رۆژنامەی ھەولێر

دوایین دیدار

ئازا حەسیب قەرەداخی

 

پێش ئەوەی خۆر ئاوا ببێت
بێ دەنگ بوویت و تۆ ئاوا بوویت
باشتر وایە سێبەرەکەم بپێچمەوە
تا لەسەر ڕێت جێ نەمێنێت
تۆ ڕەشەبات لە خۆت ئاڵاند
ئەوساکە من گەڵایەک بووم
خۆم بە لقی خەیاڵەوە هەڵواسی بوو
باشتر وایە لەم ساتەوە خەیاڵی خۆم ڕاتەکێنم
تا هیچی تۆی پێ نەمێنێت
کە تۆ دوایین هێڵت کێشا
لەپی دەستم ڕاست و چەپێ چارەنووسمی نووسییەوە
خۆشم بۆم نەخوێنرایەوە
تاکو ئێستا لە دڵم دا
ماڵئاواییت تەلیسمێکە
وەک تەلبەندی سنوورەکان
لە نێوانی خۆم و تۆدا ڕاکێشراوە
هەرچیم کرد بۆم نەکرایەوە
وای لە من و وای لە دوێنێم
وای لە ئەتۆ و دوایین دیدار
بە هەموومان داهاتوومان خستە دەستی نادیارێک
بەر لە ڕەنگڕێژ سڕایەوە