ئارام کۆشکی ـ سلێمانی
لە وتاری پێشووتردا سەبارەت بە جیهانە ئاڵۆزەکەی ڕۆمانی کوردی دوام و لەوێدا بەرگریم لە ڕوونی کرد دژ بە ئاڵۆزکاوی و بەرگریم لە ئاڵۆزی کرد دژ بە سادەیی. لێرەدا دەمەوێت سەرنجەکانم ڕوونتر بکەمەوە سەبارەت بە سادەیی بەشێکی زۆری ڕۆمانی کوردی، کە جۆرێک لە کێشەی ڕۆمانی کوردییە. چۆن ئاڵۆزکاندن کێشەیە بۆ ڕۆمانی کوردی، هاوکات سادەیش کێشەیەکی دیکەی نەبینراوی ڕۆمانی کوردییە، کەدەتوانم بڵێم کێشەیەکی بونیادی ڕۆمانی کوردییە.
بۆ ئەوەی مەبەستەکەم بە دروستی بگات سەرەتا دەبێت دوو چەمک لە یەکتری جیا بکەینەوە. سادەیی و سادەکردنەوە، کە بەشێکی زۆر لە ڕۆماننووسان بەکاری دەهێنن و بەتایبەت ئەوانەی ئاگاداری هونەری ڕۆمانووسین نین و هەموو گێڕانەوەیەک بە ڕۆمان دەزانن، بۆیە پەنا بۆ سادەییەکی بێ قووڵایی دەبەن. واتە ئەوەی دەینووسن تەنها گێڕانەوەیە بەبێ هیچ قووڵاییەکی دەروونی و ئایدیایەکی فیکریی. چەمکی دووەم “ڕوونی”یە، کە ڕۆمانووسان زۆرجار سادەیی و ڕوونی تێکەڵ دەکەن. سادەیی خولانەوەیە لە بازنەی هیچ نەگوتندا و تەنها ڕیزکردنی چیرۆک و گێڕانەوەیە. بەڵام ڕوونی شتێکی دیکەیە، گوتنی ئایدیای گەورەیە بەڕوونیی. نووسەران ئەوکاتە دەتوانن بە ڕوونی بنووسن، کە لە پلەی کەماڵ نزیک ببنەوە. هەموو نووسەرە گەورەکانی دونیا لە کۆتاییەکانی تەمەندا، یان لە تەمەنی پێگەیشتنیاندا گەیشتوونەتە ڕوونییەکی تەواوەتی، وەکو دوا پلەی کەماڵ لە نووسیندا.
لێرەدا بۆ گەیاندنی مەبەستەکەم چەند نموونەیەک دەهێنمەوە. گابریل گاریسا مارکیز ڕۆماننووسی کۆڵۆمبی، ئەگەر بە وردی سەیری چەند بەرهەمی کۆتایی تەمەنی بکەین هەست بەو ڕوونییە دەکەین، نووسەرێک کە بە “سەد ساڵ تەنیایی” دەگاتە نۆبڵ، بەڵام دواجار ڕۆمانی “بەیادی سۆزانییە خەمبارەکانم”یش دەنووسێت. ئەمە پاشەکشە نییە لەو ئەزموونە ئاڵۆز و بەهێزەی پێشوو، بەڵکو ڕوونبوونەوەی ئایدیاکانە لەلای ئەم نووسەرە، کە پێویستی کردووە بەو شێوەیە بینووسێت. نموونەی دووەم ئۆرهان پاموکی ڕۆمانووسە، کە ئەگەر سەرنج لە دوو ڕۆمانی کۆتایی “ژنە قژسوورەکە” و “شەوانی تاعون” بدەین لە هەموو ڕوویەکەوە ڕوونتر و شەفافترە لە ڕۆمانەکانی وەکو “ژیانی نوێ”، “کتێبی ڕەش”، یان “من ناوم سوورە”، ئەمەش دیسان نیشانەی ڕوونبوونەوەی نووسەرە سەبارەت بەو چەمک و ئایدیایانەی دەیەوێت بە شێوەی ڕوونتر لە جاران بیانگەیەنێت.
ئەم ئەزموونی ڕوونبوونەوەیە لای بەختیار عەلی-یش دەبینرێت. ئەگەر دوو نوێترین ڕۆمانی ئەم نووسەرە وەک نموونە “بەندەر فەیلی” و “نەفرەتی نەوبەهاران” وەربگرین. دەبینین ئەم نووسەرەش چەشنی دوو نووسەرەکەی پێشوو هەست بە ڕووننووسی دەکرێت و ئەو سەختی و ئاڵۆزییەی لە ڕۆمانەکانی وەکو “مەرگی تاقانەی دووەم”، “شاری مۆسیقارە سپییەکان”، “غەزەنووس و باخەکانی خەیاڵ”دا هەیە لەم دوو ڕۆمانە نوێیەیدا هەستی پێ ناکرێت.
لێرەوە تێدەگەین نووسەرانی سادەنووس دوو جۆرن، یەکەم: ئەو کەسانەن ئاگاداری ئەو جیهانە نین کە تێدا دەنووسن، یان ئەو هونەرە ناناسن، کە دەیانەوێت تێیدا کار بکەن (بە نموونە هونەری ڕۆمان). دووەم: ئەو نووسەرانەن ئاگاداریەکی سەرەتاییان سەبارەت بە هونەرەکە هەیە، بەڵام کوشتەی خوێنەر و ناوبانگن و ئەوەی بۆیان گرنگە نووسەربوون و ڕۆماننووسبوونە، نەک بەرهەمهێنانی دەقێکی داهێنەرانە.
ئەوەی جیهانە سادەکەی ڕۆمانی کوردی بونیاد ناوە ئەو نووسەرانەن کە ئاگادارییەکی ئەوتۆیان سەبارەت بە هونەری ڕۆمان نییە و تەنها حەزی نووسینی ڕۆمانیان هەیە، کە ئەمە دوو شتی زۆر جیاوازە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ڕۆمانووس پەیڕەوکاری ڕوونی بێت دژ بە سادەیی بۆش، کە خوێنەر لە جیهانەکەی بتۆرێنێت.

