رۆژنامەی ھەولێر

سەبارەت بە نووسەری ئاگادار و نووسەری بێئاگا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

کاتێک دابەشکاری لەنێوان دوو تایپ لە نووسەردا دەکەین، ئەمە تەنها ڕیشەیەکی دینی نییە، (وەک ئەوەی هەندێک نووسەر بەهەڵە لێکی دەدەنەوە)، بەڵکو ئەم دابەشکارییە ڕیشەیەکی فەلسەفییانەی هەیە و ئەو ڕیشەیەی کە من گەلێک پێی سەرسامم لە مارتن هایدگەری ئەڵمانییەوە وەرمگرتووە، کە ئەو بوونی ڕەسەن و بوونی ناڕەسەن جیا دەکاتەوە و د. محەمەد کەمال لە کتێبی “هایدگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی”دا زۆر بە وردی ئەم دوو چەمکەی هایدگەری شیکردووەتەوە، بوونی ڕەسەن بوونێکی داهێنەرە و خاوەنی بوونی خۆیەتی و لەلایەن ئەوانی ترەوە داگیر نەکراوە، بەڵام بوونی ناڕەسەن بوونێکی داگیرکراوە و خاوەنی خۆی نییە و ئەوانی تر بڕیاری بۆ دەدەن و پڕۆژەکانی زادەی بیرکردنەوە و داهێنانی خۆی نییە و ناچالاکە. لێرەوە دەمەوێت سەبارەت بە نووسەری ئاگادار وەک خاوەنی بوونێکی ڕەسەن بدوێم و هاوکات باس لە نووسەری بێئاگا-ش بکەم، کە خاوەنی بوونێکی ناڕەسەنی داگیرکراوە.

سەرەتا دەمەوێت بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستم ئاماژە بە پرسیاری ڕۆژنامەنووسێک بکەم کە سەرسامی خۆی بە دونیای گێڕانەوە و تەکنیک و حیکایەتی ڕۆمانی “من ناوم سوورە”ی ئۆرهان پاموک دەردەبڕێت و لەو دیمانەیەدا لە پامۆک دەپرسێت “ڕۆمانی -من ناوم سوورە-ت چۆن نووسی و چ ئامادەکارییەکت بۆی کرد؟” پاموک بە شێوەیەکی ساکارانە و وەکو ئەوەی وەڵامی پرسیارێکی ئاسایی بداتەوە دەڵێت “کاتێک بیرۆکەی ڕۆمانەکە، کە چیرۆکەکەی سەبارەت بە نیگارکێشانی کۆنی عوسمانییە لە هزرمدا ڕسکا، چوومە کتێبخانەیەک و هەرچی کتێبێک سەبارەت بەو مێژووە و نیگارکێشان هەبوو کڕیم تا بیانخوێنمەوە و چیرۆکەکەمی پێ دەوڵەمەند بکەم.” ئەم گوتانەی پاموک نموونەیەکە بۆ کاری ڕۆماننووسی و هاوکات نموونەیەکە بۆ جۆرێک لە نووسەر کە بە ئاگاییەوە دەست بە نووسین دەکات و قاڵدەبێتەوە لەو بابەتەی دەیەوێت لەبارەیەوە بنووسێت.
لە دیمانەیەکدا گابریل گاریسا مارکیز باس لەوە دەکات لە تەمەنێکی زۆر کەمەوە بیرۆکەی نووسینی ڕۆمانی “سەد ساڵ تەنیایی” هەبووە، بەڵام دەستی بە نووسینی نەکردووە تا ئەوکاتەی زانیویەتی کە دەسەڵاتی بەسەر دەقەکەدا دەشکێت ئەوسا دەستی بە نووسینی رۆمانەکە کردووە. بێگومان مارکیزیش نموونەیەکی دیکەی نووسەرانی بەئاگایە، کە وشیاری ئەوەی هەبووە تێکستی مەزن بە مەعریفەی مەزنەوە دەنووسرێت و ناکرێت تەنها خۆی بداتە دەست ئیلهام، بۆیە لە سەرەتاکانی نووسەربوونیدا وازی لەبیرۆکەکە هێناوە تا ئەوکاتەی بە تەواوی لای کامڵ بووە، ئەوسا دەستی بە نووسینی ڕۆمانەکە کردووە.
نووسین هونەری ڕیزکردنی وشە و نووسینەوەی هەست نییە، بەڵکو هونەری بیرکردنەوەیە لەنێو هەستەکاندا و دەربڕینیانە لەڕێی مەعریفە و وشیارییەکی باڵا و تێگەیشتنێک لەسەروو کۆمەڵگەوە بێت. نووسەر بوونەوەرێکە خاوەنی دید و چاوێکە دوورتر و سەرتر لە کۆمەڵگە دەبینێت. هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی نووسەرانی بەئاگا و کۆمەڵگە بەرەو ئاستێکی دیکە وشیاریی ڕێنوێنی دەکەن. بەڵام نووسەرانی بێئاگا ئەو نووسەرانەن تەنها توانای نووسینەوەی هەست و حەزەکانیان هەیە، یان لە نێو هەناوی کۆمەڵگەوە بیر دەکەنەوە، یان نزمترن لە ئاستی کۆمەڵگە بۆیە توانای بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی وشیارییان نییە.
ئەگەر جیاکاریی زیاتر لەنێوان ئەم دوو جۆرە لە نووسەر بکەین دەبینین کە نووسەرانی بەئاگا هەمیشە دۆستی کتێب و ئاگاداری نوێترین کتێبن (بەتایبەت لەو بوارەی ئارەزوومەندی سەرەکییانە)، بەڵام ئاگاداری بوارەکانی دیکەش هەن. ئەمە بێجگە لەوەی کە دۆستی هەموو هونەرەکانی دیکە و ئاگاداری بەشێکی زۆر لە هونەرەکانی دیکە هەر لە سینەما و شێوەکارییەوە تا شانۆ و مۆسیقا. بەڵام نووسەرانی بێئاگا کەمتر دۆستی کتێبن و ئاگاییەکی سەرەتاییان لەو بوارە هەیە، کە خۆیان تێیدا دەنووسن و زیاتر لە سواڵکەری کتێب و چەمک و گوتار دەچن و داوا لە نووسەران دەکەن “کتێب/گوتار”ی خۆیانی بۆ بنێرن تا بە کەرەمی خۆی بیان خوێنێتەوە. دەنا ئەو ئاگاداری ئەو هەموو ژمارە زۆر لە کتێب و گوتار نییە، چونکە سەرقاڵی هەست و حەز و گرێ دەروونییەکانیەتی، نەک مەعریفە.
ئەوەی نووسەرانی بەئاگا لە نووسەرانی بێئاگا جیا دەکاتەوە پەیوەستی هەمیشییانە بە مەعریفەوە و بیرکردنەوەیانە لەنێو مەعریفەی جیهانیدا، نەک گیربوون لەنێو بیرکردنەوەی لۆکاڵدا. هیچ بیرمەندێک بە موقەدەس نابینن و هەموان دەخەنە خزمەتی دید و ئایدیاکانی خۆیانەوە. بەڵام نووسەرانی بێئاگا شارەزاییەکی زۆریان لە دروستکردنی موقەدەس هەیە و نووسەرێک، یان چەند نووسەر و بیرمەندێکیان لا دەبێتە موقەدەس و بۆ هەمیشەیی لای ئەو نووسەر و بیرمەندانە دەمێنێتەوە و تا بەرەو دۆگمابوون دەڕوات. بەڵام نووسەرانی بەئاگا چەمکی “کۆچەری” لە دۆڵۆز قەرز دەکەن و گەشتی هەمیشەیی لەنێو ژیان و بیرکردنەوەی نووسەران و بیرمەنداندا دەکەن و لە کوێدا پێویستیان بە چەمکی بیرمەندان بوو لەگەڵیدا بیر دەکەنەوە، نەک چەشنی سواڵکەر چەمکەکە هەڵبگرنەوە و دووبارە لە وتارۆکەکانیدا دووبارە و دەبارەی بکەنەوە.
ئەگەر بە وردی سەرنجی دۆخی ڕۆشنبیریی کوردی بدەین لە نیگای یەکەمدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئێمە لە بەردەم ڕۆشنبیرێکداین، کە ئاگاییەکی زۆری نییە، نەک لە ئەدەبیات و فیکریی جیهانی، بەڵکو ئاگاداری ئەدەب و مێژووەکەی خۆیشی نییە، بۆیە ئەم بێئاگاییە کردوویەتییە نووسەر و ڕۆشنبیرێک کە توانای بیرکردنەوە و بەرهەمهێنانی تێکستی نەبێت، هەڵبەت مەبەست لە تێکستێکە کە ئاسۆی نوێ لەبەردەم خوێنەردا بکاتەوە، نەک بەردەوام بێت لە خۆدووبارەکردنەوە و خۆجوینەوەی بەردەوام. لێرەوە تێدەگەین تا نووسەر و ڕۆشنبیرەکانی کورد هەڵگرەوە و سواڵکەری چەمک و گوتار بن، توانای بیرکردنەوە و بەرهەمێنانی تێزی نوێ و مەعریفەی باڵایان نابێت. نووسەر و ڕۆشنبیری کوردیی بە بیرکردنەوە و بەکارهێنانی چەمکەکان دەتوانێت مەعریفە بەرهەم بهێنێت، بە ئاگاداربوون لە مێژوو و ئەدەبی خۆی ئەوسا مێژوو و ئەدەب و فیکریی جیهانی. هەڵبەت شاڕێگەی ئەمەش کتێبە، نەک سایتەکانی نێت و پۆستی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.