رۆژنامەی ھەولێر

ترسی لەبیرچوونەوە لەنێو نووسەراندا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

دیاردەیەکی نوێ کە لەنێو نووسەرانی کورددا دەبینرێت ترسی نووسەرانە لە لەبیرچوونەوە و بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان دەیانەوێت هەمیشە ئامادەییان (حضور)یان لەنێو دونیای ڕۆشنبیرییدا هەبێت، بەڵام چ ئامادەییەک؟ ئایا ئامادەبوونێکی بە بەرهەمی نوێ و گوتار و بەرهەمی بەپێزەوە، یان ئامادەییەک تەنها لەپێناو نووسەربووندا.

پێشتر لە چەند گوتارێکی دیکەدا دوو جۆرێک لە نووسەرم جیاکردووەتەوە، کە لێرەشدا بەپێویستی دەزانم ئاماژەیەکی پێ بدەم. یەکەم جۆریان ئەوانەن دەنووسن لەپێناو خودی نووسیندا و بۆ وشە دەسووتێن؛ یان نیچە گوتەنی “بەخوێنی خۆیان دەنووسن.” و ئامادەی هەموو قوربانیدانێکن لەپێناو نووسیندا و دۆستی هەمیشەیی کتێب و خوێندنەوەن. هەرچی جۆری دووەمە دەنووسن لەپێناو نووسەربوون و شاعیربووندا. ئامادەیی هیچ قوربانییەکیان نییە بۆ نووسین، بەڵکو نووسین دەکەنە قوربانی بۆ ئەوەی دەستکەوتی ماددی و مەعنەوی لێ بەدەست بهێنن و هەمیشە خۆیان وەکو نووسەر/شاعیر، نمایش دەکەن بەبێ ئەوەی بەرهەمگەلێکی شایستەیی خوێندنەوەیان هەبێت. تایبەتمەندییەکی تریان ئەوەیە کە هەمیشە دوورن لە کتێب و مەعریفە.
یەکێک لە ڕستە سەرنجڕاکێشەکانی مامۆستا شێرکۆ بێکەس ئەوەیە کە دەڵێت: “هەتا گەڵایەک دەنووسم، دارستانێک دەخوێنمەوە.” واتە بەرلەوەی ڕستەیەک بنووسین پێویستمان بە خوێندنەوەی هەزاران ڕستە هەیە. دەشکرێ گوتەکە وەها لێ بکەین بەرلەوەی ڕستەیەک بڵێین گرنگە هەزاران ببیستین بۆ ئەوەی قسەی بێکردار نەکەین، یان نەبینە سواڵکەری چەمک لە نووسەرانی دیکە و چەمکە بەکاربراوەکانی ئەوان هەڵنەگرینەوە و دووبارە بە قسەی بیرمەندان و نووسەران و فەیلەسوفانی دیکە ڕاڤەیان بکەین و دوور بکەوینەوە لە کارلێکەکانی ئەو چەمکانە لە دونیای کوردیدا.
زۆرن ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی تا هەنووکەش قسە بە کردار و داهێنان دەزانن و ژمارەی چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکانیان زیاترە لە ژمارەی تێکستەکانیان، یان لە ژمارەی کتێبەکانیان. بەڵام هەمیشە نووسەرە داهێنەرەکان کەمتر قسە دەکەن بۆ ئەوەی زۆرتر بیربکەنەوە و بنووسن. ئەوان دارستانێک دەخوێننەوە ئەوسا گەڵایەک دەنووسن. نەک گەڵایەک بخوێننەوە و دارستانێک بنووسن، یان قسە بکەن. نووسەرە داهێنەرەکان ئەوکاتانەشی قسە دەکەن و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی ساز دەکەن دەیانەوێت بۆچوونێک لەسەر پرسێکی گرنگ، یان دیاردەیەک بڵێن، کە بۆچوونێکی نوێ بێت، نەک دووبارەکردنەوەی ئەو ئایدیایانەی هەموان دەیزانن.
فەزای ڕۆشنبیریی کوردی ساڵانێکی زۆرە پێی ناوەتە قۆناغی قسەکردن و کۆجیتۆکەی دیکارت (من بیر دەکەمەوە کەواتە من هەم) بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بووە بە (من قسە دەکەم، کەواتە من هەم)، واتە دەبێت زۆرترین قسە بکەم، بۆ ئەوەی بیر نەچمەوە. بەڵام هەمیشە قسەکەرەکان تەمەنیان کورتە، بەڵام خۆشیان ئەمە دەزانن بۆیە ترسیان لە لەبیرچوونەوە هەیە.
هەمیشە وێنەیەک دەهێنمە پێشچاوم. دەبێت لەسەردەمی نالی و سالم و کوردیدا چەند شاعیری قسەکەر و خۆبەشاعیرزان هەبووبێت، بەڵام ئەوەی مایەوە شیعرە گرنگ و داهێنەرەکانی نالی و سالم و کوردین. بۆیە چەشنی مەحمود دەروێش لە شیعرێکدا دەڵێت “لەبیر دەچیتەوە وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبیت.” قسەکەرەکان لەبیر دەچنەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە داهێنان و ناوی نووسەر و ڕۆشنبیرە داهێنەرەکانە.
ئەدەبیاتێک لە قووڵاییەوە لەدایک بێت لە لەبیرچوونەوە ناترسێت. نووسەرێک چرای داهێنان لە دڵیدا بێت ترسی لە خامۆشبوونی نییە، بەڵکو چراکە دەکاتە مەشخەڵ. ئەو نووسەرانەی زۆربڵێی بە کردار دەزانن، ئەو نووسەرانەن کە لەبۆشایدا ون بوون. ونبوونێک توانای خۆدۆزینەوەیان نییە و لەوێشەوە لەبری داهێنان قسەکانیان وەک پرۆژە پیشان دەدەن.