ئازاد پێنجوێنی
خۆی وای وت کە “چیتر بەرگەی ئەم تەنهاییە ناگرێت و تاقەتی خۆخواردنەوە و، ململانێی لەگەڵ ئەم ژیانەدا نەماوە؛ ئەوەشی دەوت کە ئەوەندەی فرمێسک هەڵڕشتووە تەنانت فرمێسکەکانیشی ڕقیان لێ هەڵگرتووە”.
جا چ ژنێک! وەکو ئاونگی بەیانیان بێگەرد، هەر دەتوت هێشووەترێی دوای هەڵاتنی گەلاوێژە، ئەوەندە شیرین و جوان و بەماریفەت و خۆشکەلام.
بە دەم ڕۆشتنەوە قسەی دڵی بۆ خۆی دەکرد؛ جارجارە تیشکی خۆرەکە بە کزی سەری دەردەکردەوە و دوبارە دەکەوتەوە پشتی چەند پەڵەهەورێکی ڕەشی باراناویەوە.
سەری بەرز کردەوە بۆ درەختێکی بەرز کە قەدەکەی لەناو حەوشەی گەورەی ماڵێکدا بوو؛ هەستی بە چەندین تکەی باران کرد کە چۆن بەر گەڵاکان دەکەوتن و، خێرا دەبوونە شەونم؛ هەڵبەت ڕوخسارە سپیە ناسکەکەشی بێبەش نەبوو لەو شەونمە.
دەستێکی هێنا بە ڕوخساریدا تا تەڕیەکەی سەر چاوەکانی بسڕێتەوە؛ وەک ئەوەی قسە بۆ گەڵاکان بکات:
“ئەوانەی دوورەئەڤینن و
گێژووێژی هەستەکانیانن
بە هێواشی سەر دەنێنەوە.”
بارەکەڵا کەواتە خاتوونە تازەئەڤیندارەکەی (پاپلۆ نیرۆدا)ش دەناسێ و پەرتووک دەخوێنێتەوە و کەسێکی ڕۆشنبیرە. بە شتێکی کەشدا زانیم شەیدای پەرتوکە چونکە کەسێکی بەهێز و مێشکفراوان بوو.
زۆر بە نەرمی هەنگاوی دەنا و لە بیرکردنەوەیەکی قووڵدا بوو؛ کۆڵانە باریکەکەی تێپەڕاند، هاتە نێو کۆڵانێکی فراوانەوە؛ هەڵوێستەیەکی کرد و لە ناوەڕاستی ئەو کۆڵانەدا وەک پەیکەر وەستا و چاوی نووقاند.
پێمی وت: “تکایە حەزم لە بارانە؛ چەندم پێ خۆشە بایەکی تاڕادەیەک بەهێزیش هەڵبکات و، لێ نەگەڕێ تکە و دڵۆپەی بارانەکە بکەوێتە زەوی و، بیکوتێت بە سنگمدا، بەڵکو بە هاتنی ئەم ئەشقەم کەمێک ئەو ئازارەم لێ رابماڵێ کە ساڵەهای ساڵە ناخی ڕەش کردوومەتەوە؛ بەشکەم تۆزێک سپیم کاتەوە.”
ئەوەشی پێم وت: “مادام تۆ دەمگەیەنیتە جێگای مەبەست، با ئەم دەوروبەرە قەرەباڵغ نەبێ لە خەڵکی پیادە؛ چونکە حەزم بە ژاوەژاویان نیە و، بەنیازم گۆرانیەکی ئاشقانە بچڕم تا مەل و باڵندە بە جوانی گوێبیستی بن و ئەوانیش بزانن کە ئاشق بوومە بە خۆم.”
سێ جار ئەمەی وت و تکای لێ کردم کە وا بکەم.
ئێ خۆ ناشتوانم داواکەی ڕەت کەمەوە؛ چونکە لەپڕ خۆیم لێ ون بکات و، بە کۆڵانێکی دیکەدا بڕوات، چیرۆکەکەم نوقسان دەبێ؛ زۆرم دەوێ تا کارەکتەرێکی ئاشقی ڕاستگۆ و نەرمونیانی لەم جۆرە بدۆزمەوە و بیکەمە هەوێنی خەیاڵدانم، کە پێم وانیە هەرگیز ئەمە ڕوو بداتەوە، ئاخر خۆ سەردەمی خورشید و خاوەر نیە، تا بێخەم بم! نەبێتە ناشوکری، خۆشەویستی و ئەوینداریەکەی ئێستا، یام ناوگەڵە یان باخەڵە.
دەی کەواتە با دەست پێبکەین.. باران دەبارێ؛ بایەکی تاڕەدایەک بەهێز هەڵیکردووە و، سەرپۆشە گوڵگوڵیەکەی سەر قژە خاوە ئاڵتوونەیەکەی لا داوە؛ قژی بە دەم باوە دەتوت یاڵی ئەسپێکی ڕەسەنە و، لەغارداندایە و تاڵەکانی لە بینینی ئاراستەی پێشەوە ئاوێتەی ئەو درەختانەی پشتەوەی دەبن کە دوای خۆی بەجێیان دەهێڵێ، بە پەنجە نەرمە شمشاڵیەکانی قژە تەڕەکەی دەدایەوە پشت هەردوو گوێی و جووڵەی بە سەرپۆشەکە دەکرد و ئەیدایەوە بە سەریدا، نامەوێ لەوە زیاتر وەسفی بکەم، بەڵام دەزانم لە دنیادا لەم ژنە جوانترم نەدیوە.
دیمەنی ئەو کۆڵانەی لەوێوە دەڕۆیی، مێرمنداڵێک بە خۆی و پاسکیلەکەیەوە، پیاوێکی پەنجا ساڵان بە چەترەکەی بان سەریەوە، دوو کۆترەکێوی بەسەر ئارێڵی ماڵێکەوە گمەگمیان بوو، چەند پاساریەک لەژێر گوێسەبانی کەلاوەیەکی داڕووخاوەوە باڵەفڕێیان دەکرد، کیژۆڵەیەکی بچکۆلە، عەلاگەیەکی ڕەشی یابوو بە سەریدا و، گیانی هەمووی تەڕ بووبوو؛ جووتێ نەعلی دڕاو لە پێیدا و ڕای دەکرد، عەلاگەیەکی ئاوی بە دەستیەوە، قوتوویەک شیری کیکۆزی منداڵانەی تێدا بوو، لەبەرخۆیەوە (هەیاران و مەیاران یاخوا دەکاتە باران)ـی دەوتەوە، پیرێژنێکی عابابەسەری چکێ چەماوە، بە هێواشی لە فەرعێکی باریکی کۆڵانەکەوە دەهاتە ناوەوە؛ بە ئەستەم ڕێی دەکرد، خەریک بوو بە تەواوی دەخووسا؛ خاتون ئەمانەی لە کۆڵانەکەدا بەدی کرد.
هەرچەندە لە فەرعی لای چەپی کۆڵانەکە دوو گەنجی ڕیشن و قۆز دەرکەوتن، بەڵام من ڕێگەم لێ گرتن و، نەمهێشت بێنە کۆڵانەکەوە، ئاخر لەوە ترسام نەبا چاو ببڕنە لەشولارە ماسیئاسا خووساوەکەی؛ هەڵبەتە مافی خۆشمە! غیرەکردن دروستە و پێشتر دەمناسین؛ زۆرکات سەرخۆش و چاوبەشقەڵیش بوون.
ئارەزووی منە ڕێگە بدەم بەو کۆڵانەدا کێ بڕوا و، کێ نەڕوا؛ هەر کەسێکم بەدڵ نەبێ، بۆ سڕینەوەی، تەنها لینکێکم بەسە.
پیاوە پەنجا ساڵانەکەی یەکەم جار کە خەریک بوو خۆی دەکرد بە فەرعێکی لای دەستەچەپی خۆیدا، گەڕایەوە و ڕێزی نواند بۆ پیرێژنەکە کە چەترەکەی بداتێ بەڵام پیرێژنەکە نەیویست و پێشی وت:
“کوڕم نامەوێ، باران بۆ بەرگریی لەش باشە؛ چەترم بۆ چیە؟ بە ئاستەم سەری لەرزۆکی بەرز کردەوە، ژنە ئاشقەکەی بینی، ڕووی کردە پیاوەکە و، وتی پێی:
“چەتر بۆ ئەو ژنە گەنج و ناسکە باشە؛ نابینی چۆن ئەو لەشولارە ناسکەی تەڕ بووە، گەر پێت خۆشە پیاوەتی بکەیت، بڕۆ بیدە بەو؛ گوناهە نەخۆش کەوێ! تازە من بە کەڵکی هیچ نەماوم و چاوەڕێی مردنم.”
پیاوە بە قسەی کرد و چوو بەرەو لای و ڕێزی بۆ نواند و، وتی: “ببوورە خاتوون با ئەم چەترەت پێ بێ؛ من ماڵەکەم نزیکە.”
_ “زۆر سپاس من ناچمە ژێر چەتری هیچ کەسێکەوە؛ هەڵبەت بەنیازم بچمە ژێر ئەو چەترەی کە هەست دەکەم خۆمی لەژێردام؛ تکایە بمبوورن؛ سپاس.”
پیاوە بە دەم ڕۆشتنەوە بۆڵەبۆڵی بوو؛ قیروسیا ناتانەوێ! پیاوەتی نەکەی باشە.
ئەمەی وت و لە چاوترووکانێکدا دیار نەما.
هەموو ئەم دیمەنانە لە سەرنجی چاوە کاڵ و زەردباوەکانی ئەم ژنەوە دەبینرا؛ تادواجار هەڵوێستەیەکی کرد و، کەمێک لە شوێنی خۆی وەستا؛ چاوێکی تەواوی گێڕا بە کۆڵانەکەدا، تەنها تکەی بارانی دەبینی کە ئەیدا بە زەویەکەدا.
وادیارە هەر لە سەرەتاوە هێشتا هیچ ڕووی نەداوە؛ شەرم بە چاوەکانیەوە دیار بوو؛ ڕوخساری پاکیزەئاسا تکەی باران و ئارەقی شەرمنی، ڕەنگە سپیەکەی پێستی ڕوخساریانی کردبووە ئاوی؛ دەبێ بچێ بۆ کوێ بەم تەڕ و تووش و سەرمایە؟ دڕی بە خۆی دا و ڕۆشت بەرەو ئەو شوێنەی کە دەبوایە بچوایە.
لە کادرێکی بەتاڵدا کە تەنها چەند دار شۆڕەبیەکی بەرز دیار بوون کە با یاریی پێ دەکردن هیچی کە نەدەبینرا؛ چەترێکی هەڵکراوی ڕەنگاوڕەنگ بە بەرزیەوە هاتە ناو کادرەوە و دەخولایەوە، وەک ئەوەی کەسێک یاریی پێ بکات، لەگەڵیشیدا ئاوی سەر چەترەکە پرژەی دەدا بە چواردەوردا.
هەموو ئەمانە لە کادری پەنجەرەیەکی ئاواڵا بوون، ژنە کە سەرەتا چەند تاڵێک لە قژە خووساوەکەیمان بەدی دەکرد، هاتە ناو کادری پەنجەرەکە و کەمێک چووە نزیکەوە؛ پیاوێکی سەرماشوبرنجی و باڵابەرزی بینی چەترە ڕەنگاوڕەنگەکەی بەدەستەوە بوو کە هێواشهێواش بەرەو ڕووی ئەم ژنە دەهات، لە خولاندنەوەی چەترەکە ماندوو نەدەبوو.
پیاوە زۆر دڵخۆش دیار بوو؛ لەم کاتەدا ژنە لە بەر پەنجەرەکە نەما؛ پاش کەمێک لەودیو پەنجەرەکەوە لە کۆڵان بینیمانەوە کە بەرەو ڕووی پیاوە چەتربەدەستەکە ڕۆشت.
نزیک بوونەوە لە یەک و، هەردووکیان لەژێر چەترەکەدا بۆ یەکدی پێدەکەنین؛ بارانیش تک تک دەیدا لە چەترەکەیان؛ هەروا بەبێ کاردانەوە سەیری یەکدییان دەکرد و بە شەرمەوە زەردەخەنەیان بۆ یەکدی دەنارد.
باران زیاتر دەبوو؛ بایەکەش تکەکانی بە خواری دەگواستنەوە تا شووشەی پەنجەرەکە ئەوەندە بارانی بەر کەوت، پەنجەرەکە بە تەواوی هەڵم گرتی و، هیچیان نەدەبینران، جگە لە چەند تێکەڵەیەکی ڕەنگی چەترەکە نەبێ. بۆ نەگبەتی هیچ کەسێک لەو ماڵەشدا نەبوو تا بێت و شوشەکان بسڕێتەوە و، دیمەنە جوانەکەی ئەو دوو ئاشقە تەمەن پەنجا ساڵانەی ژێر ئەو چەترە ڕەنگاوڕەنگە و ئەو کەشە باراناویە بەدیار کەوێت.
ئەی کەوایە چی بکەین؟ ناچار بووم خۆم شووشەی پەنجەرەکان بسڕمەوە؛ جوان سڕیمەوە؛ خۆزگە نەمسڕیایەتەوە، چونکە ژنە بە خەمباریەوە بەرەو ڕووی پەنجەرەکە دەهات و پیاوەکەش لە کۆڵانەکە ئەوەندە دوور کەوتبووەوە ڕەنگ بە چەترەکەیەوە نەمابوو؛ دەتوت ڕەشی قەترانیە.
نیوەڕۆیە هەتاو دەیهەوێ خۆی لە هەورەکان بدزێتەوە بەڵام هەورەکان نەیاندەهێشت و، دەچوونەوە بەردەمی و دەیانچپاند بە گوێی خۆردا کە تاوێکی تر بەنیازین تینوویەتیی زەوی و ئاشقان بشکێنن؛ دەنگی جریوەی چۆلەکە دێت کە تێکەڵ بە خوێندنی دوو کوکوختیەکی نێو حەوشەی ماڵەکەی بوو، ژنە دێتە بەر پەنجەرەکە هەردوو تاکی دەکاتەوە و لەچاوەڕوانیدایە کە بڕیارە بۆ یەکەمین دیداری ئاشقانە بێتە سەری کۆڵان.
نیشانەی هاتنی ئەم پیاوە، ناسینەوەی چەترێکی ڕەشە بەدەستیەوە، تەنانەت گەر ئەو ڕۆژە هەتاوێکی گەرمیش بێت؛ ژنە دوای هەناسەیەکی قووڵ چاوێکی بە خوار و سەری کۆڵانەکەیاندا گێڕا و لەبەرخۆیەوە:
_ بەنەفرەت بی چیرۆکنووس! بۆ بەم جۆرە ئەم چیرۆکەت داڕشتووە؟ ئەی نەدەکرا هەر لە سەرەتاوە خەون و خەیاڵ نەبوایە و نەتهێشتایە فریشتەی ژێر چەترەکە بڕۆشتایە ئەو دەمەی کە لە بەر چەترەکەیدا بووم؛ خەریک بووم خۆمم دەسڕیەوە و خۆم دەنووسیەوە، چی دەبوو هەرلەوێدا کۆتاییت بە چیرۆکەکە بهێنایێ و، تا کۆتاییی ژیان هەر ئاوا پێکەوە بووینایە و، لە چاوەڕوانیی فریشتەکەمدا نەبوومایە. دیارە چیرۆکنووسێکی کەمئەزموونیت.
خاتوون ڕاست دەکات هەمومان بەو جۆرەین هیچ کات نەمانهێشتووە دوو ئاشقی گیانیبەگیانی تا کۆتایی ژیان لە ژێر چەترێکدا بن.

