رۆژنامەی ھەولێر

شەبەیخوون؛ لەنێوان نووسینــــــــەوەی خـــــــــود و‌ چنینی زیــــــــــــــــــــــــادەدا

خدر ئیبراهیم خدر قەڵادزێ

 

(عومەر یوسفی) جگە لەوەی لەڕووی هونەری خۆشنووسی و نووسین و وەرگێرانەوە، پاشخانی تایبەت بەخۆی هەیە و وەک دەڵین ئەسپی خۆی تاوداوە، هاوکاتیش تایبەتمەندییەکی تری هەیە، ئەویش بریتییە لە نووسینی تەنزئامێز لە بۆتەی چیرۆک و بەسەرهاتدا و لەو ڕووەوە ژمارەیەک چیرۆک و بەسەرهاتی لە قاڵبی تەنزی ئەدەبیدا داڕشتوون و بڵاوی کردوونەتەوە. ئەو چیرۆک و بەسەرهاتانەش تێکەڵەیەکن لە هەڵێنجراوی ژیانی تاکەکەسی خۆی و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کە چاوی وی، وەک کامێرایەک تۆماری کردوون و پاشانیش لەڕێی وشە و نووسینەوە تەوزیفی ئەو ژانرەی کردوون لە ئەدەبیاتدا.
*
ئەوەی من مەبەستمە لەم وتارەدا هەندێک قسەی لەبارەوە بکەم بریتییە لە ڕۆمانی (شەبەیخوون) کە لە وەک ناونیشان تایبەت کراوە بە جگەرگۆشەکەی و، هاوکات تاسە و حەسرەت و ئومێد و خەم و پێکەنین ئەوی هان داوە کتێبێكی چەندین هەزار وشەیی لە فۆرمی ڕۆماندا بچنێت. شان‌بەشانی ئەوەش، بە سوودوەرگرتن لە یادگە و نەستی خۆی، تێکۆشاوە کۆی ئەو ڕووداو و پێشهاتە گرنگانە لە بۆتەی نووسیندا دابڕێژێت کە بەشێکی زۆری ژیانی پیایادا تێپەڕیوە. لەوەشدا، پشوودرێژییەوە کۆچی کردووە بەرەو قووڵایی نۆستالژیا و پیت بە پیت و وشە بە وشە و دێڕ بەدێڕی خستۆتە سەر کاغەز.
*
ئەگەر کۆی ڕۆمان وەک بەرهەمی دنیای نوێ لەوەدا چڕبکەینەوە کە بریتییە لە دەقێکی پەخشانئامێزی درێژ لە وشە و دەربڕیندا، ئەوە ڕۆمانی (شەبەیخوون) ی بەڕێز (عومەر یوسفی) لە قەبارە و چەندایەتی وشە و دەربڕیندا، لەگەڵ ئەو پێناسەیەدا هاوتادێتەوە. بەڵام چەند توانیویەتی بایەخ بە ڕەگەزە سەرەکییەکانی نووسینی ڕۆمان بدات، لەنموونەی یەکێتی بابەت و گرێ و کەسایەتی و دیالۆگ و گێرانەوە، ئەوەیان قسەیەکی ترە.
ئەوەی نووسەر لە ڕۆمانی (شەبەیخوون) دا وەک دەقێکی درێژ و (تاڕادەیەکیش تاقەتپڕوکێن) دایڕشتوووە، وەک شێوازی وتن و گێرانەوە و بەکاربردنی نۆستالژیا بەهەردوو دیوی (ئەبستراکت و دەستکاریکراوەوە) دەچێتە خانەی ڕۆمانی (خەیاڵی واقیعی). بەڵام ئەوەندە هەیە وەک وەستایەکی کارامەی بواری وشەسازی، هەوڵیداوە بەجۆرێک ئەو بەشانەی نۆستالیا ڕتووش بکات کە تێکەڵەکن لە خەیاڵ و واقیع و خوێنەر ناچار بکات وەک واقیعێکی بەرجەستە و حاشالێنەکراو قبوڵیان بکات. هاوکات ڕووداو و پێشهاتە خودییەکانی خۆیشی کە لە کۆنەستیدا هەڵیگرتوون و لە چوارچێوەی ئەو ڕۆمانەدا تۆماری کردوون، بەشێوەیەکی هونەری وێنا بکات و خوێنەر بەرەو لای خۆی کێش بکات. جیا لەمانەش، کەسانێکی تریشی هێناوەتە ناو دەقەکەیەوە کە لە ویستگە جیاجیاکانی تەمەنی فیزیکی خۆیدا، بە جیاوازی زەمەن و شوێنەوە بەرکەوتنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی لەگەڵیاندا هەبووە و هەریەكێککیان بە نۆرەی خۆی ئەزموونێکی تاڵ یاخود شیرینی پێ بەخشیوە. بەڵام تاڵەکان زۆرترن لە شیرینەکان.
*
ڕەنگە من کۆی ڕۆمانەکە وەک ناوەڕۆک و سووژە بخەمە تای تەرازوویەک و لەبەرامبەردا ئەو کورتە بەسەرهاتە بخەمە تاکەی ترەوە کە نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا کە لەژێر ناوی (بەرکوڵێك) دایە، ئاماژەی پێداوە و لە کتێبی (مەسنەوی مەعنەوی)ـیـەکەی (مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی)ـیەوە هەڵهێنجاوە و بە مەبەستەوە تەوزیفی پێشەکییەکەی کردووە.
ئەو لە پەنای دووبارە گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتەدا کە تیادا باس لە پیاوێکی سادە و خاکەڕا دەکات، ڕۆژێک بەدەم گەڕانەوە لە کێڵگە چاوی بە (کەلەم)ێک دەکەوێت و پێی وایە خەزنەیەک لە ناویدا شاردراوەتەوە. بۆیە بەتامەزرۆییەوە یەک بەیەک پەلکەکانی دادەماڵێت تاکو بگاتە کڕۆک و خەزنەکە بدۆزێتەوە. بەڵام دوواجار بە هیچ دەگات، مەبەستیەتی جەخت لەسەر هەمان ویستی (مەولانا) بکاتەوە لە گێرانەوەی ئەو بەسەرهاتەدا، ئەویش ئەوەیە کە پەلکەکان خۆیان خەزنە و گەنجینەبوون نەک ئەوەی لەناخیاندا گەنجینەیان شاردبێتەوە. هەڵبەتە مەبەست ئەو گەنجینەیە، خودی ژیانە کە وەک پێدراوێکی خودایی خراوەتە بەردەم مرۆڤ و پێویستە قۆڵی لێهەڵبماڵێت و بەشکۆداری و بوێرییەوە ساتەکانی ئەزموون بکات. بۆ ئەوەش کە بتوانێت ئارامی تیادا بەدەست بخات، نیازی بەوەیە خۆی بەخودا بسپپێرێت و لەئێستایدا بژیێ، نەک لە ئەوەی بەڕەهایی بیسپێرێتە سبەی یاخود داهاتوویەکی دووری نەزانراو!
نووسەر لەخۆڕانییە ئەو بەسەرهاتەی خزاندۆیە ناو دووتوێی پێشەکییەکەیەوە، بێگومان ژیانی ڕابردووی وی ئەگەر نەشڵێین تێكڕای، ئەوە زۆرینەی ویستگەکانی درێژکراوەی هەمان گەڕانی ئەو کەسەبووە بەدوای خەزنە و گەنجینەدا. بۆیە لەئێستادا، ئەسەفی بۆ ئەوەیە کە زێدەڕۆییەکانی لە نمایشکردنی دڵسۆزی و خاکەڕاییدا، وایکردووە درەنگ لە چییەتی ژیانی واقیعی تێبگات و بەدەستی خۆی بکەوێتە نێو گەمەی پڕ لە پێچاوپێچی بەشێک لەو حەشیمەتەی لەژێر جەبری ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیدا لە منداڵییەوە تاکو گەورەبوون پێیان ئاشنابووە، هەروەها لە باکگراوەندی ئەو ئایدیا و جیهانبینییەشەوە کە بڕوای پێی بووە، دووچاری بەرکەوتنی وتەیی و ڕەفتاری ببێت لەگەڵ زۆر لە مرۆڤەکاندا لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا.
لەمەشەوە، ڕووبەڕووی جۆرێک لە دۆخی سایکۆسۆماتی ببێتەوە کە تیایدا نەشتەری بڕێک ئازار کە لە قووڵایی نۆستالژیادا ماونەتەوە و ئەوانی دی سەبەبکاریبوون، جەستە و دەروونی لە نائارامیدا بهێڵنەوە.
*
هەروەک نووسەر ئاماژەی بۆ کردووە بەشێک لە ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ژیانی تایبەتی خۆی خزاندوونەتە ناو ڕۆمانەکە کە تیایاندا هەیە دووبارەیە و پێشتر لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا کە لەژێر ناوی (هەوری سەرگەردان)دا چاپی کردبوو، بڵاویکردوونەتەوە. ئەمەش دوو گریمانە هەڵدەگرێت:
یەکەم: نووسەر پێی وابووە قووەسایی ئەم ڕووداو و بەسەرهاتانە وادەکات چلۆنیەتی ڕۆمانەکە لەڕووی ناوەڕۆکەوە دەوڵەمەندتر بکات.
دووەم: گومان و دڕدۆنگی وی دەگەیەنێت لەوەدا کە نەتوانێت لە دەرەوەی دووبارە تۆمارکردن و نووسینەوەی ئەو ڕووداو و بەسەرهاتانەدا، ڕۆمانێک بەو فۆرمەی ئێستای لەڕووی چەندیێی قەبارە و چلۆنایەتی ناوەڕۆکەوە، بەرهەم بهێنێت.

هەرکام لەم دوو گریمانانە درووست بن، جیاوازییەک لەوەدا درووست ناکات کە ئە ڕۆمانە ئەوەندەی تایبەت کراوە بە ژیانی تایبەتی نووسەر و ڕایەلە و بەرکەوتنەکانی لەگەل ئەوانی دی و ئەزموونە فەرهەنگی و ئیمانی و سیاسیەکانی، بەوهێندە تایبەت نەکراوە بەو کەسێتییەی کە ڕۆمانەکەی بە ناوەوە کراوە. بەڵکو ئەم ناوە بۆتە ساباتێک و سێبەری بەسەر کۆی ئەو ڕووداو و بەسەرهات و ئەزموونە تایبەتی و گشتییانەی نووسەرەوە کردووە کە لە میانی چەند دەهەیەک لە تەمەنی خۆیدا پیایاندا تێپەڕیوە و مەبەستی بووە جارێکی تر بەسەر لاپەڕەکانی ئەو کتیبەوە تۆماریان بکات و بە خوێنەریان ئاشنا بکات.
بۆیە ڕۆمانەکە بەر لەوەی وەک کارێکی ئەدەبی، تایبەت کرابێت بەو کاراکتەرەی ناوەکەی کراوەتە ناونیشان، چ وەک ناوەڕۆک و چ وەک ڕێزبەندی ڕووداو و بەسەرهاتەکان، دەچێتە خانەی نووسینەوەی خود. ئەو خودەش بێگومان نووسەر خۆیەتی. ڕاستە (شەبەیخوون) جگەرگۆشەیەتی و، مەحەببەتی وی وای کردووە دەست بداتە قەڵەم و بڕیار لەسەر نووسینی ڕۆمانێکی لەو شێوەیە بدات، بەڵام هێشتا ئەم ڕۆمانە جۆرێک لە ناهەماهەنگی لەنێوان ناونیشان و ناوەڕۆکدا نیشان دەکات و، وادەکات لەجێی کاراکتەری جێ مەبەست، نووسەر وەک کاراکتەری سەرەکی وێنا بکرێت. ئەمەش بە نۆبەی خۆی سیحری ناونیشانەکە کاڵ دەکاتەوە.
*
من وای دەبینم، مادام ڕۆمانەکە وەک خواست و مەبەستی نووسەر لەپێناوی کەسێتی مەعنەوی جگەرگۆشەکەیدایە، باشتر دەبوو بەوهێندە زیادەکاریی نەکردبا لە تەوزیفکردنی ڕووداو و بەسەرهاتە خودییەکانیدا. چونکە وەک دەردەکەوێت بەشێکیان دوور و نزیک هیچ ڕایەڵەیەکی زیندوو کۆیانناکاتەوە لەگەڵ خواست و مەبەستی سەرەکی نووسەردا لە نووسینی ئەو ڕۆمانەدا. هاوکات ناشتوانن کۆمەک بەو هەوڵەی نووسەر بکەن کە دەیەوێت لەڕێگەی ئەو ڕۆمانەوە چلۆنایەتی جیهانبینی خۆی بۆ خوێنەر بگوازێتەوە.

*
بەشێکی زۆری ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە لەسەر بنەمای ڕێسای (تەحەدی و وەڵامدانەوە) بنیاتنراوە. بەسەرنجدان لە ڕووداو و بەسەرهاتە خودییەکان، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە لەگەڵ ئەوەی نووسەر وەک کاراکتەری سەرەکی ناو ئەو ڕووداو و بەسەرهاتانە، سەختی و دژواری ئەزموونکردووە، بەڵام هێشتا توانیویەتی خۆی بەسەر پێوە ڕابگرێت و وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنی هەبێت لە ئاست ئەو سەختی و دژوارییانەدا کە وەک (تەحەدی) یەک لەبەردەمیدا قوت بوونەتەوە. ئەمەش بۆ خۆی جێگەی پەسن و ئافەرینکردنە. بێگومان لەمەشدا پابەندییە ئیمانی و ڕووحییەکەی هاوکار و پشتگیرێکی گەورە بووە بۆی تاکو بتوانێت لە ئۆقیانووسی بەرینی سەختی و دژوارییەکان بپەڕێتەوە.

*
نووسەر لە گێڕانەوەدا بێلایەن نییە، هەڵبەت ئەم قسەیە بەمانەی ئەوە نایەت کە ناهەقی وتوە، بەڵکو بە واتای ئەوە دێت کۆششی کردووە لایەنگیری لە پەیامێک بکات لە سوودی داتاکانی باوەڕ و چەمکەکانی پێکهەڵکردن و مەحەببەتخوازی نێوان مرۆڤەکاندا بێت. ئەو لایەنگرییەش هەم ئەرێنییە، هەم ئومێدبەخش..
*
یەکێک لە لایەنە جوانەکانی ئەم ڕۆمانە بریتییە لە بەکاربردنی وشە و دەربڕین و دەستەواژەی کوردی ڕەوان و بێگرێوگۆڵ کە نووسەر لە بەکاربردنیاندا سوودی لە پاشخانی مەعریفی خۆیی و، ڕایەڵەی ڕۆژانەی لەگەڵ ئەوانی دی وەرگتووە. جگە لەوەش، لە ڕووی داڕشتن وهونەری وشەسازییەوە هەوڵێکی زۆری خستۆتەگەڕ و تێکۆشاوە شان بەشانی گەیاندنی ناوەرۆک، دەقێکی کوردی ڕەسەن پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی بکات. چونکە ئەویش وەک زۆر لە خەمخۆرانی دی کە بەتەنگ زمان و فەرهەنگی کوردییەوەن، ساڵانێکە لەهەوڵی ئەوەدایە بەشداریەکی هەبێت لە ڕاستکردنەوەی باری لاری زمانی کوردیدا، بەتایبەتی لە ڕووی نووسینەکییەوە، کە مەخابن لەلایەک هەژموونی جیهانگیری و تەکنۆلۆژیای سەردەم و لەلایەکی تریشەوە ڕاگەیاندنی کوردی بەهەرسێ جۆری بینراو و بیستراو و خوێندراو لەژێر هەژموونی لاساییکردنەوەی بێگانەدا زیانی زۆریان پێ گەیاندوووە و نیازی بە هەوڵ و کۆششی دەستەجەمعی هەیە تاکو لەو مەترسییە ڕزگار بکرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کتێبە لە هەڵەی زمانەوانی و وشەسازی بەدەر نییە و پێموایە نەدەبوایە بەسەر نووسەردا تێبپەڕیبان لەکاتێکدا وەک ئاگادارم چەندین جار خۆی و چەند هاوڕێیەکی کە لە کایەی ژیانی ئەدەبی و کۆمەڵایەتیدا ڕایەڵەی لەگەڵیاندا هەیە، بەر لە چاپ، پیایدا چوونەتەوە.
لێرەدا بە دوو نموونە ئیکتیفا دەکەم کە زۆر زەقن و مەخابن نەدەبوایە بەو جۆرە ببینرێن:
– یەکەم وشەی دەسپێکی پێشەکی کتێبەکە کە لەژێر ناونیشانی (بەرکوڵێک)دا نووسراوە، دوو جار هەڵەی تیادا کراوە. لەلایەک لەجیاتی ئەوەی وشەی (ئەودەمی) پێکەوە بنووسرێت، کەچی بە جیا بە شێوەی (ئەو دەمی) نووسراوە. لەلایەکی تریشەوە ئەم دەربڕینە بەگوێرەی ڕستەکە واتای دروست نادات بەدەستەوە و دەبوایە بنووسرێت (ئەودەمەی)، چونکە مەبەستی نووسەر لە بەکاربردنی ئەم دەربڕینەدا، بۆ داهاتوویە نەک ڕابردوو.
– لە نووسینی سەرجەم بەشەکانی ڕۆمانەکەدا کە (٣٩) بەشە، بە هەڵە وشەی (ئاڕاستە) نووسراوە، لەکاتێكدا ئەم وشەیە بە پیتی (ر)ـی سووک گۆ دەکرێت و دەنووسرێت، نەک بە پیتی (ڕ)ـی قورس لە گۆکردن و نووسیندا.
خاڵیکی تر کە دیسان پەیوەستە بە زمانی دەربڕین و هونەری وشەسازی و داڕشتنەوە، بریتییە لە قرتاندنی پیتی (ت) لە کۆتایی زۆرینەی فرمانەکان. ئەگەرچی دەشێت نووسەر وەک ئێستاتیکا ئەم کارەی کردبێت، بەڵام بە بۆچوونی خۆم پێموایە، پەسەندتر بوو پیتی (ت)ـی لە کۆتایی فرمانەکاندا نەقرتاندبا. چونکە جگە لەوەی ئەوکارە گشتگیر نییە و هەمووان پیادەی ناکەن، هەروەها پێکدژیشە لەگەڵ فۆرمی ئەو ڕێزمانەدا کە لەناو پڕۆگرامەکانی خوێندندا پیادە دەکرێت و منداڵانی ئەو وڵاتە لەزووێکەوە پێی ئاشنادەبن و فێری دەبن.
*
دواجار لە کاتێکدا دەستخۆشی لە بەڕێز (عومەر یوسفی) دەکەم کە لەو زەمەمە تێکچڕژاو و پڕ لە بێزاری و نامۆییەدا، هێشتا بەتەنگ پاراستن و ‌هێشتنەوەی جوانییەکانی ئیمان و فەرهەنگەوەیە، هاوکات ئومێد دەکەم ئەو وشانەم بەو دیوەدا لێ وەربگرێت کە لە خەمخۆریم بۆ ئیمان و فەرهەنگ و ئێستا و داهاتووی نەتەوەکەمەوە سەرچاوەی گرتووە. هەر ئەمەش وایکردووە لە وتن و نووسیندا بە بەرپرسیارێتییەوە خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێم.

* شەبەیخوون، ڕۆمان، عومەر یوسفی، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٢٣