وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری
ساڵانی دەهەی ١٩٢٠ی ئەڵمانیا، ساڵانێکی پڕ لە تەنگەژە و ئاژاوە و هەڵچوونە. هەر ڕۆژە و هەر ساڵەی ئەو دەهە سەیر و سەمەرەیە، ئاوسن بە چیرۆکێک بۆ نووسین، دیمەنێک بۆ وێنەگرتن، مۆتیڤێک بۆ بوونەمۆسیقا و مرۆڤێک بۆ نیگاركێشان. هەر ڕۆژێکی ئەڵمانیا لە دەهەی ١٩٢٠، بێ ئەملا و ئەولا، شتێکی هەیە بۆ خستنەڕوو و پێشکەشکردن. خەڵکانێك کە بە سووکایەتییەوە لە جەنگی جیهانیی یەکەم دەرچووبوون، لە تەنیشت یەکترییەوە خەریكی تۆماركردنی یەكێك لە پڕماجەراترین سەردەمە مێژوویییەكەی وڵاتەکەیان بوون. دەهەی ١٩٢٠، نەوەیەکی گەورەی لە هونەرمەندان بۆ ئەڵمانیا لەخۆ گرت و پێی گەیاندن و درەوشانەوەیانی نێشانی دنیا دا)؛ ئێڕنێست کرۆیدەر (Ernest Kreuder) هەر لەو كاتەدا دەركەوت، نووسەرێک کە بە کتێبە سەیر و سەمەرەکەی، واتە کتێبی (ئەنجوومەنی ژێر هەورەبان؛ The attic pretenders) دەناسرێتەوە.
ناشوێن، ناكات
لە کتێبی (ئەنجوومەنی ژێر هەورەبان)، ئێمە دڵنیاین کە ئێرە ئەڵمانیایە، بەڵام هەموو یەکیان گرتووە تا بمانخەنە سەر ئەو باوەڕەی كە ئێمەلە ناشوێن و ناكاتداین و پێویستە ئەم بەردەوام و لەو بێئاگاییە، بە دوای ئەم ئەنجوومەنە سەیر و سەمەرەیە و ڕوانگە تایبەتەكانی بكەوین.
ڕەنگە لە دەهەی ١٩٢٠ بێت. ئەم گرووپە سەیرە، بێگومان دەبێت پەیوەندییەكەی بەو سەردەمە سەیرەوە هەبێت. مرۆڤە نائاساییەکانی ئەم ئەنجوومەنەیە لە ژێر هەورەبانی خانوویەک و لە دەوری یەکتری کۆ دەبنەوە. ئەوان دەیانەوێت یاخی بن و ڕاپەڕن. یاخیبوون و ڕاپەڕیبێتن دژی چی؟ دژی هەمان ئەو شتەی کە دەبێت ناوی “پووچی”ـی لێ بنرێت. هەڵبەت ئێستا نازانین بۆچی لە ناشوێن و ناكات بەسەر دەبەین، بەڵام هەرچی بێت، دەستی ئەنقەستێكی تێدایە و دەبێت سەر لەو نهێنییە دەركەین.
بێرتۆلت و ڤیلهێلم
دیمەنی سەرەتای کتێبەکە بە دیداری دوو هاوڕێ دەست پێدەکات. (بێرتۆلت ـ Berthold)، گێڕەر و پاڵەوانی کتێبەکە، هاوڕێکەی (ویلهێلم ـ Wilhelm) یەك دەبیننەوە. لە یەکەم ساتەوە، لەو کاتەی کە بێرتۆڵت پێمان دەڵێت کەسێک بە ناوی بچووکی بانگی کردووە، تێدەگەین فەزای چیرۆکەکە نائاساییە. بێرتۆڵت و زیلهێلم پێکەوە دەچنە خانووێک و لە هەورەبانەكەی جێگیر دەبن. ئێستا دۆخەکە ئاڵۆزترە، چونکە کەسانی دیکەش هەن کە بە هەمان ئەندازەی ئەوان نائاساین و یاخین لە سەردەمەکەیان. تایبەتمەندیی بەرچاوی هەموو پیاوەکانی ئەم ئەنجوومەنە، یاخیبوونیانە لە سەردەمەکەیان. لە نێوان گفتوگۆکاندا تێدەگەین کە گەرمی و هەڵچوون و شڵەژانی دەهەی ١٩٢٠ ئەم کەسانەشی تێکەڵ کردووەتەوە و ئەوەندە وەک نەوەی دەهەی ١٩٤٠ ئەڵمانیا سست و بێهەست نین. ڕەنگە تا ئێستا تێگەیشتبیت کە ئەم پیاوە نائاساییانە هەرچی بن، بڕیار وا نییە هیچ خیلاف و تاوانێکیان لێوە ڕوو بدات. ئەم ئەنجوومەنە لەوێ سەرنجڕاکێشتر دەبێت کە دەکەونە گفتوگۆوە، بەڵام بابەتی گفتوگۆکانیان چییە؟ “ڕیالیزمی مێلانکۆلیک”.
ڕۆمانتیزم چەکە!
“.. لە ئەدەبیاتی هاوچەرخدا، جدییەتێکی ئازاردەرانە، بەزەییەکی نادیار و قورس، تاڵییەکی تۆقێنەر، دڵڕەقییەکی کوشندە هەیە. بنەمای پرس و بابەتەكە هەر ئەمەیە! کەس بەم جدییەتە وەسفکراوی سەردەم نەیێتە زگ من. قبووڵمە کە ئەم ڕۆژانە كێشە و گرفتی زۆرمان هەیە، بەڵام بۆ نموونە لە سەردەمێکی باشتریشدا، دیسان باسی تۆقینەری گۆڕستان و ڕەشیەتی زستان نەنووسراوە؟…”
ئەمانە قسەکانی ڤالدەمارنن لە لاپەڕەی ٣٧ی کتێبەکە. ڤالدەمار سەرۆکی ئەنجوومەنەكەیە. ئەو هەر لە سەرتاوە و بە شێوەیەکی سۆزدارانە و گەرموگوڕانە، مانیفێستەکەی دەخوێنێتەوە. لە ڕاستیدا، مانیفێستەكەی ڤالدەمار، هەمان ئەو شتەیە کە کرۆیدەر بەدوایدا دەگەڕێت. مانیفێستی ڤالدەمار/ کرۆیدەر، دژی “ڕیالیزمی مێلانکۆلیک”ـە. ئەم “ڕیالیزمی مێلانکۆلیک”ـە چییە؟ لقێکە لە قوتابخانەی ڕیالیزمی ئەدەبی کە سەرنجی لەسەر لایەنە تراژیدییەکانی ژیانە. ئەم لقەی ڕیالیزم، بە وێناکردنی ڕاستییەكان، دەچێتە زگ ڕۆح و حاڵەتە ڕۆحییەكانی کاراکتەرەکانی و لە فەزایەکی تاریک و لێڵدا نیشانیان دەدات. بەڵام بۆچی نووکی تیرەكە ڕوو لە ڕیالیزمی مێلانکۆلیکە نەوەك خودی ڕیالیزم؟ وەڵامەکە دەبێت لە دەرەوەی دەقەكە بۆی بگەڕێین.
ڕۆمانی ئەنجوومەنی ژێر هەورەبان، لە ساڵی ١٩٤٦دا بڵاو بووەوە، ڕاستەوخۆ ساڵێک دوای کۆتاییهاتنی جەنگ. ڕاستمان گریمانە كرد كە ناكاتی چیرۆکەکە دەهەی ١٩٢٠ـە، بەڵام دەبێت ئاگاشمان لەوە بێت کە بەئەنقەست دیارینەكردنی کاتەكە، ڕێك هەر لێرەدا فۆرموولە دەبێت. کتێبی (ئەنجوومەنی ژێر هەورەبان)، لە ڕاستیدا میراتگرێکە. کرۆیدەر بە ئەنجوومەنی ژێر هەورەبان، نیشان دەدات کە میراتگری کەسانێکی وەک (یۆزێف ڕۆت، برایانی مان، هێرمان برۆخ، ئارتور شنیتسلەر، ڕۆبێرت مۆزیل و شتێفان تسڤایگ)ـە. هێرشكردنە سەر ڕیالیزمی مێلانکۆلیک، ڕاستەوخۆ هەمان ئەو شتەیە کە کۆمەڵگەی ئەڵمانیی پێویستی پێیەتی. وڵاتێک کە لە ماوەی سێ دەهەی ڕابردوو، تامی دوو شکستی گەورەی چێشتبوو، بۆیە بێ ئەملا و ئەولا توانای قبوڵكردنی وەها فەزایەكی نابێت. لە ڕاستیدا، وڵاتەکە هیچ توانای ئەمەی نییە. پرسیاری ئەخلاقی دەربارەی دۆخی ویرانیی ئەڵمانیا، بۆ زۆر كەس، دۆڕاوی سەرەکی لە نێو هەناوی ڕیالیزم خۆی حەشار داوە. ئێستا کە جیهان بەتاڵە لە واتا، چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟ ئێرنێست کرۆیدەر بە پێچەوانەی ڕەوتی جووڵەی ئاو، مەلە دەکات. وەڵامەکەی ڕۆمانتیزمێکە کە هانی خەیاڵ و بیركردنەوە دەدات.
لە جیهانێکدا کە هەموو شتەکانی بەتاڵن لە واتا، ڕیالیزم تەنها دەتوانێت وەسفکەر بێت نەوەک یارمەتیدەری دۆخی ئێستا. دووبارە دروستكردنەوەی دۆخی ئێستا نەک لە تاڵی و خەمۆكیی ڕیالیزم بەڵكو لە توانایی ڕۆمانتیزمدایە. گرنگترین چەکی ئێرنست کرۆیدەر، ڕۆمانتیزمە. ئایا کرۆیدەر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی حەقیقەتی نییە؟ وەڵامی ئەمە لای پیاوەکانی ئەنجوومەنەكەیە. لێرەیە کە بوونی ڤالدەمار، بێرتۆڵت، ڤالێنتین، کارل، ویلهێلم، لۆدڤیش و ئۆسکار، مانایەكی گەورە پەیدا دەکەن. ئەوان ڕێك ئەو پیاوانەن كە ڕەگەزی ئەم سەردەمە كە دوو دەیە پێش ژیاون و لە ڕاستیشدا هۆشیارن بەرامبەر ئایندەی وڵاتەکەیان. وڵاتێک کە لە ناوەڕاستی ئەم دەیە پڕ لە هەراوهۆریایە، ئامادەی دوورکەوتنەوەیە لە دۆخی ڕۆمانتیزمی. ئایا ئەوان لەم ناشوێن و ناكاتەدا، حەقیقەت دەبینن؟
بێگومان وەڵامەکە نەخێرە.
پیاوەکانی کتێبەکە، هەموویان یاخین لە دۆخەکە. بە قەدرا ئەوەی کە ئەنجوومەنەكەیان دەتوانێت لە ساڵی ١٩٢٧ لەدایکبووبێت، بە هەمان ئەندازەش دەتوانێت لە ساڵی ١٩٤٩ دروست کرابێت. ئەمەش بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکات بۆ نووسەر. دۆخی ئەڵمانیا لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، بە شێوەیەکە کە ڕێبازە ڕیالیستییەکانی خەڵک بۆ کرۆیدەر وەڵامگۆی خواستە بنەڕەتییەكانی وڵات نین و لە دوو قۆناغدا وڵات زیانی قورسی بەركەوتووە کە فاشیزم گەورەترین زیانیان بووە. لە دۆخێکدا کە وڵات بە چارەسەرە كۆنەكەوە هەوڵ دەدات وەڵامی پرسیارە نوێیەکان بداتەوە، ئێرنست کرۆیدەر لەگەڵ گرووپێکی نائاسایی لە خەڵک دەست دەداتە وەڵامدانەوە و هەوڵ دەدات بگەڕێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشە ئەڵمانییەکەی.
ئێرنێست کرۆیدەر كێیە؟
ئێرنێست کرۆیدەر (Ernest Kreuder)، یەكێكە لە ئاڵۆزترین نووسەرەكانی سەدەی بیستەمی ئەڵمانیا. لە سەردەمی دوای شەڕی جیهانی یەكەم كە هەڵاوسانێكی گەورەی ئابووری هەبوو، بۆ ماوەیەك لە كانە بەردەكان و دواتر لە كوورەكانی خشتدروستكردن و گۆڕستانەكان كار دەكات و دواتر دەست بە نووسین دەكات. لە هۆی دەسەڵاتداریەتی نازییەكان لەسەر فەرهەنگی ئەڵمانیا، وازی لە چاپ و بڵاوكردنەوە هێنا و وەك نووسەرێكی سەربەخۆ، چووە ئاشێكی دوورەدەستی شارێكی بچووك و دەستی بە نووسین كرد.

