رۆژنامەی ھەولێر

زەمڕووت

شەهلا نووری – هۆڵەندا

 

لە ئەسرینی شەوم پرسی ئەوە ڕووناکی کێیە؟!
لەبەر دیدەم
دێ و دەڕوا و
جەزبی دڵ دەکا…
هەوڵم دەدا
چاویلکەکەم خاوێن بکەم،
سڕیمەوە و لەچاوم کرد
خۆم بینی
کە تیشکی ماهی تابانە لە تەک تاریکی دڵ دەسڕم
بەر چاو لێڵ بوو!
نەردی خەیاڵ
بوو بە چەندین
سەبەتەی دەستم لێ گوم ڕەنگ بوو
میوەکان زەرد دەهاتن،
لالەی خامۆش ئاڵۆز شێواو
نەخشی گزنگ، پەرشوبڵاو
لە ئامێزدا سێبەرێکی
مردوو و زیندوو
دەهات و ون دەبوو
گەڵاو گوڵی ناو گوڵدان
دەخەنێنن
زۆر بەکەیف هەڵدەپەڕین
پڕ باوەڕم
کە نازی نیگاری یارە
بەزمی هەستی لەبەر چاودا
تروکە تروکی نێو ساباتە…
وا دووبارە
لێو بەخەندان،
شەکەرگریان
عەنبەر ئەفشانی زیبا ڕوو،
زوو لەبەر چاو ڕەت دەبوو
لەو لێوارە
نەرم نەرم ڕادەژەنرێ
لەسەر درزی ئاوێنەی
خاک ڕەشی بێ ئەسەر
دیسانەوە
بەلەنگ و لوار
دەهات، دەچوو
بڵیسەی سەوز و موناجاتی ئیشق
لەچاوی زەمڕووت
وردە وردە دەبرد
تا تەرزی چاوی
سەوز و
درەخشانەوەی باخی بوو
بە گەوهەری شەو چرا پازارە