رۆژنامەی ھەولێر

زیلان سارمەمى: کاری رۆژنامەنووسی لە ژیانی راستیدا سەخت و پڕ لە ماندووبوونە

میدیا – ئەبوزەبى

 

کەسایەتیى ئەکادیمى (زیلان سارمەمى)، لە رۆژانى ١٦ تا ٢٣ / ١١ / ٢٠٢٥، لە شارى ئەبوزەبى لە ئیماراتى عەرەبىدا، بەشدارى لە خولى کارى میدیایى ئەکادیمیاى (CNN)، هاوشێوەکردنى رۆژنامەگەرى ٢٠٢٥ (CNN Academy Simulation 2025)ـدا کرد، کەوا بە بەشدارى ١٥٠ فێرخوازى نێودەوڵەتى بە نوێنەرایەتیى ٤١ وڵات بەڕێوە چوو.

خولەکە لە لایەن گەورە راگەیێنکارانى ئەکادیمیا و کەناڵى هەواڵى (CNN)ـى ئەمریکا بەڕێوە برا و چەندین چالاکى میدیاییی لەخۆ گرتبوو وەک چۆنیەتیى داڕشتن و ئامادەکردنى هەواڵ و راپۆرتى رۆژنامەگەرى و بوارى دەرهێنان و مۆنتاژ و دیزاینى رۆژنامەگەرى و کارکردنى راگەیێنکاران و پەیامنێران لە ناوچەکانى شەڕ و چۆنیەتیى هەڵسوکەوتکردنى رۆژنامەنووس لەگەڵ خەڵک و ئاوارەکانى ناوچەکانى شەڕ و گواستنەوەى راستییەکان بۆ بینەران و راى گشتى و، چەندین بابەتى دیکە.
شایانى باسە، زیلان سارمەمى بەشدارییەکى کاراى هەبوو لە زۆربەى بوارەکاندا و، پڕۆژەیەکى سەبارەت بە پاکێجى هەواڵى پێشکەش کرد و لێژنەى هەڵسەنگاندنى تواناى فێرخوازانى خولەکە، پڕۆژەکەیانى لە ریزبەندى دووەم قبووڵ کرد.
سەبارەت بە بەشدارییان و خولەکە، زیلان سارمەمى بۆ رۆژنانەى هەولێر دوا و وتى: (بە مەبەستی بنیاتنانی بناغەیەکی راست و دروست بۆ کاری میدیا لە سەکۆکانی دیجیتال میدیا و کارکردنی میدیاکار لە چوارچێوەی یاساکاندا ژمارەیەک فێرخوازى نێودەوڵەتی کە لەناویاندا شەش فێرخوازى هەرێمى کوردستان بەشدار بووین هەفتەیەکی بە رواڵەت کارى رۆژنامەگەریمان بەسەر برد، کە تێیدا هەموومان بە شوێنپێی ژیانی رۆژنامەنووساندا تێپەڕین و هەستمان بەوە کرد کە کاری رۆژنامەنووسی لە ژیانی راستیدا چۆنە و چەند سەخت و پڕ لە ماندووبوونە. هەروەها وتی: لەو هەفتەیەدا کە لەلایەن راهێنەران و رۆژنامەنووسانی بەتوانای کەناڵى ئاسمانى و ئەکادیمیاى سی‌ئێن‌ئێن وانەکانمان وەردەگرت و راهێنانەکانمان لەگەڵیاندا دەکرد سوودێکى زۆرمان وەرگرت و، لە کەسانی شارەزاوە فێر بووین، بۆ ئەوەى بتوانین ئەو وانانەی کە فێری بووین لە کاری میدیاییدا بەکاریان بێنین.