ئارام كۆشكی – سلێمانی
ساڵانێکی زۆرە خوێنەرێکی بەردەوامی شیعرم لە بەیتە فۆلکلۆرییەکانەوە تا شیعری کلاسیک و لەوێشەوە بۆ شیعر ڕۆمانسی و دواتریش شیعری مۆدێرن و تا شیعریی هایکۆ. شیعر لای من پێگەیەکی هەیە، کە زۆرجار چەشنی سرووتێکی ڕۆحی دەیبینم، سرووتێک کە نازانم چ ناوێکی لێ بنێم. شیعر چەشنی هەناسە و خۆراکی ڕۆحی ڕۆژانەم وەهایە. بەگشتی خوێنەری یەکجۆر شیعر نیم و چێژیش لە هەموو جۆرە شیعرێک وەردەگرم و ئەوەی تا ئێستا کەمترین چێژم دەداتێ شیعر هایکۆیە. لای من هایکۆ خاوەنی کەمترین چێژ و ساکارترین ئاستی هونەرییە. (هەڵبەت بەداوای لێبوردنەوە لە هاوڕێیانی هایکۆنووسم).
هایکۆ جۆرێکە لە شیعری کورتە، کە 17 بڕگە لە خۆ دەگرێت و لە 3 دێڕی بێ کێش و سەروا پێک دێت. دێڕی یەکەم و سێیەم هەریەکەیان لە 5 بڕگە پێک دێن. ئەم جۆرە لە شیعر دوو وێنەی ڕوون لە دەقی شیعرەکەدا دروست دەکات، کە پەیوەندییان بە ناونیشانەکەوە هەیە. بە پێی نەریتی ژاپۆنی، هەر هایکۆیەک بە شێوەیەکی سەرەکی وشەیەکی تێدایە ئاماژە بەو وەرزە دەکات، کە هایکۆکەی تێدا نووسراوە. هایکۆ شیعری ژاپۆنییەکانە، کە بە شێوەیەکی ئێجگار جوان لە ڕێگەی وشەوە وێنەی سروشت دەکێشێت و کاریگەریی هەبووە لەوەی کە خەڵکی چۆن بیرۆکەکانیان دەرببڕن.
لەگەڵ بەجیهانیبووندا، شیعری هایکۆ، لە شیعرێکی ژاپۆنییەوە بووە شیعرێکی جیهانی و لە هەموو لایەکی جیهانەوە بووە خاوەنی شاعیری تایبەت و بە زۆرێک لە زمانەکان شیعری هایکۆ نووسراون. هاوکاتی ئەمەش شیعری هایکۆ لای ئێمەی کوردیش گەشەیەکی بەرچاوی کرد و هەتا گەشەسەندنەکە هێندە زۆر بوو کە یانەی تایبەتی هایکۆنووسی بۆ دامەزرێنرا و گۆڤاری تایبەتی بۆ دەرکرا.
سەبارەت بە سەربەخۆبوونی شیعری هایکۆ لە ئاست گشت فۆڕمەکانی دیکەی شیعر. دوو شاعیری چاکساز هەن یارمەتیدەر بوون لەوەی خودی هایکۆ ببێت بە ژانرێکی سەربەخۆی شیعریی. یەکێکیان ماتسو باشوە، بە یەکێک لە ناودارترین شاعیرەکانی ژاپۆن دەژمێردرێت و یارمەتییەکەی لە کۆتاییەکانی 1600ـدا بووە. ئەوی دیکەیان ماسۆکا شیکیـە، کە لە سەدەکانی نۆزدەیەمدا درێژەی بە هەوڵەکانی باشو دا.
لە ماوەی سەدەی بیستەم شیعری هایکۆ لە ناو کولتوورەکانی خۆرئاوادا ناسرا، بەتایبەت لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمیش لە باکووری ئەمریکادا. لە شاعیرە ناودارەکانی شیعری هایکۆ لە ئەمریکادا دەتوانین ناوی شاعیرانی وەکو “جاک کیرواک، ئەلبێرت سایگۆ و لیو وێڵک” بهێنین لە ماوەی گەشتکردنیان لە سان فرانسیسکۆوە بۆ نیویۆرک لە ساڵی 1959ـدا شیعری هایکۆیان نووسیوە سەبارەت بە گەشتەکەیان. هەروەها ئالن گینسبێرگ شاعیرێکی ئەمریکییە کە زنجیرەیەک هایکۆی نووسیوە. شاعیرێکی ناوداری ئەفریقی بە ناوی ڕیچارد رایت چەندین شیعری هایکۆی نووسیوە. شاعیرانی ئەوروپی و دواتریش عەرەبی و کوردی شیعری هایکۆیان نووسیوە و ئەم جۆرە لە شیعرە بووەتە جۆرێکی تایبەتی شیعر.
شیعری هایکۆ، شیعرێکی سادە و ڕوون و هێمنە باس لە چرکەساتێک دەکات، کە زۆرجار ئەو چرکەساتە چەشنی کەوتنی گەڵایەک، یان بینینی دڵۆپێک شەونم، یان تیرۆژە خۆرێک لە درزێکەوەیە. شاعیر دێت و سەرسامی خۆی بەم دیمەنە دەنووسێتەوە، یان چەندین دیمەن و وێنەی هاوشێوە لە نێو ژیاندا لەڕێی ڕێسایەکی تایبەتەوە دەنووسێتەوە. شیعری هایکۆ شیعریی هێمنی و ئارامی و وەستان و ڕامانە. شیعری قووڵبوونەوە و یاخیبوون و جوڵە و ڕەتدانەوە نییە. هەر بۆیە لای من شیعری هایکۆ لە ئاستێکی باڵادا نییە و کۆتا جۆری شیعرە کە دەیخوێنمەوە. زۆر کەم بەر شتی نوێ دەکەوم تێیدا. ئەوەی لەوێدایە خۆم ڕۆژانە هەست بە بوونی دەکەم و زۆر کەم هەست و سەرسامیم دەجوڵێنێت و ڕۆحم تێر دەکات.
زۆرێک لەو شیعرە هایکۆیانە چ هایکۆی نووسەرانی کورد چ هایکۆی نووسەرانی بیانی نەیانتوانیوە سەرسامم بکەن. لێرەدا مەبەستم لەوەیە شتگەلێکیان پێشکەش نەکردووم، کە لە دەرەوەی توانای من بێت، وەک خوێنەری هایکۆ، بۆیە هەست بە ئاسانی ئەم هونەرە دەکەم، بۆیە تا دێت بڵاو دەبێتەوە و زۆرێک لە خەڵکی وشەڕیزکار، نەک شاعیر خۆیان لێ دەبێتە هایکۆنووس. بەشی هەرە زۆری ئەو هایکۆنووسە کوردییانە تەنها وشە ڕیز دەکەن و هیچی ئەوتۆ ناخەنە سەر هونەرەکە، چونکە شیعری مۆدێرن هەمیشە زیادەیەکی نوێ پێشکەشی هونەری شیعر دەکات، بەڵام هایکۆنووسان هیچ زیادەیەک پێشکەش ناکەن.
بێگومان لێرەدا پێویست بە نموونە هێنانەوە نییە، چونکە هایکۆنووسانی کورد وەکو هونەرێکی ئاسان خۆیان بە هایکۆنووسیندا هەڵواسیوە و تەنها چەند هایکۆنووسێک نەبێت، کە وەکو پڕۆژە لە هایکۆ دەڕوانن و کاری بۆ دەکەن، دەنا ئەوانی تر وشەی ڕیزکراو بەناوی هایکۆوە بڵاو دەکەنەوە.
هایکۆ داوای هێمنی و ڕوونی و سادەیی دەکات لە نێو ئاڵۆزی ژیانێکدا، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێت. من لێرەدا ناڵێم داواکەی ڕەوا نییە، بەڵام ئەوەی لە ڕۆحی منەوە نزیکە زیاتر ئەو جۆرەی شیعرە کە بانگەشەیە بۆ ئازادی و یاخیبوون و تێکشکاندنی ئەو سنوورانەی سیاسەت ڕۆژانە دەیانکێشێت و شیعر ئەرکییەتی تێکیان بدات.
بۆ نووسینی ئەم وتارە سوود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە:
*سکوڵ وۆرک هێڵپەر، شیعر و پێکهاتە و مێژووی هایکۆ، لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ، https://didimn.com/

