نووسین: جەبار جەمال غەریب
“من ئەو کچەم بۆ ماوەیەکی زۆر کەم دیت، نامەیەکم دایە و نامەکە ئەوی کرد بە خەڵووز. من هەواڵی ئەو بە خەڵووزبوونەم هێنایەوە، هەواڵی نامەکەم بۆ بێستوون هێنایەوە، ئەو برادەرەم، ئەو برادەرە کوژراوەم، ئەو ڕۆژەم لەبیرە من لەبەردەرگا درامە بەر گوللە، یەکێک بە کوژراوی کەوتبوو، ئەو بوو، بێستوون بوو، بۆ وەڵامی نامە ژهراوییەکەی هاتبوو.” لاپەڕە (٢٨٩).
ئەم ڕۆمانە لەناو کتێبەکانی دیکەی پێشانگای کتێبی سلێمانی زووتر سەرنجی ڕاکێشام، کۆمەڵێک کتێبی دیکەشم کڕی، بەڵام ئەمەیان پێش هەموویان، هۆکاری یەکەم، ئەو متمانەیە بوو کە نووسەر لای من دروستی کردووە لە ڕێگای بەرهەمەکانی پێشتری. دووەم: ناونیشان، هەڵبژاردنی ناونیشان یەکێکە لە گرنگترین لایەنی ناساندنی کتێب و دنیابینی نووسەر، هەر نووسەرێک توانای خۆی پێش ناوەڕۆکی کتێبەکەی لە ڕێگای ناونیشانەوە بە خوێنەر و وەرگر پیشان دەدات. چۆن متمانە دروست نابێ، ئەگەر سەیری ناونیشانی بەرهەمەکانی دیکەی نووسەر (جەبار جەمال غەریب) بکەین دەبینین پڕە لە جوانی، خوێنەر ڕادەکێشێت، ناچاری دەکات دەست بۆ کتێبەکەی ببات، کە دەستی بۆ کتێبەکەش برد، ئیتر ناتوانێ دایبنێتەوە تا تەواوی نەکات وەک (بنووسە خوێن، سەردەمی گریانی بەلقیس، کەوتنی ئاسمانەکان، نەتەوەی زێرابەکان، لەسەر باران دەنووسم، ژنانی ئاو، گیانی تاشەکان، شکانی زێ….).
نامەوێت ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس بکەم تەنیا چەند ڕستەیەک دەخەمە ڕوو، ئەوەی تر بۆ خوێنەران جێ دەهێڵم.
”نامەیەکی بێستوون لە کێوەکانەوە بۆ کەژاڵ قوتابی هونەرە جوانەکان لە ڕێگای شێروان، کە گەردوونی عاشقی پێیدەگوت: شیواش، گڕی لە هونەرە جوانەکان و شارەکەش بەردا، کەژاڵ بۆ خوێندنەوەی نامەکە چووە ئاودەست، ئارامترین شوێنی عاشقان لەو وڵاتە. ئەو نامەیە کەژاڵی سووتاند، بێستوون کوژرا، شێروان سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، جەرگی مستەفای باوک و ناجی دایکی سووتاند. قارەمانی داخ کرد، گەردوون ـ شیکا لە زانکۆی مووسڵ نائومێد و سەرگەردان کرد، ناچار مێرد بە ئەنەسی مەلا موحسینی بەزاز بکات، پیاوێکی بێ خەسڵەت، کە دواجار ئەنەس وەکو مردوویەک ژیان لەو ماڵەی گەردوون بەسەر دەبات.”
خوێندنەوەی ڕۆمان بۆ من تەنیا جێژ وەرگرتن نییە لە بابەتەکە، بەڵکوو ڕۆچوونە بەناو شێوازی گێڕانەوە و تەکنیک و چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنیکەکانە. جەبار جەمال غەریب لەم ڕۆمانە زۆر بە کارامەیی تەکنیکەکانی (شەپۆڵی هۆش، پارچە پارچە، دووبارەکردنەوە، بازنەیی، کۆتایی کراوە) بەکار هێناوە، بەڵام زیاتر لەسەر تەکنیکەکانی پێکهاتەی بازنەیی و کۆتایی کراوە و دووبارەکردنەوە کردووە قووڵ بۆتەوە. ئەم سێ تەکنیکە لە سەردەمی نوێخوازی و پاشنوێخوازی بەکار هاتوون. لێرە بە کورتی باسی دووانیان لێ دەکەین.
تەکنیکیی پێکهاتەی بازنەیی، کاتێک ڕوو دەدات کە ڕۆمانەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لە سەرەتای ڕۆمانەکە دەستی پێ کردووە ـ لە ڕووی ناوەڕۆک، فەزا، کات، یان بابەتەوە.
بەم شێوەیە چیرۆکەکە وەک بازنەیەک دەخوڵێتەوە، هەربۆیەش بە “پێکهاتەیەکی بازنەیی” ناودەبرێت. تایبەتمەندیەکان، سەرەتا و کۆتایی ئاوێنەیەکی یەکترن. زۆرجار بازنە هێمای وەستان، دووبارەبوونەوە، یان نەگۆڕین، دەتوانێت کاریگەرییەکی ئیرۆنی، تراژیدی، یان فەلسەفی هەبێت. جەخت لەسەر چارەنووس، گەشەسەندنی ناوەوە، سووڕەکانی ژیان، یان تەنانەت نەگۆڕانی پەیوەندییەکانی مرۆڤ دەکاتەوە.
بۆ نموونە لە سەرەتای ڕۆمانەکە کە دەستپێدەکات بە ژانری شیعرە:
بەناو باران و تەور و ئاگردا،
بەناو دۆزەخ و بورکان و ئاودا،
بەدواتدا دێم،
بە گژ شاخ و دێو و تۆفاندا دەچم و،
بە دواتدا دێم. لاپەڕە (٥)
هەروەها بە کارەکتەری شێروان و گەردوون بە عەشقێکی سووتێنەر، «ڕۆژێک گومان لە خۆشەویستیی من بکەی، خەیاڵی خراپ بکەی، دەشێ بتکوژم.» لاپەڕە (٦)
لە کۆتایی ڕۆمانەکەش بە هەمان ناوەڕۆک و مەبەست و ژانری شیعر کۆتای دێت:
هاتم بەناو گەرداو و لافاودا.
هاتم بە ناو دۆزەخ و ئاگردا. لاپەڕە (٣٥٢).
هەمدیس دەگەڕێتەوە بۆ لای شێروان و گەردوون خاڵی سەرەتا، بەڵام لەوێ شێروان لە ژوورەکەی مردووە، گەردوونیش دوای تۆزی پیکابەکە کەوتووە.
ئەم جۆرە تەکنیکانە لای نووسەرانی جیهانیش بەکارهاتوون وەک:
فرانز کافکا، لە ڕۆمانی “دادگا” باوک ئیدانەی کوڕەکە دەکات، لە کۆتاییدا، پیلانەکە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سەرەتایی ململانێکان.
هێرمان هێسە، بە هەمان شێوە لە ڕۆمانی “سیدهارتا” لە کۆتایی گەشتەکەیدا، پاڵەوانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووبارەکە، کە گۆڕانکاری ناوەوەی لێیەوە دەستی پێ کردووە.
تەکنیکی کۆتایی کراوە، تەکنیکێکی گێڕانەوەیە، کە چیرۆکەکە بەبێ بڕیارێکی ڕوون و پەیام و ئامانجێکی دیار و ئاشکرا کۆتایی دێت و بوار بۆ خوێنەر دەهێڵێتەوە لێکدانەوە و گریمانەکانی خۆیان بکەن.
«خوشکی ئەوم. گەردوون قوڵتر ڕوانییە ژنە کەوتووەکە. چاوی ژن ناگۆڕێ، ناسییەوە، خوشکە قژ سوورەکەی شێروانە، هەمان چاوی قاوەیی کاڵی منداڵی، هەمان بریسکە و هەمان دەربەستی و خەمخۆری. پەری زووتر بەدەنگ هات، وەک لە نیوەشەودا خۆری دیبێت، بە گریان و مردنەوە گوتی:
گەردوون، تینی دایە خۆی هەستێ، کەوتەوە و دەستی بە تەنورە پرتەقاڵەییەکەی گەردوونەوە گرت، وەک گەرداو و لافاو فرمێسکی باراندە سەر پێیە هێشتا ناسکەکانی، گەردوون کەوتە سەر چۆک، توند پەری لە باوەش کرد، پەری گوتی: ئێستا زانیم بۆچی منی جێ هێشتووە و هاتووەتە ئەو گەڕەکە.
گەردوون لە ناخەوە ئاگری گرتبوو، ئاگرێک لە ژێر خۆڵەمێش و مردندا سەری دەرهێنابووەوە، بە دەنگەوە پرسی:
– ئەی بۆ بۆ بە بەتانی هێنایانە خوارێ؟
– ئاخر مردبوو.
گەردوون وەک ئاسک هەستایە سەر پێ و بەدوای تۆزی پێکابەکەدا چوو، بە دەنگێک کە تا ئێستا لە کۆڵانەکانی ئازادیدا دەنگ دەداتەوە و عاشقان گوێیان لێیەتی، گوتی:
هاتم بەناو گەرداو و لافاودا.
هاتم بەناو دۆزەخ و ئاگردا.
هەزاران پەپوولە و ئەستێرە لە دەمی هاتنە دەرێ و وەک پیرەژنێکی مردوو لەوێ کەوت.» لاپەڕە (٣٥١-٣٥٢)
ئەم جۆرە تەکنیکە لە ئەدەبیاتی جیهانی زۆر گرنگیی پێ دراوە و کاری لەسەر کراوە، تا خوێنەر هان بدات بەشداری بکات لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و تێکەڵبوونی بە تێکستەکە. نووسەری دیاری ئەڵمانی (بێرنارد شلینک) لە ڕۆمانی خوێنەرکەدا کاری کردووە بە تەکنیکی کۆتاییەکی کراوە.
”مایکل بێرگ لە تەمەنی هەرزەکاریدا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ (هانا) دروست دەکات کە لە خۆی گەورەترە. دواتر دەزانێت کە ئەو کچە وەک پاسەوانی زیندانیانی سەربازگەی نازییەکان کاری کردووە. دوای چەند ساڵێک لە زیندان سەردانی هانا دەکات. سەرەڕای ئەمە پەیوەندیان بەردەوام دەبێت. هانا پێش ئازادکردنی خۆی دەکوژێت. مایکل بە تاوانباری و یادەوەری و پرسیارەوە دەمێنێتەوە.
ڕۆمانەکە بە سەردانەکەی بۆ گۆڕی هانا کۆتایی دێت، بەبێ ئەوەی هیچ ئامانجێکی ڕوونی هەبێت، کە ئایا ئارامی دەدۆزێتەوە یان نا. هیچ چارەسەرێکی ئەخلاقی و سۆزداری نییە. هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پەیوەندییە نەکراوە، هەموو شتێک لەبەردەم خوێنەر کراوەیە.
لە ڕۆمانی (میراتگرانی عەشق) بە هەمان شێوە کۆتاییەکەی کراوەیە، خوێنەر ناچار دەکات بۆ خۆی بیر لەو ڕووداو و تاوان و بەرپرسیارەتییەکان بکاتەوە. بەم شێوەیە جەبار جەمال غەریب ئەوە نیشان دەدات کە چاکبوونەوە و خۆناسین لە ئامانجی کۆتاییدا نییە، بەڵکو لە سووڕێکی بەردەوامی گەشەسەندنی ناوەوەدایە، بەو پێیە کۆتایی بازنەیی هێمای وەستان نییە، بەڵکە گەڕانەوەیە بۆ ئاستێکی بەرزی هۆشیاری.
سەرچاوە:
جەبار جەمال عەریب، ٢٠٢٥، میراتگرانی عەشق، دەزگای سەردەم، سلێمانی
Bernhard Schlink، Der Vorleser، Diogenes، Zürich 1995
Hermann Hesse، Siddharta، Babelio 1922

