نووسینی: چارلس دیكنز*
ساموێل پیكویك سه‌رۆكی یانه‌ی پیكویكە، كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و ناودارە، ئه‌م به‌ڕێزه زۆر حه‌زی له‌وه‌یه سەرنج لە خه‌ڵك بدات و زانیاری له‌سه‌ر ژیانیان لە ئینگلتەرا كۆبكاته‌وه. بۆیە بڕیار ده‌دات له‌گه‌ڵ سێ له ئه‌ندامه دڵسۆزه‌كانی یانه‌كه‌ی (مسته‌ر تۆبمان، مسته‌ر سنۆدگراس، مسته‌ر وینكل) گه‌شتێك به‌ناو گونده‌كانی ئینگلتەردا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سەرنج وتێبینییهكانیان تۆمار بكه‌ن.
یه‌كه‌م سەركێشییان پڕ بوو له ڕووداوی سه‌رنجڕاكێش، بۆ نموونه، له یه‌كێك له وێستگه‌كانیان، مسته‌ر پیكویك تووشی شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵی ده‌بێت له‌گه‌ڵ شۆفێرێكی عه‌ره‌بانه، كە زۆر بێزاركەرە، له‌سه‌ر مانای “پیاوی خانەدان”، ئه‌مه‌ش دەبێتە هۆی نانەوەی هەراوهۆریا له شه‌قامی شارەكە.
دواتر، مسته‌ر پیكویك تووشی هه‌ڵه تێگه‌یشتنێكی لە ڕووداماو ده‌بێت له‌گه‌ڵ خانمه شازادەیەك له باخچه‌یه‌كدا، كاتێك وا ده‌زانێت بێ هۆش بووه و، په‌له ده‌كات تا یارمه‌تیی بدات، به‌ڵام دواتر بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و خانمه كەوتووەتە خەوێكی قووڵەوە.
له كاتی گه‌شته‌كانیاندا، مسته‌ر پیكویك خزمه‌تكارێك به ناوی سام وێله‌ر بەكرێ دەگرێت، كه پیاوێكی ژیر و قسه خۆشه و به خێرایی ده‌بێته هاوڕێیه‌كی پێویست بۆ گه‌شته‌كانی، سام زۆر لێزان بوو، قسەكانی كاریگەر بوون، لە ڕووی پێشكه‌شكردنی ئامۆژگارییشەوە زۆر شارەزا بوو، بە گاڵتە و زمانێكی سادەوە وەڵامی خەڵكی دەدایەوە.
دواتر ڕووداوگەلی سەخت هاتنە پێش، مسته‌ر پیكویك له‌گه‌ڵ چه‌ند پارێزه‌رێكی فێڵباز تووشی كێشه‌یەكی یاسایی بوو، ئه‌م كێشەیە سامانێكی زۆری پێ خه‌رج كرد و، ماوه‌یه‌كیش كەوتە زیندانه‌وه، له زینداندا چاوی به چه‌ندین كه‌سایه‌تی كەوت كە لە ژیاندا نا‌ئومێد بوون، لەوێدا شایه‌تحاڵی ئه‌و سته‌مه بوو كه به‌سه‌ر هه‌ژاران و بێ ده‌سه‌ڵاتاندا ده‌هات.
سه‌رباری ئەو سەختییانە، مسته‌ر پیكویك توانی پارێزگاری لە مەردایەتی و گه‌وره‌یی خۆی بكات و هه‌وڵی ده‌دا یارمه‌تیی ده‌وروبه‌ری بدات، بۆیە دواجار توانی به یارمه‌تیی هاوڕێ دڵسۆزه‌كانی كێشه یاساییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات، ئەمەش وای كرد جارێكی دیكە بگەڕێتەوە و، ژیانی ئاساییی خۆی وه‌ك پیاوێكی به‌ڕێز و جێی متمانەی خەڵك بگوزەرێنێت.
له ئهزموونهكانیی خۆیەوە زۆر شت ده‌رباره‌ی سروشتی مرۆڤ فێربوو، به‌های هاوڕێیه‌تی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، زۆر داناتر بوو و قووڵتر بیری دەكردەوە، بۆیە ڕۆحی سه‌ركێشی و حه‌زی سەرنجدان و تێبینیی كردنی لە ژیانی خەڵك، وەك تایبەتمەندییەك بوو بە بەشێكی ژیانی ڕۆژانەی.
گه‌شته‌كه‌ی مسته‌ر پیكویك ئاوێنه‌یه‌ك بوو بۆ ڕەنگدانەوەی كۆمه‌ڵگەی ئینگلیز له سه‌رده‌می خۆیدا، به هه‌موو ناكۆكی و نەهامەتی و سهرسوڕهێنهرهكانییهوه، یانه‌ی پیكویكیش هەر له گه‌شه‌كردن به‌رده‌وام بوو، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی ئه‌ندامه‌كانی له كۆكردنه‌وه‌ی تێبینییه‌كانیان، بۆ هه‌موو سه‌ركێشییه‌كی نوێ سوودیان لە بیركردنەوە و هزر و بۆچوونەكانی مسته‌ر پیكویك وەردەگرت.
* ئەمە سەركێشییەكە لە (سەركێشییەكانی ساموێل پیكویك)، كە لە بنەڕەتدا ڕۆمانێکی چارڵز دیکنزی نووسەری ئینگلیزە، لە سەرەتادا ناوی “یاداشتەكانی پیکویك دوای مردن” یان “بیرەوەرییەکانی پیکویك” بووە. ڕۆمانەکە باس لە سەفەر و سەركێشییەكانی مستەر پیکویک دەکات، پیاوێکی دەوڵەمەند و دڵسۆز، خاوەنی یانەی پیکویک بووە.

