رۆژنامەی ھەولێر

نزیکبوونەوە لە پرسیاری ڕۆمانی کوردی چییە؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

لێکدانەوەی چەمکەکان لە گەلێک دۆخدا بەدوورنابێت لە خەوشی لەقاڵبدان و سنووربەندێتی. یان بە مانایەکی تر گەلێکجار چەمکەکان بەخواستی شیکەرەوە ڕادەکێشرێ و دەکەوێتە ناو ئەو گەمەیەی بەئەنقەست چەندین لق و پەلی تری لێ بکاتەوە. بۆیە هەمیشە ویستوومە لە پێناسەکردنی یەکلاییکەرەوە خۆم ببوێرم و هەوڵی تەواو دەدەم بۆچوونەکانم سەبارەت بە پێناسەکردنی هەر چەمکێک ڕێژەیی بن. ماوەیەکی زۆرە بیرم لە پێناسەی ڕۆمان دەکردەوە، هەڵبەت لە دیدی نووسەران و بیرمەندانی دیکەی جیهانییەوە نا، چونکە نووسینەوە و کۆپی پەیستی بۆچوونی ئەوانی تر، گەلێک ئاسانە، بەڵام ڕۆمان وەکو ئەوەی نووسەرانی کورد بەرهەمیان هێناوە هەڵگری چ پێناسەیەکە، بێگومان ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دەربڕینانەیان نا، کە خۆیان لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانیاندا دەیڵێن، بەڵکو بەوەی وەکو خوێنەرێک دوای خوێندنەوەی تێکستەکانیان هەست بە چ پێناسەیەک دەکەم بۆ ڕۆمان.

گەورە نووسەران و ڕەخنەگرانی وەکو “باختین، کۆندێرا، یۆسا، ڕۆب گرێی، ناتالی ساروت، فۆستەر”، یان هەر نووسەرێکی دیکەی جیهانی چی لەبارەی ڕۆمانەوە گوتووە لەم وتارەی مندا جێگەی نابێتەوە، بێگومان ناڵێم بۆچوونی ئەوانە گرنگ نین، بەڵام لێرەدا دەخوازم ڕۆمان لە دیدگای خۆمەوە دوای خوێندنەوەی دەیان ڕۆمانی کوردی لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێناسە بکەم.
من لەو خوێنەرانەم، دوورنیم لە ڕۆمانی کوردی، ناڵێم نزیکترین خوێنەرم، بەڵام ئەو مافە بەخۆم دەدەم کە لە ڕیزی خوێنەرە نزیکەکانی ڕۆمانی کوردیم و زیاتر لە 20 ساڵە چاودێری ڕۆمانە نوێکانی نووسەرانی کورد دەکەم، ئەمە بێجگە لەوەی بەپێی کات و دەرفەت و دەستڕاگەیشتن، ڕۆمانەکانی نەوەی پێشووتریشم خوێندووەتەوە لە “ژانی گەل و شڤانی کوردەوە تا شار و گەماڵ”. ئەم ڕوونکردنەوەیەشم لەپێناو ئەوەدا بوو، کە هەر ڕستەیەک لێرەدا نووسراوە چەمک فڕێدان نییە، بەڵکو وردبوونەوە و کنە و پشکنینە.
دەمەوێت ئەوەش بۆ هەموان ڕوون بکەمەوە، کە من چەمک فڕێ نادەم، لەگەڵیاندا دەژیم و بیریان لێ دەکەمەوە و بیریان تێدا دەکەمەوە ئەوسا بەکاریان دەهێنم. من سواڵی چەمک لە کەس ناکەم، خۆم لەنێو تێکستەکاندا بۆ چەمکەکان دەگەڕێم. نەک ڕۆژانە سواڵی چەمکە بەکارهێنراوەکان لە نووسەرانی دیکە بکەم. ئێستاش کە دەمەوێت سەبارەت بە ڕۆمانی کوردی بنووسم دەمەوێت پێناسەیەک، یان چەند پێناسەیەک دوای خوێندنەوەی دەیان ڕۆمانی کوردی وەکو جۆرێک لە نزیکبوونەوە لە پرسیاری ڕۆمانی کوردی چییە؟ بخەمەڕوو.
یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی سێ دەیەی ڕابردووی ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی، گەشەکردنی ڕۆمانی کوردی و دەرکەوتنی ئەزموونی جیاوازی ڕۆماننووسییە، کە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ڕۆماننووساندا هاوکات بەر ئەزموونی جیاواز و کارکردنی جیاواز دەکەوین، کە ئەمە خاڵێکی ئەرێنی ڕۆمانی کوردییە. ڕۆمان لە گێڕانەوەیەکی ئاسایی حیکایەتەوە گواسترایەوە بۆ سەرزەمینێک بۆ گەنگەشەی فیکریی و ئایینی و هەر لەڕێی ڕۆمانی کوردییەوە دەیان چەمکی (کار لەسەر نەکراو) لەنێو ڕۆمانی کوردیدا کاریان لەسەر کرا. ئەمە بێجگە لەوەی تەکنیکی نوێ و شێوازی گێڕانەوەی نوێ لەنێو ڕۆمانی کوردیدا سەری هەڵدا. ڕۆماننووسان کاریان لەنێو مێژووی نزیک و دووری کورددا کرد و دەیان چیرۆکی مێژوویی لەڕێگەی ڕۆمانەوە بە خوێنەرانی کورد ناسێنرایەوە. بێگومان ئەمانەش لای من وەکو خاڵی درەوشاوەی ڕۆمانی کوردی دەبینرێن.
لە دیوە درەوشاوەکەی ڕۆمانی کوردی، هونەرێک دەبینین خاوەنی دونیابینی و جیهانێکی گێڕانەوەیی گرنگ و جیهانگەرای هەیە و توانای ئەوەی هەیە لەنێو زمانی دیکە و کولتوور و سەرزەمینی دیکەدا جارێکی دیکە لەدایکببێتەوە. بەڵام دیوێکی دیکەی ڕۆمانی کوردی، یان بەدەست سادەییەوە دەناڵێنێت، یان لەنێو ئاڵۆزکاوییەکی بێ واتادا گیری خواردووە، کە هەردووکیان دژ بەو هونەرەن، کە دەشێ گوزەرنامەی ئەدەبی کوردی بێت بەرەو هەموو جیهان.
ڕۆمان هونەری گەڕانە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە دەشێ لە جێگەی دیکە ئەگەری گەڕان و دەستکەوتنی وەڵامی جۆراوجۆریان نەبێت، بەڵام لەنێو ڕۆماندا سەرزەمینێک دەخولقێنرێت گەڕان و بەدواداچوون سەبارەت بە چەمکانە ئاسان دەکات. یەکێکی دیکە لە پێناسەکان دەشێ ئەوە بێت، کە ڕۆمان هونەری نووسینەوەی مێژووە، بەڵام لە سەرزەمینێکی گێڕانەوەیی تژی بە خەیاڵ و فەنتازیا. دەشێ هاوکات ڕۆمان هونەری تابۆشکاندن و دەرچوون بێت لەو سنوورانەی کولتوور و ئایین و ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵگە بۆ تاکەکانی دروست دەکەن. ڕۆمان هونەری ئازادکردن و ئازادویستییە، دژ بە خواستی کۆیلە و تەسلیمبوونە و سەرزەمینی وردەبەرگرییە. دەشێ ڕۆمان هونەری پەڕینەوەی گێڕانەوە بێت لە لۆکاڵەوە بۆ جیهانی.
لەگەڵ ئەم دیوە درەوشاوانەی ڕۆمانی کوردیدا ناکرێت باسی دیوە تاریکەکانی ئەم هونەرەش نەکەین، کە لای بەشێک لە رۆماننووسانی کوردی ڕۆمان وەک جۆرێک لە ڕێگەی هەڵڕشتنی گرێی دەروونی دەنووسرێت، نەک بۆ ڕزگاربوون لە گرێی دەروونی. لە ڕۆماندا کار لەناو لایەنە جۆراوجۆرەکانی گرێی دەروونی دەکرێ، بەڵام بەو شێوەیەی بەشێک لە نووسەرانی کورد دەیکەن جۆرێکە لە تەقینەوەی گرێی دەروونی، یان سەرزەمینێکە بۆ تۆڵەکردنەوە لە نەیارەکانیان. لای بەشێکی دیکە لە ڕۆماننووسانی کورد، ڕۆمان هونەری ئاڵۆزکاندنە، نەک پیشاندانی ئاڵۆزی، بەوەی توانای وێناکردنی جیهانێکی ئاڵۆزیان نییە، بۆیە ئەو جیهانەی بەرهەمی دەهێنن دەبێتە سەرزەمینێکی ئاڵۆزکاو.
خاڵێکی دیکەی نەرێنی ڕۆمانی کوردی باسی شتەکان دەکات، کە ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە. ڕۆمان هونەری پیشاندانە، نەک باسکردن، ئەمە بێجگە لەوەی بەشێک لە ڕۆمانی کوردی، لایەنداریی یان دژایەتی ڕاستەخۆی تێدایە لەلایەن نووسەرەوە وەکو دەستدرێژیکارێک، واتە وەزیفەی نووسەر لە نووسەرییەوە دەگۆڕێت بۆ دەستدرێژیکار بۆ سەر هەموو جوڵەیەکی کاراکتەر و چیرۆک، نەک لە پێناو ئەفراندنی سەرزەمێنێکی گێڕانەوەییدا، بەڵکو لەپێناو جۆرێک لە ئایدۆلۆژیا و ئاییندا کە خزمەت بە بەهاکانی مرۆڤبوون ناکەن. لێرەوە دەردەکەوێت ڕۆمان هونەرێکە مرۆڤبوون تێیدا باڵایە. ڕۆمانووس گرنگە بڕوایەکی پتەوی بە ئازادییەکانی تاک هەبێت چ لە نێو ڕۆمانەکانیدا و چ لە دەرەوەی ڕۆمانەکانی. بەبێ ئەم بڕوایە ئێمە لەبەردەم ڕۆمانووسێکدا نین، بەڵکو لەبەردەم واعیزێکداین، کە بیرۆکەکانی خۆی دەسەپێنێت و هەموان دەبێت “بەڵێ”ی بۆ بکەن.
ڕۆمان، گێڕانەوە و حیکایەتخوانی ڕووت نییە، بەڵکو ڕۆمان هونەرێکە مامەڵە لەگەڵ هونەراندن و شێواز و تەکنیکی نوێدا دەکات. هونەرێکی قەتیس بوو نییە، کە یەک شێواز و تەکنیکی هەبێت، بەڵکو ڕۆمان هونەرێکە بێ کۆتایی خاوەنی تەکنیک و شێوازی جۆراوجۆرە و بەبێ ئاگاداریی و شارەزایی لە بەشێک لەم تەکنیک و شێوازانە، ڕۆمان دەبێتە تێکستێکی سادە دوور لە هەر هونەراندنێک.
دوو ئەزموونی گرنگی رۆماننووسی هەیە کە ڕۆماننووسەکانیان ئەزموونگەرن، یەکەمیان ماریۆ بارگاس یۆسای پیرۆیی-یە، کە ڕۆمانووسێکە لە هەر ڕۆمانێکیدا (کە من بەشێکی ڕۆمانەکانیم خوێندووەتەوە) ئەزموونێکی جیاواز و گێڕانەوەیەکی نوێ سەر ڕێ دەخات. هاوکات ئۆرهان پاموک-ی ڕۆماننوسی تورکیش بەهەمانشێوە یەکێکی ترە دەکرێت لەگەڵ یۆسادا وەکو ڕۆمانووسێکی ئەزموونگەر سەیریان بکەین، کە لە یەکەم ڕۆمانییەوە تا نوێترین ڕۆمانی، هەمیشە لە هەوڵی تاقیکارییدا بووە بۆ ئەزموونکردنی شێواز و تەکنیکی نوێی گێڕانەوەیی. دەشێ ئەم ئەزموونگەرایی و تۆکمەییەی گێڕانەوە و تەکنیکە بێت کە ئەم دوو ڕۆماننووسەی گەیاندە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات.
لێرەدا پێداگریی دەکەمەوە بۆ نزیکبوونەوە لە پرسیاری ڕۆمانی کوردی چییە؟ پێوستمان بە کۆلاژکردنی بۆچوونی نووسەرانی دیکە نییە تا لەژێر قسەی ئەواندا هیچ نەگوتنی خۆمان سەبارەت بە ڕۆمانی کوردی بشارینەوە. رۆمانی کوردی سەرەڕای ئەو تێبینیانە خاوەنی ئەزموونگەلێکی دەوڵەمەندە و جێگەی دڵخۆشییە کە بەشێک لە ئەزموونەکانی ڕۆمانی کوردی بەڕووی جیهاندا کراونەتەوە و سەفەریی هەمیشەییان بۆ نێو ئەدەبیاتی جیهانی کردووە و سەفەری نوێ بەڕێوەیە.