رۆژنامەی ھەولێر

لەنێوان دووانەی ئاکارجوانی و زیرەکیدا

خدر ئیبراهیم خدر

 

بەوپێیەی پرۆسەی خوێندن لەدوو ئاراستەوە کاری پێگەیاندنی قوتابی ڕاییدەکات. لەلایەک فێرکردنییەتی لەڕووی نووسین و خوێندنەوە، لەلایەکی تریشەوە پەروەردەکردنییەتی لەڕووی پێدانی ئەو وانە ئاکاری و مۆرالیانەی لە ژینگەی ماڵ و خوێندنگە و کۆمەڵگەدا نیازی پێیان هەیە، بۆیە هەمیشە پێگەی قوتابی و کەسێتیەکەی لە چوارچێوەی فەزای قوتابخانە و خوێندنگەدا، بەشێوەیەکی دووانەیی پێوانەی بۆ کراوە و لەڕووی کردەییشەوە هەڵسەنگاندنێکی چلۆنایەتی بۆ ئەنجامدراوە. بێگومان ئەو ئەو دووانەیەش لە خەسڵەتەکانی ئاکارجوانی و زیرەکیدا ڕەنگیداوەتەوە.

هۆکارگەلێکی زۆر هەیە وادەکات لەیەککاتدا هەردوو دووانەی ئاکارجوانی و زیرەکی لە بونیادی هەموو قوتابییەکدا هاوتای یەکتر بوونیان نەبێت و لە کەسێتیاندا دەرنەکەوێت. ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ماوەیی و بەشێکی تریشی دەگەرێتەوە بۆ پاشخانی پەروەردەیی و بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئایینی. هاوکات بەشێکی تریشی دەگەرێتەوە بۆ توانستی ئەقڵی و پێکهاتەی فیزیکی جەستە و بیر و هۆشی خوێندکار. سەرباری ئەوانە، بەشێکی تریشی دەگەڕێتەوە بۆ چلۆنایەتی ئەو کردە فێرکاری و پەروەردەییەی لەناو حەرەمی قوتابخانە و خوێندنگەدا لەلایەن فێرکارەوە لە ئاست قوتابیدا ڕایی دەکرێت.
هەرچەندە هەریەکێک لەمانە، نیازی بە ڕاڤەی قووڵ و شیکردنەوەی ورد هەیە بۆ ئەوەی لێیەوە بگەینە چارەسەری گرفت و خەوش و کێماسییەکان و وابکەین بە دیوێکی ئەرێنیدا کاریان لەسەر بکرێت. بەڵام ئەوەی من لەم وتارەدا دەمەوێت قسەی لەبارەوە بکەم شتێکی ترە. ئەویش پەیوەستە بەوەی کە لەگەڵ ئەوەی هەرکام لەو دوو گرفت و کێماسییەی لە کەسێتی قوتابیدا لەناو فەزای قوتابخانە و خوێندنگەدا بەدی دەکرێت، نیازینان بەوەیە بەشێوازێکی جدی و بەرنامەبۆداڕێژراو هەنگاوی چارەسەرکردنیان بۆ هەڵبگیرێت، بەتایبەت لەلایەن خێزان و دەستەی کارگێڕی خوێندنگە و ستافی مامۆستایان و توێژەری کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام چلۆنایەتی ئەو چارەسەرکردنە لەنێوان ئەم دوو گرفت و کێماسییەدا لێکجیاوازە. ئەو جیاوازییەش پەیوەستە بە ڕیشەی گرفت و کێماییەکە لەناو بونیادی قوتابییەکە لە لایەک و پەیوەستیشە بەو موودەتە زەمەنییەی بۆ چارەسەرکردن و بەتەنگەوەهاتنی لەبەرچاو دەگیرێت لەلایەکی ترەوە.
*
بە سەرنجدان لە ڕابردووی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لەم وڵاتەدا، هەروەها بینینی هەرکام لەم دوو گرفت و کێماسییە لە نزیکەوە لەماوەی سالانی مامۆستایەتیمدا، دەتوانم بەو چەشنەی خوارەوە سەبارەت بە دەستنیشانکردنی ڕەگ و ڕیشەی ئەو دوو گرفت و کێماسییە لە بونیادی قوتابیدا و چلۆنایەتی چارەسەرکردنی بە دیوێکی ئەرێنی و بنیاتنەرانەدا بدوێم:
مادام پرۆسەی پەروەردەکردنی قوتابی لە تەمەنە بەراییەکانەوە تاکو دەگاتە ئەوەی ڕووبکاتە باخچەی ساوایان و لەویشەوە قوتابخانە و خوێندنگە، پاشخانی تایبەت بەخۆی هەیە و لەباکگراوەندی فەرهەنگ و کلتووری باوی ناو خێزاندا، هەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنی لەخۆدەگرێت. بۆیە ئاسان نییە بتوانرێت لە موودەتێکی زەمەنی سنوورداردا ئەو پرەنسیپ و داتا ئاکاری و مۆراڵیانەی پێ درێن و فێر بکرێن کە بە تەواوی تەریبن لەگەڵ ڕێسا و پرەنسیپە پەروەردەیی و فێرکارییەکاندا و لە هەمانکاتیشدا لەو خەسڵەتانە ڕزگار بکرێت کە ناتەبان لەگەڵ ئەو ڕێسا و پرەنسیپانە پەروەردەیی و فێرکاریانەدا کە پێویستە کاریان پێ بکرێت و پراکتیزە بکرێن. چونکە ئەوەی قوتابی لە چوارچێوەی خێزاندا وەریگرتووە، شۆڕ بۆتەوە بۆ قووڵایی بیر و زەینی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و هەفتە لەدوای هەفتە و مانگ لە دوای مانگ بە شێوەیەکی بەردەوام پێی دراوە. ئەمەش لە ئەدگار و گفتار و کرداریدا ڕەنگی داوەتەوە و وەک دەڵێن (ڕەنگی پێوەگرتووە). بەوپێیەش دەتوانم بڵێم کە کارکردن لەسەر بنیاتنانی کەسێتیییەکی ئەرێنی وابەستە بە ئاکارجوانی لە لای قوتابی پشوودرێژی و بەردەوامییەکی ستوونیی پێ دەوێت، تاکو لەگەڵ وەلانانی هەر خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی نەرێنی و نەخوازراودا، خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی ئەرێنی و خوازراو وەک ئالتەرناتیڤ وەربگرێت.
هەڵبەت پێدانی فۆرمەکانی ئاکارجوانی بە قوتابی و وەدەستخستنی شکۆی مەعنەوی لای وی، تەنها لەوەدا گرنگی نابێت کەلە چوارچێوەی قوتابخانە و خوێندنگەدا بەرجەستەی بکات، بەڵکو بۆ سەرجەم بوارەکانی ژیانی دەستدەدات و جگە لەوەی وادەکات ببێتە تاکێکی بەسوود و کاریگەر لەناو ژینگە کۆمەڵایەتییەیدا، هاوکاتیش یارمەتیدەدات کە بتوانێت لە ئاراستەیەکی دروستەوە بەرەو داهاتووی خۆی هەنگاو بنێت، چونکە بەڵگەنەویستە کە سەقامگیری دەروونی و شکۆداری مەعنەوی هەم بەدیوە ئیمانییەکەیی و هەم بە دیوە مرۆڤییەکەیدا بەرەنجامی ئەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
بەڵام کردەی تێگەیاندنی وانەکان و گەیاندنی زانیارییەکانی پەیوەست بە بابەتی پرۆگرامەکان بە بیر و زەینی قوتابی و بەرزکردنەوەی توانستە زانستییەکەی کە لەناوەندەکانی خوێندندا بە (زیرەکی) پێناسەی بۆ دەکرێت، دەکرێت بەو هێندە دژواری نەیەتەپێش وەک ئەوەی لەپێناو ئاکارجوانی قوتابیدا کۆششی بۆ دەکرێت. بەمەرجێک قوتابی لەڕووی بایۆلۆژی و سایکۆلۆژی و فەرهەنگییەوە، ئامادەیی ئەوەی هەبێت لەو نەخشەڕێ و میکانیزمە تایبەتانە بەهرەمەندببێت کە لەکایەی فێرکردندا بەکاردەبرێن.
*
کاتێک خودای گەورە لە ئایەتی (١٢٨)ـی سوورەتی (النحل)ـدا فەرموویەتی: “خودا لەگەڵ مرۆڤە خۆپارێز و چاکەکارەکاندایە”، کەواتە هەر هەوڵ و کۆششێك کە بە ئاراستەی ناساندن و قووڵکردنەوەی داتا و فۆرمەکانی ئاکارجوانی لەپێناو قوتابیدا دەدرێت، لەلایەن هێزێکی گەورە و توانستێکی بێسنووریشەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئەویش خوای گەورە و میهرەبانە و هاوکاری هەر نییەت و کردارێکی مرۆڤە کە بە ئاراستەیەکی ئەرێنی دەگیرێتە بەر. ئەمەش گەشبینی بە کاراکتەرەکانی ناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەبەخشێت کە ئەرکی ئامادەکردنی قوتابی بە دیوە مرۆڤی و مەعنەوییەکەیدا لەئەستۆ دەگرن.
لەمێژە کوردیش وتوویەتی: (پاک بە و بێباک بە)، واتە ئەگەر توانیت بنەما جوانەکان لە نیەت و گفتار و ئاکار و هەڵسوکەوتتدا بەرجەستە بکەیت، ئەوکات بەبێ ترس بەرەو خواست و ئامانجەکانت هەنگاو بنێ و بەرەنجامە شیرینەکانی بچنەوە.
لە هەمانکاتدا پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد دروودی خوای لێ بێ، فەرموویەتی: “لە تەرازووی لێپرسیەوەی ڕۆژی دواییدا، هیچ شتێک بە ڕادەی ئاکارجوانی قوورس و سەنگین نییە.” بەهەمان شێوە زانایەکی ناودار کە بایەخ و گرنگی ئاکارجوانی لە چوارچێوەی زانستی ماتماتیکدا ناساندووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئاکارجوانی لە ڕووی ڕیزبەندی ژمارەوە دەبێتە ژمارە یەک و سەرجەم دەستکەوت و کەرەستە و بڕوانامە و توانستە فیزیکی و مادیدییەکانیش کە مرۆڤ لە ماوەی ئەزموونی ژیانی خۆیدا وەدەستیان دەخات یاخود لێان بەهرەمەند دەبێت، دەبنە ئەو سفرانەی لەدوای ژمارە یەکەوە دێن. کاتێک ژمارە یەک کە ئاکارجوانییە، بوونی نەبێت، ئەوە سەرجەم سفرەکانی دوای ئەو کە دەستکەوت و کەرەستە و بڕوانامە و توانستە ماددیەکانیان بەرجەستە کردووە، هیچ بەهایەکیان نامێنێت و تەنها وەک شتێکی بێبەها دەمێننەوە، چونکە بە ژمارەکەی پێش خۆیانەوە بەهایان بۆ دروست بووە.
*
ئەگەر هەبوونی توانستی زیرەکی لەلای قوتابییەک وەک خەسڵەتێکی دیار و بەرچاو کاریگەری لەسەر قوتابییەکانی دی دروست بکات و وابکات بۆ گەیشتن بە توانست و تواناکانی وی، تێبکۆشن و کات و وەخت بۆ پێداچوونەوەی ورد بە وانەکانیان لەبەرچاو بگرن، ئەوە بازنەی ئەو کاریگەرییە زیاتر دەبێت کاتێک لە بەرەنجامی مۆدیلی ئاکارجوانیدا بێتە کایەوە. چونکە فۆرم و داتاکانی ئاکارجوانی تەنها لەوەدا قەتیس نابێت کە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەناو فەزای قوتابخانە و خوێندنگەدا، بەڵکو پەل دەهاوێت بۆ دەرەوەی ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن و تەواوی جومگە کۆمەڵایەتی و ئایینی و فەرهەنگی و ئابوورییەکانیش دەگرێتەوە.
وەکچۆن دڵۆپێک مەرەکەب دەتوانێت بڕێکی زۆر لەئاو شلوێ بکات و ڕەنگی بگۆڕێت، بەهەمان شێوەش خراپی ئاکاری قوتابییەک لەناو ژینگەی خوێندنگەدا، دەتوانێت کاریگەری نەرێنی و نەخوازراو لەسەر سەقامگیری ناو پۆل و ئارامی قوتابخانە و خوێندنگە دابنێت. ئەمەش دەمانباتەوە سەر ئەو ڕاستەهێڵەی کە لەپەنایەوە بە گرنگییەوە سەبارەت بە ئاکارجوانی دەدوێێن.
*
دەشێت هەموو خوێندکارێکی زیرەک، بە ڕادەی پێویست بوێر و خۆڕاگر نەبێت و خاوەن کەسێتیەکی بەهێزیش نەبێت، بەڵام بەئەگەرێکی زۆر هەموو قوتابییەکی ئاکارجوان بای ئەوەندە ئیرادە و تواستی دەروونی هەیە بوێری و خۆڕاگری بۆ دەستبەر بکات. بەوپێیەش مادام فۆرمەڵەکردنی ئاکارجوانی لەلای قوتابی دەبێتە بنەمایەک بۆ دەستەبەربوونی ئیرادە و توانستی دەروونی، کەواتە پێویستە بە ڕژدییەوە کاری لەسەر بکرێت و لەلایەن دەستەی کارگێری و ستافی مامۆستایان و توێژی کۆمەڵایەتییەوە بەهەند بگیرێت.
*
پوختەی قسەی من لەو وتارەدا ئەوەیە کە بەرجەستەبوونی فۆرم و داتاکانی ئاکارجوانی و زیرەکی لەلای قوتابی گرنگ و زەروورەتە، بەڵام مادام پاشخانی فەرهەنگی و کلتووری و فەزای خێزانی هەموو قوتابییەک لەلایەکەوە و پێکهاتەی فیسیۆلۆژی و سایکۆلۆژیشیان وەک مرۆڤیك لەلایەکی ترەوە چوونییەک نییە، کەواتە بەکەمی وادێتەپێش ئەو دوو پێدراوە بەشێوەیەکی هاوتا لە لای قوتابیدا هەبێت.
ئەمەش نیازی بەوەیە لەهەردوو بواردا کۆمەکی پێبکرێت و کار بۆ ئەوە بکرێت هاوسەنگی بۆ بەدیبهێنیرێت. هەرچەندە من پێموایە کردەی ڕاستکردنەوە و جێگیرکردنی کەسێتییەکی مەعنەوی خوازراو لەلای قوتابی دژوارترە لە کردەی هاندان و راهێنانی لەسەر پرەنسیپەکانی خوێندن و تێگەیشتن لە وانەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی زیرەکی وی، بەلام ئەوە واتای ئەوە ناگەیەنیت کە ناتوانرێت هەنگاوێکی لەو جۆرە بنرێت. بەڵکو هەبوونی نییەت و پلان و پشوودرێژی وادەکات لەو بوارەشدا بەرەنجامی ئەرێنی باش بەدەستبهێنرێت.
لەگەڵ ئەوەی کیشمەکێشمێکی زۆر لەئارادایە سەبارەت بە چلۆنایەتی سرووشتی مرۆڤ و خوو و خدەی لە ژیاندا، بەڵام ئەوە نابێتە ڕێگر لە بەردەم ئەوەدا کە هەنگاوێکی لەو جۆرە بنرێت. ئەگەر کاراکتەرەکانی ناو ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن نەشتوانن کەسێتییەکی ئەوپەڕی ئەرێنی و خوازراو بۆ ئەو قوتابیانە فەراهەم بکەن کە گفتار و ئاکار و ڕەفتارەکانیان پێکدژە لەگەڵ ڕێسا پەروەردەیی و فێرکاری و مۆراڵییەکاندا، ئەوە دەتوانن ڕێگە لەوەبگرن لە خراپەوە بەرەو خراپتر بچن و کارەسات و تراژیدیای لێبکەوێتەوە. ئەمەش بە نۆبەی خۆی بە سەرکەوتن دادەنرێت و شایستەی ئەوەیە بەهەند بگیرێت و دەستخۆشیی لێ بکرێت.