رۆژنامەی ھەولێر

تەعریبی زمانی کوردی و ناوچە دابڕێنراوەکان

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

کاتێک دەڵێین “زمانی کوردی ناسنامەیە”، ئەمە تەنها گوزارشتێکی سادە و تیژتێپەڕ نییە، بەڵکو ئەمە لە قووڵایی بوونی ئێمەی کورددا ڕەنگدانەوەی هەیە. سەدەیەک زیاترە زمان شەڕی مانەوەی ئێمە دەکات و لەو سەدەیەدا بە دەیان شێوە هەوڵی سڕینەوەی ئێمەی کورد دراوە. هەر لە ئەنفال و کیمیابارنکردنەوە تا هەموو شێوازەکانی تەعریبکردن و سڕینەوە، بەڵام ئەوەی ئێمەی بۆ هەمیشەیی بە پێوە هێشتەوە زمانەکەمان بوو، کە بووتە ناسنامەی بوونی ئێمە.

نکۆڵیکردن لە کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوودا. نکۆڵیکردن لە زمانی کوردی و کوردبوون لە باکوور و سزادانی بە کوردی ئاخاوتن و فێربوونی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێستاش دژایەتی ڕاستەوخۆی زمانی کوردی لە ناوچەدابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان کارکردنە لەسەر هەمان پلان و ستراتیژی سڕینەوەی زمان وەکو ناسنامەی نەتەوەیی ئێمە. ئەوەی پێیوایە زمانی کوردی ناسنامە نییە و تەنها هۆکارێکی گواستنەوەیی بیروڕا و لێکتێگەیشتنە لە هەڵەدایە. بۆ ئێمەی کورد زمان ناسنامەیە و گەورەترە لە هۆکارێکی گەیاندنی بیروڕا و لێکتێگەیشتن بێت.
ئێستا کە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقداین، یەکێک لە شەڕە گرنگ و سەختەکانی ئەم خولە شەڕی زمان و ناسنامەی کوردبوونە لە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە تا ئێستاش مەترسی لەسەر بوون و زمانەکەمان هەیە و “تەعریبی زمانی کوردی” بەردەوامی هەیە. ئەو کێشانەی ئەمساڵ لە تاقیکردنەوەکاندا بۆ خوێندکارانی کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان هاتە پێش و ڕێگری دەکرا لەوەی بە زمانی دایکیی وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بدەنەوە، ئەوە سەرەتایەکی مەترسیداری “تەعریبی زمان”ـە و بەردەوامی ئەو عەقڵیەتە فاشیستییەیە کە تا ئێستاش ڕیشەکەی لەنێو بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتدارانی عێراقدا هەیە.
لێرەوە تێدەگەین ئەگەر نوێنەرانی کورد لە بەغداد تا ئێستا شەڕی شایستە دارایی و پرسە سیاسییەکانی کوردستانیان کردووە. ئێستا پێویستە شەڕی زمانیش بکەن، چونکە زمانی کوردی لە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستاندا لەژێر هەژموونی تەعریب و سڕینەوەدایە. زۆرجار نوێنەرانی کورد لە بەغداد بە شەڕی بچووکەوە سەرقاڵ دەکرێن، تا شەڕە گرنگە نەتەوەییەکانیان بیر ببرێتەوە، بەڵام دەشێ لەم خولە نوێیەدا و لە نوێنەرانی ئەمجارەدا لەگەڵ سەرقاڵ بوون بە هەموو شەڕەکانی دیکەوە، کە شەڕی ماف و پرسە سیاسییەکانی دیکە دەکەن. شەڕی زمان، وەک ناسنامەی نەتەوەیی ناوچە تەعریبکراو و دابڕێنراوەکانیش بکەن، کە پێموایە ئەم شەڕەیان گرنگترین و ستراتیژیترین شەڕی نوێنەرانی کوردە لە بەغداد و قووڵایی ستراتیژیی ئەم شەڕەیان گرنگتر و بەرهەمدارترە، ئەمەش کاری لەپێشینەی ئەوانە.
خاڵێکی گرنگ کە نوێنەرانی کورد دەتوانن وەکو چەکێکی کاریگەر بەکاری بهێنن دەستووری عێراقە. لەدەستووردا زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە، کەواتە بۆ هەر پرسێک تایبەت بە زمانی کوردی جێبەجێکردنی دەستوور ڕێگەخۆشکەرە بۆ هەر هەنگاوێک کە دژی زمانەکەمان بکرێت. واتە دەتوانرێت هەر بە دەقە دەستوورییەکان ڕێگریی لە هەر تەعریبکردن و پێشێلکردنێک بگیرێت کە دژ بە زمانەکەکان دەکرێت. بۆیە “چەکی دەستوور” و بەکارهێنانی بۆ بەرگریکردن لە زمانی کوردی چەکێکی کاریگەر و گرنگە و ناکرێت فەرامۆش بکرێت.
خاڵێکی دیکەی گرنگ بووژاندنەوەی زمانی کوردییە لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا لە هەموو ئاست و بوارەکاندا، هەر لە هەڵواسینی تابلۆی سەر مارکێت و ڕێگەوبانەکانەوە تا کردنەوەی پەیمانگە تایبەت بۆ توێژینەوە و پەرەپێدانی زمانی کوردی و کێبڕکێی نووسین بە کوردییەکی خاوێن، کە هەموو ئەمانە دەبنە هاندەر بۆ پاراستن و بەرگرین لە زمانی کوردی وەکو ناسنامەی نەتەوەیی ئەو ناوچانەی سەد ساڵە لەژێر هەڕەشەی تەعیریبدان.
لاموایە گرنگترین کارێک ئەم خولە نوێیەی نوێنەرانی کورد لە بەغداد بیکەن ئەوەیە کە زمانی کوردی لە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان فەرامۆش نەکەن و جگە لە شەڕی سیاسی و شایستە داراییەکان و خزمەتگوزاریی نابێت شەڕی زمانیش لەبیر بکەن، چونکە تا دێت مەترسییەکان لەسەر زمانی کوردی لەو ناوچانەدا زیاتر و زیاتر دەبێت.