رۆژنامەی ھەولێر

ماڵئاوا… پایزی ڕەنگ زەرد

عوسمان مه‌حموود

 

گوایە دەڵێن :
پایز کیژێکی ڕەنگ زەردە و
ڕەنگی چاوی …
وەک کوندێکی نێو کەلاوەی
ماڵێکی بێنەوا وایە
جێ چڕنووکی لەسەر زامی
گشت دڵێکی بێگەرد دایە
* * *
گوایە دەشڵێن :
بەهار شۆخێکی دڵتەڕی
شای وەرزانە و
بەوەفایە
پڕشنگ لە چاوانی دەڕژێ
بۆ ساتێکتش…
پێڵوی حەزی لێک نانێت و
خەمیش لای ئەو
لە گیانەڵای مەرگ دایە
ئەی باشە بۆ
دوو بەهارە
پایز دەزگیرانی منە و
لە هەواری مندا نەبێ
ڕەشماڵی خێڵی هەڵنادا
بۆ تاوێکیش
دەستی سڕی؛ گەر هەناسەی گەرمم نەبێ
مێزی لە قەدم بەرنادا
* * *
نا نا ئەی پایزی ڕەنگ زەرد
دەماڵئاوا و
چیتر دەست؛ لە ئەستۆی هیوام
مەئاڵێنە
من دەزگیرانێکم ناوێ
خەندەی لە لێوان تۆرابێ
ئا. هەر ئەو بەهارەم دەوێ
ئەویش کۆرپەلەی دایکێکی
دێ سووتاوە
دە ئەوجا . با نیشانتان دەم
دەزانم چاوتان لە ڕێیە :
ئەو کیژەش کوردستانمە و
مژدەی ئازادی خۆی پێیە

ئایاری ١٩٨٦قەڵادزێ