رۆژنامەی ھەولێر

مـــــــــــــەرگ چیرۆکێكی دووبارەنەبووەوە

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

گوتی: “ئەم جیهانە شایانی ژیان نییە.”
گوتم: “باشە، كەوابێت جیهانی خۆت بگۆڕە!”
پرسیی: “بەڕاستی؟! چۆن؟”

پرسیارێکی قورسە. بەڕاستی چۆن دەکرێت جیهانی کەسێک بگۆڕدرێت؟ ئەم جیهانە، جیهانێکی دیاردەناسانەیە، واتە جیهان هەر بەو شێوەیەی کە بۆ من خۆی دەردەخات. ئەم جۆرە جیهانە، پەیوەندی بە باری تێگەیشتن و هۆشیاریی منیشەوە هەیە. کەواتە ئەگەر تێگەیشتن و هۆشیاریی خۆم بگۆڕم، جیهانەکەشم دەگۆڕدرێت. بۆ گۆڕینی جیهان، دەکرێت مرۆڤ خۆی بگۆڕێت، بەڵام ئەم پرسە تەنانەت ئەگەر کاری کەسەكە ڕوونتر و ئاشکراتر بکات، لە بەرانبەردا ئاسانتر و ساناتری ناکات. کارەکە کارێکی قورسە. مرۆڤ چۆن لە ئەساسدا دەگۆڕدرێت؟ هەندێک جار ڕووداوێکی بەهێز و قووڵ مرۆڤ سەروبن دەکات، وەک شکستێکی گەورە و تێكشكنێەر، وەک شکستی خۆشەویستی یان ڕووخانی خەونێکی گەورە.
بەڵام ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت ئینقیلابیانە نەبێت، بەڵكو هێواش هێواش بێت. بە تێپەڕینی کات، بە درێژایی چەندین ساڵ، تێگەیشتنی مرۆڤ بەرە بەرە زیاتر و قووڵتر دەبێتەوە و دەگاتە پێگەیشتن و كامڵبوون و خۆی دەكێشێتە نێو چین و توێژەكانی ژێرەوەی شتەکان.
مرۆڤ هێواش هێواش تێدەگات کە نەخێر، جیهان بە شێوەیەکی ترە و لە هەڵبەز و دابەز و هەڵەشەیی سەردەمی خامی و كامڵنەبوون دەکەوێت و دواتر جێ دەگرێت. هەندێک جار ئەم دوو ڕێگایە وەسەر یەکتری دەکەونەوە و ڕێگەكە کورت دەبێتەوە. هەندێک جاریش ئەم دوو ڕێگەیە لە خاڵێکدا پێک دەگەن و بەبێ هیچ ڕووداوێکی گەورە، دەرك و هۆشیاریی مرۆڤ وا دەكەن خێراتر قۆناغەکان تێپەڕێنێت. ئەو خاڵی تێکەڵبوون و یەكگرتنەوەیە دەتوانێت بیرۆکەیەک بێت، بیرۆکەیەکی قووڵ. بۆ نموونە، مەرگ، بیرکردنەوە لە مەرگ، ئاگابوون لە مردن.
ئەگەر مرۆڤ بتوانێت پرسی مردن هەرس بکات و لە مێشکیدا جێی بخات، دەگاتە پێگەیشتنێکی قووڵ و كامڵبوونێكی باش. ئەمەش پێویستی بە پارەیەكی زۆر و کات و ئازار و ڕەنج و ئەو شتانە نییە. بە خۆڕایی، حیكمەت و دانایی بەدەست دەهێنێت. دەركی نێزیکبوون لە مردن، هەموو ئەو پێكەوەبەستووییە زیاد و زۆرانەی كەسەكە لەگەڵ جیهان و کەسانی تر و کاروباری سادە و لەمۆدكەوتوو دەپسێنێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ بوونی تاکگەرایانە و ژیانی وجوودی خۆی (ئیگزیستانسیالیستیانە).
بێگومان لەم بارەیەوە کەم نەگوتراوە و کەمیش نەنووسراوە. لەم ڕووەوە، کتێبێکی نوێ لەبارەی مەرگی ئاسایی، ئەم پرسیارە لە مێشکی خوێنەر دروست دەكات، کە ئاخۆ چ قسەیەکی نوێی هەیە كە تا ئێستا کەسانی دیكە لەم بارەوە نەیانگوتووە؟!
بابەتگەلێكی زۆر لەسەر مەرگ هەن و واتا و مانایەكی بێهەژماریش لێوەی سەرچاوەی گرتووە. لەم ڕووەوە، دەكرێت زۆری لەسەر بگوترێت و بنووسرێت. ئەو کتێبانەی كە ناوونیشانی “مەرگ”ـیشیان لەسەرە، بە گشتی دەیانەوێت تەماشایەكی ئەم بۆچوون و ڕوانگانە بكەن و هەر لەبەر ئەمەشە فۆڕمێكی ڕاپۆرتئاسا لە تیۆرییەکان بەخۆیانەوە دەگرن، بەڵام نووسەری ئەم کتێبی مەرگ (Death) بنەمایەکی دیاریکراوی هەیە و هەر لەو شوێنەشەوە باسەکانی کتێبەکەی خۆی دەباتە پێشەوە.
لە ڕوانگەی (جێفری سكار)ەوە، بە ئەگەری زۆر، مەرگ کۆتایی بوونی مرۆڤە. بوونی مرۆڤ بە مردن کۆتایی دێت. پاشان، لەسەر هەمان بنەما، دەیهەوێت لەو مردنە کە وەها کۆتاییەكی تراژیكە، بگات و گرنگتر لەوەش هۆكارە گرنگەكانی بۆ ژیان بخاتە ڕوو.
بەڵێ، دوائامانجی کتێبی (مەرگ)، ژیانە. واتە، پرسەكە ئەوەیە ئاخۆ قووڵبیرکردنەوە لەسەر مەرگ چ وانەیەكمان لەسەر ژیان فێر دەكات؟ بە بڕوای هەندێک لە فەیلەسوفان، ژیان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگدا، واتا و مەبەستێكی دەوڵەمەندتر بە خۆیەوە دەگرێت، چونکە مەرگ هەرگیز جۆرێک لە ئەزموونی ژیانی مرۆڤ نییە، بەڵکو تەنها دەتوانێت ئاسۆیەک بێت بۆی. هەر لەبەر ئەمەش، تێگەیشتن لە مەرگ هەرگیز کۆتایی نایێت، تەنانەت ئەگەر بێکۆتا بیریشی لێ بکەینەوە.
نووسەر ئەو بۆچوون و دیدگایە (بە ئەگەری زۆر، مەرگ کۆتایی بوونی مرۆڤایەتییە) وەک بەنی تەزبێحێك دەشووبهێنێت كە هەموو باسەکان وەك دەنكە تەزبێح پێوەی كراون و هەڵیاندەسووڕێنێنت. ئەم وردبوونەوەیە بووەتە هۆی ئەوەی باسەکان لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە ورد و هۆكاردار بن. نووسەر هەر بانگەشەیەك بە وردی شی دەكاتەوە و هۆكار و دژەهۆكارەكانی ڕوون دەکاتەوە.
نووسەر، ئەو بانگەشەیە لە پاژی یەکەمی كتێبەكەدا، واتە “ماهیەتی مەرگ”، بنیات دەنێت. هەر لەم پاژەدا، پێناسەی مەرگ، دیدی کەسی یەکەم و سێیەم لەسەر مەرگ و ڕەهەندە كۆمەڵایەتییەكەش دەكات. لە ناوونیشانی پاژی دووەمی كتێبەكەدا واتە “دیدە وجوودییەكان”، زۆر ڕوون و ئاشكرا نووسەر جۆرەها تیۆریی وجوودی لەسەر مەرگ تاوتوێ دەكات، زیاتر لە هەمووش گرنگی بە خستنەڕوو و ڕەخنەی بیرۆکەکانی مارتین هایدێگەر و کارۆل یاسپێرس دەدات.
پاژی دواتر، “ژیانی درێژ، ژیانی کورت”، تەرخان کراوە بۆ کۆتاییهاتن و سنوورداریی ژیانی مرۆڤایەتی. لە پاژی چوارەمدا، “ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگ”، نووسەر خۆی دەداتە قەرەی ئەو کارە جیاوازانەی كاتێك مرۆڤ ڕووبەڕووی مەرگی خۆی دەبێتەوە واتە ترس، بوێری، چاکە و حیكمەت. نووسەر لە پاژی “خراپەی مەرگ” دەچێتە زگ خێر و شەڕی مەرگ بۆ زیندووەكان.
لە پاژی دواتر، “بەرژەوەندیی مردووان»، خێر و شەڕی مەرگ بۆ مردووان تاوتوێ دەكات. پاژی کۆتاییش، “چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ مردووان”، ئەم پرسە تاوتوێ دەكات کە سەبارەت بەو مرۆڤانەی مردوون، چ بكەین؟ لەگەڵ یادەوەری و جەستەیان و .. پشتی سەریان چ بڵێین و چ بکەین؟
نووسەر لەمەڕ خاڵەکانی هەر پاژێكی كتێبەكە، ڕامان و وردبوونەوەی زۆر و جیاوازی هەیە کە هەموویانی لە بەشی کۆتایی کتێبەکە، واتە پاژی (یادداشتەكان)، کۆ کردووەتەوە. لە ئەنجامدا، یادداشتەكانی پەیوەست بە هەر پاژێک، سەرباری ئاماژە باشەکان، خاڵی سەرنجڕاکێش و فێرکەریان تێدایە کە ژمارەشیان کەم نییە. مەرگ، بابەتێکی هێندە گرنگە کە تەنانەت خاڵێکی سادەش لەسەری دەكرێت زۆر گرنگ و فێرکەرانە بێت.
با دووبارە بگەڕێینەوە بۆ پرسی ئەهەمیەتی مەرگ.
مرۆڤ لە شوێنێک بە دواوە، لە زەمەنێك بە دواوە، دەبێت مەرگ بە جدی وەربگرێت، زۆریش جدی. بەو مانایەی کە گرنگترین بابەتی ژیانی دەبێت مەرگ و مردن بێت. بێگومان مەرگی تایبەتی خۆی. بۆ نموونە كەسێك كە تەمەنی شەست ساڵە و ئیتر كەوتووەتە لێژایی ژیانی، ئەگەر ئەو مردنە نێزیكەی خۆی لەبیر بکات، ئەوا ئەو دەرفەتە کەمەی كە بۆشی ماوەتەوە، بەفیڕۆی دەدات.
بەداخەوە کەسێك یان شتێک نییە کە بەردەوام مەردنمان بیر بخاتەوە. ئەمڕۆكە، هەموو کەس و هەموو شتێک دەست دەخەنە نێو دەستی یەکترەوە تا مردن لەبیر بەرنەوە. مرۆڤ ناچارە خۆی چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە بدۆزێتەوە تا بەردەوام ئاگای لە مەرگ و هۆشیاریی مەرگ بێت. یەکێک لە سادەترین ڕێگە بەردەستەکانیش، خوێندنەوەی کتێبە باشەکانە کە لەسەر مەرگ نووسراون.

لەبارەی نووسەر:
جێفری سکار (Geoffrey Scarre) کە لەدایكبووی ساڵی 1952ی زایینییە، فەیلەسوفی ئەخلاق و مامۆستای فلسفەیە لە زانكۆی دۆرهامی بەریتانیا. لێكۆڵینەوەو توێژینەوەكانی جێفری، زیارت لە بواری فەلسەفەی ئەخلاقن و زیاتر سەرەنجی لەسەر بابەتگەلی وەك مەرگ، شەڕ، لێبوردەیی، ئەخلاقی دێرینەناسی و .. ئەو شتانەیە كە هەر یەكەیان بە شێوەیەكی بەربڵاو تاوتوێ دەكرێن و لێك دەدرێنەوە. كتێبی (مەرگ ـ Death) و كتێبی (لەمەڕ بوێرییەوە ـ On Courage) و (سیحر و جادوو لە سەدەكانی شانزە و حەڤدەی ئەوروپا ـ Witchcraft and Magic in Sixteenth- and Seventeenth-Century Europe)، لە باشترین كتێبەكانی جێفری سكارن.