رۆژنامەی ھەولێر

ناساندنی کتێبی ڕۆشنگەرییەكانی ئەلبێرت ئەنیشتاین لە نووسینی فردریک مۆرلۆت

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری

لە بەیانییە باراناوییەکی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٨٩٦، لە مۆنیخ، مەراسیم و جەژنێكی گەورە بەڕێوە دەچێت. هەموو دانیشتووانی شارەکە لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و بەشدارن لە بەرنامەکانی ئەم جەژنە. نمایشی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبرێن و لەگەڵ خواردنە تایبەتەکان، هەمووان شاگەشکە و دڵخۆشن بە بینینی ورچ و چەرخوفەڵەكی گەورە و شەمەندەفەری ئاسمانی.

گەنجۆ (ئەلبێرت ئەنیشتاین) و (مایا)ی خوشکی، بەرپرسی دانانی چرا و ڕووناکییەکانی ئەم جەژنەن و بە وریاییەوە سەیری بەرنامەکان دەکەن! لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، میوانخانەی دارین دروست کراون کە پڕن لە میوانی دڵخۆش و دەنگی گۆرانیی خۆش و خواردنەوەیان لێوە بەرز دەبێتەوە.
كۆخەكەی (شاتنهامل) لە هەموو کەپر و كۆخەکانی جەژنەكە گەورەتر و جوانترە. شاتنهامل، میواندارێكی دەوڵەمەند و وردبین بە ڕیشێكی نارنجی، چاوەڕێی بوو هەرچی خێرا ئەلبێرت ئەنیشتاین و مایای خوشکی کەپرەکە ڕووناک بکەنەوە و تەنانەت چرکەیەکیش دوانەكەوێت لە مەوعیدەكەی خۆی! هەرچۆنێك بێت، سەرەتای چیرۆکەکە بەم پرسە دەست پێدەکات و شاتنهامل دەڵێت:
“ئەمە مانای چییە؟ دزە نەفرەتییەكان! داوام لێکردبوون هەموو شتێک تا کاتژمێر ١٠ ڕووناک بکەنەوە، كەچی ئێوە فێڵتان لە من کرد و فریوتان دام! کاتێک لە کۆتایی هۆڵەکەوە سەیری کاتژمێرەكەی دەستم کرد، کاتژمێر ١٠ و ١ چرکە بوو.. یەک چرکە یەک چرکەیە. خۆ لە خۆڕا نییە بە من دەڵێن شاتنهامل…! ئەم کارەی ئێوە قبووڵ نییە! بە بۆچوونی من مەبەستتان ڕەواندنەوەی کڕیارەکانی منە!”
هەر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەلبێرت و خوشکەکەی بەدوای وەڵامی ئەم ڕووداوە بکەون و تێبگەن کێشەکە لە خێرایی ڕووناکییە! چونکە تا ڕووناکی بگاتە چاوی شاتنهامل کە لە کونجێكی كۆخەكەی ڕاوەستاوە، یەک چرکە پێویستە! ئەم چیرۆکە لەگەڵ خاڵە زانستییەکان و باسکردنی یاساکانی فیزیا هاوڕێیە و چیرۆکەکە ئەوەندە ئاڵۆز دەبێت کە دەگاتە گەشتکردن بە نێو کاتدا و خوێنەر پەلکێش دەكرێتە نێو خاڵە زانستی و باوەڕپێنەکراوەکانی چیرۆکەکەوە.
وێنەکانی ئەم کتێبەی كە باسی لێوە دەكەین، بە شێوازێكی تایبەت و بێهاوتا، بە باشی هاوكێشە و یاساکانی فیزیای بە زمانێکی تەنز و سادە نیشانی خوێنەر دەدەن و بەشێك لە سەختی و قورسی دەقەکە کەم دەکەنەوە.
لە درێژەی چیرۆکەکە، خۆ دەدرێتە قەرەی دۆزینەوە و كەشفی كاریگەریی بارستاییی شتەکان و خێرایییان، كە بۆ ئەو خوێنەرانەی حەزیان لە فیزیا و بیرکاری هەیە، زۆر سەرنجڕاکێشە. هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری تاقیکردنەوەی كەشف و دۆزینەوە زانستییەکان دەدات، تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووش نەبن.
كتێبی ڕۆشنگەرییەكانی ئەلبێرت ئەنیشتاین)، لە زنجیرە كتێبەكانی (ئەفلاتوونە گەنجەکان)ـە کە لە هەر یەکێك لە کتێبەکانی ئەم زنجیرەیە، پاڵەوانی سەرەکی، هەمان زانا یان فەیلەسووفە کە کتێبەکە هەوڵی ناساندنی دەدات. ئەم شێوازی گێڕانەوەیە جگە لە زانیاری سوودبەخش، دەمانكێشێتە نێو جیهانی چیرۆکەوە و خوێنەر لەگەڵ چێژوەرگرتن لە خوێندنەوەی چیرۆکەکە، شتی زۆر و خاڵكی گرن فێر دەبێت و هەر ئەمەشە بەهای كتێبەكە زیاتر دەكات.
جگە لە هەموو ئەو زانیارییانەی کە لە کۆتایی چیرۆکەکەدا وەریدەگرین، بەشێک هەیە بە ناوونیشانی (تێبینی کۆتایی) كە لە کۆتایی کتێبەکەدا هەیە و هەندێك شڕۆڤە و ڕوونكردنەوەی زیادەیە، وەک ئەوە وابێت كە هەموو پەراوێزەكان لە یەک لاپەڕەدا بە قەدرا ڕستەکانی کتێبەکە هێنراوەتەوە.

بەشێک لە دەقی کتێبەکە:
ئەلبێرت هاواری کرد: “پێم وایە خێرایی، چەرخ و فەلەكە گەورەکە قورستر دەکات.”
مێشکی پاڵەوانەکەمان وەک خێرایی چەرخ و فەلەكە گەورەکە دەسووڕایەوە. لەگەڵ خۆیدا بیری دەکردەوە: “ئەمە باوەڕپێکراو نییە.. هەموو ڕووداوەکان بەجۆرێک ڕوودەدەن کە وەک ئەوە وابێت ئەو وزەیەی ئێمە بۆ خێراکردن دابینی دەکەین دەگۆڕێت بۆ بارستایی.. بەڵام ئایا بارستایی و وزە دوو ڕووی یەک ڕاستییەکی هاوشێوە نین؟ ئەگەر ئێمە E بە وزە و M بە بارستایی دابنێین، دەتوانین وێنای ئەوە بکەین كە E لەگەڵ M پەیوەندیی ڕێژەیی هەیە. ناتوانن یەکسان بن، چونکە ئەم دوو چەندایەتییە یەکەی یەکسانیان نییە؛ و بەپێی بۆچوونی نیوتن بۆ گۆڕینی یەکێکیان بۆ ئەوی دیکەیان، دەبێت خێرایی بهێنینە گۆڕێ. باشە! کەواتە ئەم هۆکارە دەبێت لە هەموو دۆخەکان جێگیر بێت و بەپێی تێڕوانینی من و ئەوەی لە كۆخەكە لەگەڵ بەڕێز مایکڵسۆن تێیگەیشتم، ئەم بڕە جێگیرە، خێرایی ڕووناکییە. ئەگەر من ناوی لێبنێم C، ئەوا بۆم دەردەکەوێت کە وزەی تێخزاو واتە E پەیوەستە بە زیادبوونی بارستاییەكە واتە M.”
هەموو ئەم هەژمار و هاوکێشانە لە حاڵێکدا دێنە نێو مێشکی ئەلبێرت ئەنیشتاین کە بەسەر تەنافەكەیوەیە بە ئاسمانەوە و خەریكی گڵۆپ هەڵواسینە. ئەو لە هەر دۆخێکدا بە دیدێکی زانستی سەیری بابەتەکان دەکات و ئەمەش ناساندنێکی زیرەکانەیە بۆ زاناییەکی گەورە.

دەربارەی نووسەرانی کتێبەکە:
نووسەری کتێبەکە (فردریک مۆرلۆت) هەر لە منداڵییەوە جادووگەر بووە و ئێستا بیرکاریزانە!
(ئان مارگۆ ڕێمشتاین)ـی هونەرمەند و وێنەکێشێکی فەرەنسییە کە کارەکانی لە گۆڤاری (لێ مۆند) و گۆڤارەكانی دیکە بڵاو کراونەتەوە. بڕوانامەی دکتۆرای هەیە لە زانکۆی پاریس ـ سۆربۆن و زانکۆی کێنت لە کانتێربێری.
کۆمەڵە كتێبی (ئەفلاتوونە گەنجەکان)، دەروازەیەكی داهێنەرانەیە بۆ بیرکردنەوە و فەلسەفە و یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی جیهانی گەنجان بە پەروەردەیەكی ئاوەزمەندانە و ڕەخنەگرانە و بەڵگەدارانە جوانتر و قووڵتر بێت. لە هەر یەکێک لە بەرگەکانی ئەم کۆمەڵە كتێبەدا خوێنەر گەشت دەکات بۆ نێو دونیای بیرمەندێکی گەورەی مێژوو.