رۆژنامەی ھەولێر

شـــــــیعر و خولقاندن

گوتەیەکی باو هەیە کە پێیوایە شیعر پێناسە ناکرێت، بەڵام هەمیشە پێموابووە ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە، بەڵکو ئەوە گوتەیە بۆ ئەوە گوتراوە تا ئەوە بخەنەڕوو کە ناکرێت شیعر لەژێر یەک پێناسەدا قەتیس بکرێت، بۆیە وتراوە “شیعر پێناسە ناکرێت.” شیعر ئەو ژانرەیە کە لە هاودەمە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و ناکرێت پێناسە نەکرێت، بەڵکو دەشێ وەکو فرەپێناسەترین ژانر ناوی بهێنین، چونکە تەنانەت خێڵە سەرەتاییەکانیش خاوەنی شیعری تایبەت بەخۆیان بوون، کە تایبەتمەندی و بۆن و بەرانەی خۆیانی پێوەیە. لەم وتارە کورتەدا هەوڵی ئەوە دەدەم کە خۆم لە پێناسەکردنێکی گشتی شیعر، یان گشتیترین پێناسەکردنی شیعر بدزمەوە، بەڵکو دەمەوێت شیعر پەیوەست بکەم بە کردەی خولقاندنەوە و لەوێوە هەوڵێ نزیکبوونەوە لە پێناسەیەکی نوێ بدەم.

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەڵبەت دەمێکە گوتراوە شاعیر خولقێنەرە و شیعر خولقێنراوە، بەڵام ئایا ئەم کردەیە چۆنە؟ ئایا شیعر هونەری خولقاندنە؟ یان هونەریی کەشفکردنە؟
شیعر هونەری خولقاندن و دامەزراندن و دۆزینەوەی بەردەوامە. شیعر دووپاتکردنەوەی ئەو ئایدیا و موفرەدانە نییە، کە ئەوانی تر گوتوویانە و لەبەرگ و بە تەکنیکی تازە بە نوێ بناسێنرێن، بەڵکو شیعر هەڵگریی نوێبوونێکی ڕەهایە. لێرەدا مەبەست لەوەیە کە هەموو پنتێکی نوێ بێت. بەبێ ئەم نوێبوونە شیعر دەبێتە وشەی ڕیزکراو. واتە ئەگەر شیعرێک بەتەنها لە شێواز و تەکنیکدا نوێ بێت، بە شیعری نوێگەر ئەژمار ناکرێت، بەڵکو شیعر پێویستە هەڵگری دونیابینی نوێ و جیهانی نوێ و موفرەدەی نوێ و زمانی نوێ هەیە. واتە شیعر هونەری بونیادنانی جیهانێکە لە دەستپێکی هەموو ڕەگەزکانییەوە.
لەگەڵ هاوڕێیەکی شاعیرم گفتوگۆیەکی چڕ و درێژمان سەبارەت بە شیعری نوێ و شاعیرە لاوەکان کرد، هەردووکمان کۆکبووین لەسەر ئەوەی شیعری نوێ بەشی هەرە زۆری بەهۆی نەبوونی دونیابینییەکی نوێ و نەبوونی کەرەستەی نوێوە لە یەکتری دەچێت و جیاکردنەوەی دەنگی شاعیرەکان لە یەکتری ئەستەمە. هەر ئەم لێکچوونەشە بووەتە هۆی ئەوەی کە چێژکردنی شیعر بۆ خوێنەری ئێستا کەم ببێتەوە.
گفتوگۆکەمان پەلی کێشا بۆ ئەوەی کێشەکانی شیعری نوێ چین؟ دەبوو وەڵامی بدەمەوە و ئەمەش هەرچەندە سەخت بوو، بەڵام ئارەزوویەکی زۆرم بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی هەبوو و لەوێدا چەند دانەیەکم ئاماژە پێدا، کە لێرەدا دەیانووسمەوە.
یەکەم کێشەی شیعری نوێی کوردی نەبوونی بابەتی نوێیە، بەشی هەرە زۆری شاعیرانی نوێ بەهۆی بچووکی دونیای بینین و ئاسۆی بیرکردنەوەیانەوە، تەنها بابەتە کۆنەکان دەجوونەوە، بەبێ ئەوەی ئاسۆی دیکە لەو بابەتانەدا بدۆزنەوە و بە دیدی نوێوە پێگەشی خوێنەری بکەن.
دووەم کێشەی شیعری نوێ نەبوونی موفرەدە و زمانێکی نوێیە، کە شیعر وەکو ژانرێکی ڕامنەکراو و جیوەیی دەیخوازێت. زمان و موفرەدەی هیچ سەردەمێک بۆ سەردەمێکی دیکە ناگونجێت. دەشێ هەندێک موفرەدە و بابەتی هاوبەش هەبێت، بەڵام هەمیشە لەنێو بەستێنی (ناوکۆیی) تر و گەمەی نوێی شیعرییدا. نەک کۆپیکردن و دووبارە بەکارهێنانەوە بەبێ خولقاندنەوە. موفرەدە گەلی (پەپوولە قاوەییەکانی ئێوارە)، (نەوڕەسەکانی چاوەڕوانی)، (فرمێسکە نەبڕاوەکانی دایکم) و ئەمانە و دەیانی تر لەو موفەرەدە سواوانەی کە بارەن بەسەر شیعریی کوردییەوە.
کێشەیەکی دیکەی شیعری نوێ لاوازی هێزی وشەیە. بەو مانایەی کە شاعیر وشە هەڵدەڕێژێت و بەشێکی زۆریان تووشی پەتای درێژنووسی بوون، بەجۆرێک ئەگەر سەرەتاکانی شیعرێک کەمێک هەڵگری پەیام و نوێگەری بێت لە دواتردا بەهۆی درێژنووسییەوە کرۆکی شیعریی دەقەکە ون دەبێت و لە دەقێکی شیعرییەوە دەبێتە کۆمەڵێک وشەی ڕیزکراو، کە زۆرجار گەلێک ناهونەریانەش ڕیزکراون. شیعر هونەرێکی دڵۆپێنراوە، نەک هونەرێک بۆ باسکردنی هەموو شتەکان و نزیکبوونەوە لە وتاردان، بەڵکو شیعر هونەری پیشاندانی بروسکەئاسای شتەکانە.
هەر شاعیرێک پێویستی بە دروستکردنی پانتاییەکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ کارکردن، ئەمە بێجگە لەوەی هەر شاعیرە و پێویستە پانتایی نوێ لەنێو ئەو پانتاییە تایبەتەی خۆیدا بکاتەوە بۆ ئەوەی بۆ هەمیشەیی خۆی دووبارە نەکاتەوە. شیعر هونەری یەکجار دۆزینەوە نییە، بەڵکو هونەری هەمیشە دۆزینەوە و بەردەوام دۆزینەوەیە. واتە شاعیر ناکرێت دوای بوونی پانتاییەکی دیاریکراوی شیعریی ئیدی بیر لە پانتایی نوێ نەکاتەوە. کێشەیەکی بەشی زۆری شاعیرانی کورد ئەو چەقبەستنەیە لە یەکجادا و هەوڵ نەدات بۆ خۆنوێکردنەوە، کە شیعر ژانرێکە ئیمکای ئەوەی لە خۆیدا هەڵگرتووە، کە بەردەوام خۆی نوێ بکاتەوە.
شیعر لە زۆر جێگەدا دەبێتە هونەرێک بۆ ئەفراندنی بەردەوام و هەمیشە بەرەو ئاسۆی نوێ و جیهانی نوێ هەنگاو دەنێت. بەبێ ئەم نوێبوونەوە بەردەوامە شیعرێکی داهێنەرانە بوونی نییە.