەڵکو ژمارەیان گەلێک زۆرە، من بۆیە ناوی ئەم دوو بەڕێزەشم لێرەدا نەنووسی، چونکە ئەمە تەنها حاڵەت نییە، بەڵکو دیاردەیەکی بەربڵاوی بەکاربردنی هەڵەی زمانی کوردییە لەناوەندە ئەکادیمییەکان و تەنانەت لەنێو نووسەران و ڕۆشنبیرانیشدا و کە ئامانجی منیش ئاگادارکردنەوە و هەڵوەستە لەسەرکردنی ئەو بابەتەیە، نەک شکاندنی شەخسی ئەو بەڕێزانە.
کاتێک لەپاشخانی نەستەکی هەر تاکێکی کورد ورد دەبینەوە، ئەوە هەست پێ دەکەین، کە لەنێو ئەو پاشخانە نەستەکییەی ئێمەدا بەدەیان و سەدان وشەی فەللاحی و لۆکاڵی تێدایە، کە ئەم وشانە زۆرجار لەڕێگەی نەستەوە دەڕژێنە نێو بیرکردنەوە و نووسینمانەوە، بەڵام نووسەر تەنها پشت بە هەڵڕژانی وشە نەستییەکان نابەستێنت و لەنێو توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا، نەستەکیانە بیر ناکاتەوە، بەڵکو پشت بەو وشە نوێیانە دەبەستێت، کە ئەو بەستێن و بابەتە لێی دەخوازێت. لێرەوەیە دەتوانین بڵێین زمان تەنها بریتی نییە لە ڕیزکردنی وشە و گەیاندنی مانا، بەڵکو زمان پێویستی بە ناوکۆییسازی و بەرهەمهێنانی جوانیناسی زمانیی هەیە. زمان تەنها هەڵڕشتنی نەست نییە، بەڵکو کارکردنە لەو جیهانە نوێیەی کە دەمانەوێت تێیدا بنووسن، بێگومان سوود لە پاشخانە نەستەکییە وشەییەکانیش وەردەگرین، بەڵام بەپێی پێویستی و ناوکۆیی ئەو بابەتەی لەبارەیەوە دەنووسین.
یەکێک لەو گوزارشتە زۆر بەربڵاوانەی فەیلەسوفی ئەڵمانی “مارتن هایدیگەر” ئەوەیە کە دەڵێت “زمان ماڵی بوونە.” ئەگەر بە وریاییەوە زمان بەکار نەهێنین ئەو ماڵەی لەنێو بوونەکەماندا دروستی دەکەین ماڵێکی تەواو نییە. بۆیە بەکارهێنانی زمان تەنها لە یەک ئاستی وەکو ڕێنووس و خاڵبەندییەوە وشیاریی ناوێت، بەڵکو پێویستی بە وشیارییە لە هەموو ئاستەکاندا.