ئاری ئاغۆک
لەم ڕۆژانە دیمەنێکی جوانی ژینگەدۆستی سەرنجی ڕاکێشام کە دەسپێکێکی باشە بۆ ئاسانکاری و جیاکردنەوەی پاشماوە خۆراکییەکان، ئەویش بریتیە لە دانانی چەند سەلەیەک لە شێوەی سندوق لە شەقامە گشتیەکانی شار، کە لە نزیکەوە بینینم دڵخۆش بووم بەو هەنگاوە جوانە کە پڕۆژەیەکی تازەی (دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن)ـە، بۆ فڕێدانی پاشخوان (پاشماوەی خۆراک) و خاشاکی دیکە، کە بەجیاکردنەوەی دوو بەش بەم شێوەیە نووسراوە:
* فڕێدانی پلاستیک و کاغەز، قوتووی کانزایی، بەرهەمی ئەلیکترۆنی، ئاسن؛ لە لای دەستەڕاست.
*فڕێدانی پاشماوەی خۆراکی (پاشخوان)، شووشە؛ لە لای دەستەچەپ.
لەگەڵ ئەوەی ئەم کارە شتێکی تازە نیە، ساڵانێک لەمەوپێش لە کاتی سەردانم بۆ چەند وڵاتێک ئەم دیمەنەم دەبینی، بە لامەوە کارێکی جوانی شارستانی ژینگە دۆستی و خاک پارێزی بوو، دەمگوت دەبێت ڕۆژێ دابێت لە کوردستانیش ئەم جۆرە هەوڵە هەبێت؟! بەخۆشحاڵیەوە لەم ماوەیەدا کاتێ ئەم سەلانەم لە شەقامی گشتیی بینی، لەدڵەوە خۆشحاڵبووم، چونکە بەداخەوە لەوەتەی بەبیرمان دێ، لە گەڕەک و شوێنە گشتییەکان پاشماوە و کەرستە بەکارهاتووەکان لە یەک حاویە و سەلەی زبڵ و خاشاک بەتێکەڵی، لە نێو ئۆتۆمبێل دەکرێت، کە بریتین لە پاشخوان (پاشماوەی خۆراک و خواردن) و دەبەی ئاو و کارتۆن و پەڕۆک (دایبی) و شووشە و قوتووی خواردنەوە گازییەکان، کاغەز و، هتد؛ بەداخەوە ئەو هەموو کەرستە و پاشماوە جۆراوجۆرانە لە دەرەوەی شار کۆ دەکرێتەوە، بەڵام هەر لە هەمان ئەو زەویەیە کە پێی دەڵێن گۆی زەوی، کە ژینگەی مرۆڤە ئەوا لەوێ فڕێ دەدرێت! لەوێوەش کۆمەڵە مرۆڤێکی هەژار و کەمداهات بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان لەنێو ئەو پاشماوە پیس و ناتەندروستانە، لە ژینگەیەکی خراپ و دیمەنێکی تراژیدیدا، بە دوای کەرستەی کەمێک سوودبەخشدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دواتر بیفرۆشنەوە بە پارەیەکی ئێجگار کەم، بۆ قووت و بژێوی ڕۆژانە!
بێگومان هیچ کەسێک حەز ناکات مرۆڤە هەژارەکان لەو ژینگە پیس و ئاڵۆزە ئەم جۆرە كار و کاسبیە بکەن، بەڵام ئەو جیاکردنەوەیە ئاسانکاریەکی زۆرباشە بۆ کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی پلاستیک و کاغەز و کارتۆن و شووشە و بەرهەمی ئەلیکترۆنی و ئاسن، کە بۆ فرۆشتنەوەو دووبارە بەکارهاتنەوە کارێکی باشە و سوودی هەیە.
بۆیە بەشێوەیەکی گشتی ئەم هەوڵ و پڕۆژەیە لەگەڵ ئەوەی کارێکی درەنگ وەختە، بەڵام بە سەرەتایەکی زۆر باشی دەزانین، لێرەدا پێویستە دانانی ئەم سەلەو سندوقانە تەنیا لە چوارچێوەی شوێنێکی دیاریکراو نەبێت، بەڵکو پێشنیار دەکەین لە چێشتخانە و خواردنگە جۆراو جۆرەکان، لە فەرمانگە و کۆمپانیاکان و سەرجەم گەڕەکەکانی شار، بەتایبەتتر لە نێو ماڵ، بەم شێوەیە پاشماوە خۆراکییەکان جیابکرێتەوە، ئەو هەوڵە کارێکی گران نییە و بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگە و خاک و سروشت ئاسانکاریەکی زۆرباشە.
پرۆژەکەی (دامەزراوەی کوردستان فاوەندیشن) چەندین سوودی هەیە؛ لەوانە:
1. کۆمەڵگە فێرە گرینگی ژینگەدۆستی و پاک و خاوێنی دەکات.
2. بەشێک لە پاشماوە جیاکراوەکان، بە ئاسانی بۆ دووبارەبەکارهێنانەوە بەکار دێت.
3. دەبێتە هۆکارێک بۆ فرۆشتن و داهات، کە بۆ لایەنی ئابووری و دەستی کار و بۆ کەسانی کەمداهات سوودی هەیە.
4. لەو شوێنەی کە پاشماوە جۆراوجۆرەکانی لێ فڕێ دەدرێ، مەترسی لەسەر ژیانی ئاژەڵ و باڵندە دروست دەکات، بەڵام بە جیاکردنەوەی ئەم مەترسیە نامێنێت.
5. ئەگەر ئاوا بە تێکەڵاوی بێت، ئەوا کاریگەری خراپی لەسەر خاک و ئاوی ژێر زەوی دەبێت، بەڵام بە جیاکردنەوەی، ئەم کاریگەرە خراپەی بەم شێوەیە نابێت.
6. شیش و پلاستیک و کاغەز و شووشە دەکرێ دووبارە بەکار بێتەوە، ئەمەش هەم سوودی ئابووریی هەیە، هەم تێچووی کەمتر دەبێت، نرخی لە بازاڕ هەرزانتر دەبێت.
ماوەتەوە بڵێێن دووبارە دەستخۆشی لەم پڕۆژەیە دەکەین، داواکارین ڕێکخراوەکانی ژینگە و لایەنەکانی دیکە، هەماهەنگ بن بۆ فراوانبوونی ئەم پلانە ژینگەدۆستانەیە.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر

