وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
شانۆنامەی (كۆگاکراوەکان)، شانۆنامەیەکی مینیماڵیی ئیسپانییە بە ڕەهەندێكی نیهلیستی (پووچگەرایی) كە لە نووسینی (دەیڤد دێسۆلا ـ David Desola)یە و لە ساڵی ٢٠٠٠ و لە پێنج دیمەن یا پەردەی شانۆیی و یا بە دەربڕینێكی دیكە لە پێنج ڕۆژدا نووسیویەتی. دێسۆلا، لەم بەرهەمەیدا بە شێوەیەکی جیاواز شانۆنامەکەی دابەش کردووە.
ئەم درامە، گێڕانەوەیەکە لە ئەندێشەی جیاواز و لێكترازانی نەوەكان لە کۆمەڵگەیەكی کرێکاری کە بە شێوەیەکی نوێ و بە یارمەتی کۆمیدیا و تراژیدیا، گیانێکی تازەی بەم جۆرە ئەدەبییە بەخشیوە. دێسۆلا لەم بەرهەمەدا باسی دوو مرۆڤ لە دوو نەوەی دوو چینی جیاواز، دوو بیركردنەوە و پێگەی جیاواز دەكات. کارەکتەرەکانی شانۆنامەكە، لێکچوونێکی بێ وێنەیان لەگەڵ (ڤلادیمیر و ئێستراگۆن)ـی شاکارەکەی (ساموئێل بێکت) واتە (لە چاوەڕوانی گۆدۆ) هەیە.
پێویستمان بە بەرپرسی كۆگایە:
بەڕێز (لینۆ)ی بیست و نۆ ساڵە، لە كۆگایەكی بەتاڵی گەورە كار دەكات. بڕیار وایە خانەنشین بکرێت و پیاوێکی گەنج بە ناوی (نین) ببێتە جێگرەوەی، بەڵام سەرەتا دەبێت بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لەگەڵ لینۆ بێت تا هەموو ئەزموونەکانی ئەو كە لەو بیست و نۆ ساڵەدا بەدەستی هێناون، فێر ببێت، بەڵام پرسیارە گرنگەكە لێرەدایە کە ئاخۆ لینۆ چی فێری نین دەکات؟ مرۆڤە كۆگاکراوەکانی ئەم كۆگایە؟
“کاک لینۆ: لێرە لە كۆگاكە تەنیا یەک کورسی هەیە، ئەویش هی ئەو کەسەیە کە پلەی بەرزتری هەبێت. من ناچار بووم یانزە ساڵ بە پێوە ڕاوەستم تا بەرپرسەكەی پێش من خانەنشین بکرێت. تۆ بەختەوەری، زۆریش بەختەوەری، چونكە تەنیا پێنج ڕۆژ بە پێوە دەوەستیت، پاشان لە شوێنەكەی من دادەنیشیت. ئەمڕۆ هەموو شتێک بۆ گەنجەکان ئاسانە. من ناچار بووم یانزە ساڵ چاوەڕێ بم.”
جۆری تێڕوانینی لینۆ بۆ نین، کاریگەرە بەو درز و لێكترازانە گەورە و قووڵەی کە لە نێوان ئەم دوو کارەکتەرەدا هەیە. تێڕوانینە سەرزەنشتکار و هەندێک جاریش پڕ لە سووکایەتییەكەی لینۆ بۆ نین، نیشاندەری ئەو ڕووداوانەیە کە لەو بیست و نۆ ساڵەدا و لەم كۆگا بەتاڵە بەسەری هاتوون. ئەو خۆی، گرنگترین شتی ئەم كۆگایە بووە کە تەمەن و ئایندەی لە نێوان ڕەفە تۆزلەسەرنیشتووەكانی ئەم كۆگایە وێران و لەنێو چوون.
“نین: دوای هەینی، دەتەوێت چ بکەیت؟
بەڕێز لینۆ: چی؟
نین: دوای خانەنشینییەكەت، چ دەکەیت؟
بەڕێز لینۆ: هێشتا بیرم لەوە نەکردووەتەوە.”
ڕەنگە پرسیارە ڕاستەقینەكە لە بەڕێز لینۆ ئەوە بێت کە ئاخۆ بڕیار وایە دوای ئازادبوونی چ بکات؟ ئایا لە ڕاستیدا، لینۆ هیچ شتێك لە ئازادبوون دەزانێت؟!
لێرە هەمووكەس بە كاری خۆیەوە سەرقاڵە:
مەبەست لەم دوو مرۆڤە هاوچەرخە لەم كۆگا بەتاڵە، نیشاندەری ئەوەیە كە مرۆڤە كۆگاکراوەکانی ئەم كۆگایە، نەک تەنیا لە ناوەوە و دەروونی خۆیانەوە، بەڵکو لە جیهانی دەرەوەش دەرکراو و پەراوێزخراون. ئەم شانۆنامەیە، فۆرمێكی نوێیە لە ئەبسۆردیزم. شانۆنامەكە بە دوو کەسایەتییەوە دەست پێدەکات و بە هەمان ئەو دوو کەسایەتییەش کۆتایی دێت.
فۆرمی ئەم شانۆنامەیە بە باشی پەردە لە سەر بیرکردنەوە جیاوازەکان و هەندێک جار شاراوەکانی کاراکتەرەکان هەڵدەماڵێت. هەموو تەماشاكردن و تێڕوانینەكان، بە ئاراستەی ئەم دوو مرۆڤە دەرکراوەن لە جیهانی دەرەوە. یەکێک دانیشتووە، یەکێک ڕاوەستاوە. یەکێک جووڵە دەکات و ئەویتر تەنیا تەماشا دەکات.
“نین: (كاریگەر) وامزانی.. حەزتان لێیە خانەنشین ببن.
بەڕێز لینۆ: حەزم لێ نییە! لە ناخەوە کەس حەزی لێ نییە خانەنشین بکرێت. هەموو دەڵێن حەزمان لێیە، بەڵام کەس حەزی لێ نییە پێی بگوترێت لەمڕۆوە ئیتر سوودت نییە.”
(بێکاربوون) و (ئیتر کارنەکردن) بۆ پیاوێکی وەک لینۆ کە بیست و نۆ ساڵە پابەند بە یاساکانی ئەم كۆگایە ژیاوە، هیچ جێگەی دڵخۆشی نییە و نەبووە. ناسنامەی لینۆ، بەم كۆگایەوە گرێ دراوە. ڕۆیشتن لەوێ، ئەمیش ناسنامەكەی خۆی لەدەست دەدات. ئەو تووشی ئیسکیزۆفرێنیای توند بووە، ئێمەی بینەریش لە ناوەڕاستی شانۆگەرییەكە بە نەخۆشییەكەی دەزانین.
لەبارەی شانۆنامەكە:
لەسەر بنەمای ئەم شانۆنامەیە، فیلمێکیش بە فیلمنامەی (دەیڤد دێسۆلا) لە مەکسیک بەرهەم هێنراوە کە وەك باشترین فیلمنامە خەڵاتی بەنێوبانگی (ئاریەل)ـی پێ بەخشراوە. ئەم شانۆنامەیە، لە ساڵی ٢٠٠٤، خەڵاتی (هێرمانۆس ماچادۆ)ی پێ بەخشرا.
لەبارەی نووسەرەوە:
دەیڤد دێسۆلا، نووسەر، شانۆنامەنووس و فیلمنامەنووسی ئیسپانی، لە ١٠ی ئاگۆستی ١٩٧١ لە بەرشلۆنە لەدایك بووە. لە دەقەکانیدا هەمیشە هێڵێکی باریکی کۆمیدیا هەیە کە فەزای بەرهەمەكە لە چەق و گەورەیی کارەسات دوور دەخاتەوە. شانۆنامەكانی، لەگەڵ هەندێک لە کارەکانی (ئۆژن یۆنسکۆ، ساموئێل بێکت و داریۆ فۆ) بەراورد دەكرێن.
زۆرێک لە شانۆنامەکانی، وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە جیاوازەکان وەك ئینگلیزی، ئەڵمانی و پۆڵەندی. دێسۆلا، لە سینەماشدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و خەڵاتی گرنگی بۆ فیلمنامەنووسی پێ بەخشراوە. یەکێک لە بەرهەمە گرنگەکانی لە سینەمادا، فیلمی (پلاتفۆرم)ـە. لە بەرهەمە گرنگەکانی ئەم نووسەرە ئیسپانییە، دەتوانین ئاماژە بە (كاشییەكان و بێدەنگییەكان، تەكبێژییە شێتانەكان، مرۆڤكوژەكان، سەدەی بیستەم، دوژمنی توێژ و..) بكەین.
دێسۆلا، لە ساڵانی ١٩٩٦ تا ٢٠٠٤، چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵە جیاوازە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان بۆ كورتە فیلمەكانی بردووەتەوە.

