رۆژنامەی ھەولێر

دەربارەی ڕۆشنبیران و گرێی خۆبەکەمزانین چەند سەرنجێکی کورت

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

ڕەنگە هیچ نەتەوەیەک هێندەی نەتەوەی کورد غەدری لێ نەکرابێت، کە تا هەنووکەش گەورەترین نەتەوەی بێدەڵەتین، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی، کە بۆ ئەوەی قەرەبووی بێدەوڵەتی بکەینەوە پەنا بۆ خۆهەڵواسین بدەین بە هەموو شتێکدا و ئەو بۆشاییەی بێدەوڵەتی بۆی دروست کردووین بە خۆهەڵواسین بەوانی تردا، یان بە “بە کوردکردنی” ئەوانی تر پڕی بکەینەوە.
زۆرجار میدیای کوردی هەوڵی ئەوە دەدات، نووسەر، هونەرمەند، یان هەر کەسێکی ناوداری جیهانی لە هەر بوارێکدا کار بکات (بەزۆر) ناسنامەی کوردبوونی بەسەردا بسەپێنێت، تا خۆی و نەتەوەکەی پێدا هەڵبواسێت و ڕیشەی ئەو (کەسە هونەرمەند/ ئەدیب)ـە بباتەوە سەر کورد، کە ئەمە یەک تەفسیری هەیە ئەویش تەشەنەکردنی نەخۆشی “گرێی خۆبەکەمزانینە”. ئەم نەخۆشییە لەڕێی میدیاکاری کەمئەزموونەوە پەرەی پێ دراو و دواجاریش وەکو نەخۆشییەکی گشتی بڵاوبووەتەوە و ئێستا نووسەران و ڕۆشنبیرانیشی گرتووەتەوە و ئەم گرێی خۆبەکەمزانینەیان لێ بۆتە دۆخێکی خراپی دەروونی و کەوتوونەتە هەڵڕشتنی دەردەدڵ، کە ئەوانی تر باسی ئێمە ناکەن و ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسی و تورکی باسی کوردیان تێدا نییە، یان کاراکتەری کورد بۆ لە بەرهەمی نووسەران و هونەرمەنداندا نییە. خۆ ئەگەر هونەرمەندێکیش کاراکتەرێکی کوردی لە فیلمێکدا هەبێت باس لەوە دەکەن، کە “ڕۆڵێکی باش”ـی هەیە، یان کاراکتەرێکی نەفرەتلێکراوە و لەوێوە پەسنی کارە هونەرییەکە دەدەن.
زۆرجاری دیکە لە زۆر دیداری ئەدەبی و ڕۆشنبیرییدا، کە بەر نووسەرانی بیانی کەوتووم، نووسەرانی هاوڕێم یەکەم پرسیار، کە لە نووسەرە بیانییەکەیان کردووە ئەوە بووە ڕای لەسەر کورد چییە؟ خۆ ئەگەر ئاگادارییەکی ئەوتۆی لە مێژووی ئێمە نەبووبێت یەکسەر بە جۆرێک بە نەفرەتیان کردووە. خۆ ئەگەر وەکو میلەتێکی قوربانی سەیری ئێمەی کردبێت وەکو نووسەرێکی گرنگ و ئاگادار لێیان ڕوانیوە، کە لە ڕاستیدا هیچ کام لەم هەڵوێستانە پەیوەندی بە “نووسەربوون”ی ئەو نووسەرەوە نییە.
کورد ڕەنگە تاکە میللەتێک بێت هەمیشە بەدوای وێنەیەکدایە بۆ خۆی بیکێشێت، ئەویش وێنەی “قوربانی”یە. ڕاستە قوربانیبوونی کورد نکۆڵی ناکرێت، بەڵام ئەم وێنەیە چی بۆ ئێمە دەکات؟ جگە لە جوڵانی هەست و سۆزی کاتی “ئەویتر”. تا ئێستاش کورد ڕزگاری نەبووە لە پیشاندانی خۆی وەکو قوربانی، گرنگە ئەم وێنەیە تێپەڕێنرێت و ئێمە لەڕێی داهێنەرەکانمانەوە، لەڕێی بووژانەوەی مێژوو و کولتوور و ناوچە شوێنەوارییەکانمانەوە خۆمان بناسێنین، یان لەڕێی پیشاندانی وێنەیەکی جوانی سیاسەتکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان لە ڕێی ئەو سەرچاوە وزانەی لە ناوچەکانماندا هەیە وێنەیەکی تر بۆ خۆمان دروست بکەین. ئێمە قوربانین نکۆڵی ناکرێت، بەڵام ئەم وێنەیە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو هیچ بەرهەمێکی نەبوو، بۆیە کاتی گۆڕینی ئەم وێنەیە بۆ وێنەیەکی تر تا لە پەتای “خۆبەکەمزانین” ڕزگارمان بکات.
پەتای “خۆبەکەمزانین” لەنێو نووسەراندا هێندە تەشەنەی کردووە، کە نووسەرێک دێت و هەموو ڕەخنەی ئەو لە ئەدەبی فارسی ئەوەیە، کە کاراکتەری کورد لەنێو ئەدەبەکەیاندا نییە، هەر ئەمەش دەبەستێتەوە بەوەی کە لەبەر ئەم هۆکارەیە، کە تا ئێستا ئەدەبی فارسی نەبوونەتە ئەدەبێکی جیهانی. ڕاستی پێوەری سەرکەوتووی هەر ئەدەبیاتێک ئەوەیە تا چەندە ئینسانییە. ئەوەی هێڵی بەهێزی ئەدەبیاتە مرۆڤسەنتەرییە، ئیدی ئەم مرۆڤە هەر نەتەوە و ئایین و کولتوور و ڕەگەزێکی هەیە. ئەدەبیاتی ڕاستەقینە هەمیشە باڵاتر بووە لە سەپاندنی هەرکام لەم چوارە ڕەگەزە سەرەکییەی باسمان کرد. سەنگینی ئەدەبیات بەوە ناپێورێت تا چەند کەمە نەتەوەکانی نێو وڵاتێک لەنێو ئەو ئەدەبیاتەدا ڕەنگیان داوەتەوە و ئامادەییان هەیە، بەڵکو بەوە دەپێورێت ئایا باسی هەر کام لەو نەتەوە و ئایین و ڕەگەز و کولتوورێک دەکات پەسنی کولتوورێک دەدات بەسەر ئەویتردا، ئایینێک جوانتر پیشان دەدات و ئەویتر ناشرین؟ ئەدەبیات کاتێک ڕەخنە دەگرێت هەموان بە یەکچاو سەیر دەکات و ڕەخنەی لە هەموان هەیە، ئەدەبیات بۆ مرۆڤسەنتەری دەجەنگێت. ئەدەبیات هەمیشە شتێکە سەروتر و گەورەتر لە نەتەوە و ڕەگەز و ئایین و کولتوورێک. بۆیە گرنگە نووسەران هەست بەم گەورەییەی ئەدەبیات بکەن و خۆیان نەدەنە دەست گرێی خۆبەکەمزانین و لەنێو ئەدەبیاتدا ئەو گرێیانە تەوزیف بکەن.
نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد بەهۆی کەمتوانایی خۆیانەوەیە کە گلەیی لەوانی تر دەکات تا باسیان بکەن و بۆچوون و کتێب لەسەر کورت بنووسن. نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد خۆیان چیان پێیانە بۆ بەرەو جیهانیبوونی ئەدەبیاتی خۆیان؟ ئایا بەشی هەرە زۆریان ئەدەبیاتەکەیان توانای بڕینی سنووری شارەکەی خۆیان هەیە؟ چ جاری ئەوەی بەرەو جیهانیبوون بڕوات؟
پرسیار لای من ئەوە نییە ئەوانی تر “نووسەران و هونەرمەندان”ی عەرەب و فارس و تورک و بیانی چۆن باسی من دەکەن و چ وێنەیەک بە من دەدەن؟ پرسیار لای من ئەوەیە من لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا چ وێنەیەک بۆ خۆم دەکێشم و ئەم وێنەیە چەندە بەهێزە تا سنوورەکان ببڕێت و بەرەو قووڵایی ئەدەبیاتی جیهانی بڕوات. نووسین هونەری پەرەپێدانی گرێی خۆبەکەمزانین نییە، بەڵکو نووسین هونەری ڕزگاربوونە لە گرێی خۆبەکەمزانین و پیشاندانی توانا و ئاست و داهێنانە. کاتێ ئەمە کرا توانای ئەوە بەدەست دەهێنین، کە وێنەی خۆمان لە “قوربانی”یەوە بۆ “داهێنەر” و خاوەن پڕۆژە بگۆڕین.