ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
پەرلەمانی عێراق لە ئاهەنگێكدا میوانداری جان دۆست” رۆماننوسی كرد كە رۆمانەكەی باسی یادی سەفەری ڕێبەری كورد (مەلا مستەفا بارزانی) بوو.
ئەم بۆنەیە بە پاڵپشتی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، د.شاخوان عەبدوڵڵا، دەزگای كرۆنیكڵی كوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو. رێورەسمەكە لە بارەگای پەرلەمانی عێراق بوو و برییتی بوو لە تێكەڵكردنی ئەدەب و مێژوو، خەیاڵ و واقیع، وەك ئاهەنگێك بۆ ئیمزاكردن و گفتوگۆی ڕۆمانی “The Generals” دوا شەڕەكان” لە نووسینی، نووسەر (جان دۆست).
ئەو بۆنەیە بۆنەیەكی ڕۆشنبیری بەرچاو بوو، یەكەم و گەورەترین ئاهەنگ بوو لە جۆری خۆیدا كە لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە سەركردەی نەمر (مەلا مستەفا بارزانی) بەڕێوەچوو، بەو پێیەی گێڕانەوەكە لاپەڕەی خەباتی ئەوی وەبیرهێنایەوە لە ڕێگەی چیرۆكێكەوە كە یادەوەری لەگەڵ مێژوودا تێكەڵ دەكات.
چەندین وتار و باس لە لایەن ئامادەبووان پێشكەشكران، كە بریتی بوون لە سەرۆكی كۆڕی زانیاری عێراق دكتۆر محەمەد یاسین، بیرمەندی گەورەی عیراق عەبدولحوسین شەعبان، سەمیر حەباشنە وەزیری پێشووی ناوخۆی ئەردەن، زیاد شبیب پارێزگاری پێشووی بەیروت و بەڕێوەبەری وەشانخانەی ئەلنەهار و نەهلە ئەفەندی پەرلەمانتاری عیراق.
عەبدولحوسین شەعبان مەغزای گرنگی ئەو چالاكییەی لەوەدا بینییەوە، كە (مەلامستەفا بارزانی) ئەمڕۆ لە رێگەی رۆمانێكەوە بە شكۆوە جارێكی تر لە بەرزترین مینبەری دەسەڵات یادی دەكرێتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەكادیمیای زانستیی عێراق، دكتۆر محەمەد یاسین، لە وتارەكەیدا باسی لە ڕۆڵی دیار و بەرچاوی كورد كرد لە گەشەپێدانی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەو بەشدارییە فیكری و ڕۆشنبیرییانەی كردوویانە سەرەڕای ئەو ئازار و تەحەددایانەی بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

