یونس ڕەزایی
وردەوردە
وەک دوا بیرەوەری ژنێک
لە وەرینی پایز لە هەیوانی خەمی
بەسەر خەونی نوستووی شاردا
داببارە بەفری ئازیز
بەسەر من دا
بەسەر دارتێلێک چاوەڕێی
گڵۆپەکانی نیگای کیژێکی درەنگ
کلوو کلوو بنیشە سەر ئەو دیوارەی
هەم دڵتەنگ و هەم خامۆشە.
هێڵێک لە خەیاڵێکی تاڵ لەزەینی بەندییەک دا رەش رەش بۆتەوە
داببارە
و
خەیاڵی رەش
دڵتەنگیی تاڵ
دابپۆشە.
لە بەفردا
تەنیا لەشێک ئازاد دەبێ
کە خۆی بەدەستی زستانەوە نەدابێ
تەنیا باڵندەیەک
وێڕای سەمای بادەوە
کلووی سەرگەردانی دەوێ
کە تەریبی شەقامەکان
لە هەنگاوی تەڕی ژنەکان دوابێ.
هێدی و نیان
لەسەر داری حەسار دا هێلانە بکە
ببارە هەیوانی بەیانیی خەڵکەوە
با هەزار پەنجەرە بەیادت بزەیان بێتێ
هەزار مەلیش لە شاخەوە
هێڵێک رەش کەنەوە هەتاکوو ناخی شار
داببارە بەفری ئازیز
هەموو رەنگەکان واتایان کاڵ بۆتەوە
تەنانەت رەنگی ئەو دروشمانەی
شەو لەسەر بڵوارەکان نووسراون
رەنگی ئەو شەوانەش
کە لوورەی گورگ ون دەبوو
لە حیلەی ئەسپێکی دوور دا
لە ترپەی
هەنگاوێکی ئاوارەی سەرسنووردا
داببارە بەفری نامۆ
پەنجەرە چاوی لە رێتە
شێعر باوەشی بەرووت دا ئاواڵەیە
هێند ببارە ئەوەی رەنگی تاریکییە
لەسەر نەخشەی شار هەڵگیرێ
ئەوەندە بڵاو بەوە لە کات دا
با رێگای هەموو بەندیخانەیەک هەتا سبەینێ بگیرێ
بەسەر مندا
کە هەزار سەخڵەتیم دیوە
بە دێرەکانی شێعردا
کە شەقامی ئاژاوەی ژنانە
بە سەر سروودەکانی بەیانی و
لە لای هاوارەکانی ئێوارە
سپی و
سادە
داببارە.

