ئامادەكردن و وەرگێڕانی: مەحموود هۆمەر باوزی
سیمین دانیشوەر و جەلال ئالئەحمەد دوو كەسایەتی لە بەناوبانگترین هاوژینانی ئەدەبیی مێژووی ئێرانن، ژن و مێردێك ئەدەب بۆ لای یەكتری كێشیكردن و چیرۆكی ژیان و پێكگەیشتنیان بەلای خەڵكی ئەدیب و ئەدەب دۆستەوە سەرنج ڕاكێشە.
جەلال و سیمین بە ڕێكەوت لە بەهاری ساڵی 1948 یەكتریان ناسی و هاوسەرگیرییان كرد. ئەوان تا كۆتایی تەمەنە كورتەکەی جەلال، ماوەی بیست ساڵ پێكەوە ژیان، منداڵیان نەبوو. راستییەكەی بەری ئەو هاوسەرگیری و ژیانی هاوبەشەیان کۆمەڵە منداڵێک بوو بە ناوی كتێب.
سیمین بە یەكەمین ژنی ئێرانی ناسراوە كە بەشێوەیەكی پیشەیی بە زمانی فارسی چیرۆكی نووسیوە. جەلالیش نووسەرێكی رووناكبیر بوو كە كاریگەری زۆری لەسەر نووسەرانی دوای خۆی داناوە.
جەلال لە 9ی سێبتەمبەری ساڵی 1969، ئەو كاتە تەمەنی تەنها 45 ساڵ بوو، كۆچی دوایی كرد و سیمینە خۆشەویستەکەی بەتەنیا بەجێ هێشت. دانیشوەر لە دوای كۆچی جەلال، تا كۆتایی تەمەنی بەرهەمدار و پڕ بەرەكەتی (90) ساڵی بە تەنیا ژیا و، شووی نەكردەوە، تا لە رۆژی 8/3/2012 بۆ دواجار چاوی لێک نان و ماڵئاوایی كرد.
جەلال، ساڵی 1923 لە خێزانێكی ئاینی گەڕەكی سەید نەسرەدینی تاران لەدایك بوو. دوای تەواوكردنی قۆناغی سەرەتایی باوكی رێگەی پێ نەدا لە خوێندن بەردەوام بێ، بەڵام ئەو نەكەوتە ژێر باری ئەو فەرمانەی باوكی و دەنووسێ:
دارولفنوونیش پۆلی شەوانەی كردبۆوە، بە دزیی باوكمەوە ناوی خۆم تۆمار كرد. ڕۆژانە كاری سەعاتسازی و كارەبا، دوای ئەوە پێستەفرۆشیم دەكرد و شەوانە دەمخوێند. بە داهاتی ساڵێكی تەواو، قۆناغی ناوەندیم تەواو كرد، دواتر جارجارە ئیشی كارەباچێتی و بەردەستیی جەوادی زاوامانم دەكرد، كە مێردی خوشكم بوو. بەو شێوەیە دواناوەندیشم تەواو كرد و بوومە خاوەن بڕوانامەی دبلۆم.
ساڵی 1943 چووە زانستگەی باڵای تاران و بەشی زمان و ئەدەبیاتی فارسی تەواو كرد، دواتر ملی دەبەر خوێندنی دكتۆرا نا، بەڵام لە كۆتاییدا وازی لێ هێنا و تەواوی نەكرد. یەكەمین كۆمەڵە چیرۆكی بەناوی “دید و سەردانەوە” لەو سەردەمەدا چاپ كرد.
سیمین دانشوەر، رێکەوتی 8ی مارسی ساڵی 1921 لە شیراز لەدایك بووە. ئەو سێیەمین كچی باوكە پزیشكەكەی (محەمەدعەلی دانشوەر) و (قەمەرسوڵتان)ـی بەڕێوەبەری (هونەرستانی كچان) و هونەرمەندی تابلۆكێش بوو. ئەو سێ برا و دوو خوشكی هەبوون. قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی ئینگلیزی تەواو كرد و هەر لە منداڵییەوە بە هۆی بوونی كتێبخانەی باوكی لە ماڵدا ئاشنایەتی لەگەڵ بەرهەمی گەورە شاعیران و نووسەران پەیدا كرد. قۆناغی ئامادەیشی لە هەمان قوتابخانە تەواو كرد. لە ساڵی 1937وتارێكی بە ناوی (زستان لە شێوەژیانی ئێمە بەدوور نییە) نووسی و لە بڵاوكراوەیەكی ناوچەیی بڵاوی كردەوە. دواتر لە زانستگەی تاران بەشی ئەدەبیاتی خوێندی.
هێشتا تەمەنی بیست ساڵان بوو، كە باوكی كۆچی دوایی كرد. ماڵیان هاتە تاران و لە شەقامی ئێرانشار نیشتەجێ بوون. سەرەڕای ئەوەی لەرووی دارییەوە كێشەیەكیان نەبوو، بەڵام سیمین بڕیاریدا بۆخۆی كار بكات. ساڵی 1941 وەك یاریدەدەری فەرمانگەی راگەیاندنی دەرەكیی رادیۆی تاران دەستبەكار بوو، شان بەشانی عەلی ئەكبەری كسمای و ئەحمەدی شاملوو كاری كرد. دوو ساڵ دواتر وازی لەكاركردنی ئەو شوێنە هێنا و لە رۆژنامەی ئێران دەستبەكار بوو. ساڵی 1948 یەكەمین كتێبی بەناوی(ئاگری خامۆش) كە 16 چیرۆكی لەخۆ دەگرت چاپكرد.
چیرۆكی ئاشنایەتی و هاوسەرگیری جەلال و سیمین
سیمین و جەلال بەشێوەیەكی رێكەوت لە ساڵی 1948 لەنێو پاسدا یەكتریان ناسی. ئاشنایەتییەك كە زوو بوو بە عەشق و خۆشەویستی و دواتر هاوسەرگیری.
لەو كاتەدا جەلال چیرۆكنووسێكی بەنێوبانگ بوو، بە تازەیی كۆمەڵە چیرۆكی(ئەو ڕەنجەی دەمانكێشا) لەمەڕ نەفرەتی لە حیزبی توودە بڵاو كردبۆوە و خەریكی وەرگێڕانی كتێبی(قومارچی) داستایۆڤسكی بوو، بەڵام هێشتا سیمین ناوبانگێكی نەبوو، تازە دەیەویست بەهاندان و پشتیوانی مامۆستاكەی دكتۆر فاتیمەی سیاح كۆمەڵە چیرۆكێك ئامادە بكات.
خودی سیمین باسی لەو دیدارە كردەوە و باس لەوە دەكات كە جەلال چەندە بەلێهاتوویی باسەكەی بەرەو ئاشنایەتی بردبوو.
ڤیكتۆریا دانشوەری خوشكی سیمین لەمەڕ رووداوی ئاشنایەتی ئەو دوانە دەڵێ:
بۆ پشووی جەژن چووین بۆ ئیسفەهان و لەڕێگەی گەڕانەوەمان لەنێو پاسی نەفەر هەڵگر كە دەمانەویست بەرەو تاران بێینەوە، بەڕێزێك فەرمووی سیمینی بۆ كورسییەكەی تەنیشتی كرد و بەتەنیشت یەكترەوە دانیشتن. دواتر كە گەیشتینەوە ماڵ. بەیانییەكەی بینیم سیمین خەریكە خۆی بۆ چوونە دەرەوە ئامادە دەكا. منیش هەر دەمەویست بچمە دەرەوە، كاتێ دەرگام كردەوە بینیم بەڕێز جەلال لەبەرانبەر دەرگاكەمان وەستاوە. دیار بوو كە ڕۆژی پێشتر بڕیاری ئەو چاوپێككەوتنەیان رێكخستووە. رۆژی نۆیەمینی ئاشنایەتییان بڕیاری خواستن و مارەبڕین بوو. دواتر لە ڕێ و رەسمەكەدا خزمانمان بانگهێشت كرد جگە لەخزمانی هەردوو لا زۆر لە نووسەران و رۆشنبیران بەشداری رێ و ڕەسمەكە بوون. تەنانەت سادقی هیدایەت لەوێ بوو. دواتر بۆخۆیان خانوویان بەكرێ گرت و خەریكی كار و ژیانی خۆیان بوون.
وەك دەڵێن هاوسەرگیریی لەگەڵ سیمین بەدڵی كەسوكاری جەلال نەبووە، چونكە بنەماڵەی جەلال ئاینی و تەنانەت تا ئەندازەیەك توندڕەویش بوون؛ باوك و باپیریشی هەردووكیان ئاخوند بوون و خێزانی دانیشوەریش پۆشتەو پەرداخ و شارستانی. دژایەتی ئەو هاوسەرگیرییە گەیشتە ئەو جێیەی باوكی جەلال لە رۆژی مارەبڕینەكە چووە قوم و بەشداری رێو رەسمی مارەبڕینەكەیان نەبوو، تا دوای دەساڵیش پێی نەنایە ماڵیانەوە.
ئەو هاوسەرگیرییە سەرەڕای لەمپەر و رێگر و دژایەتییەكان سەری گرت و لە ئاهەنگەكەیان كەسانی گرینگ و ناسراو بەشدار بوو! سادقی هیدایەت كە یەكێك بوو لەو ئامادەبوانە كەوچكێكی نوێی چای پێشكەشی بووك و زاوا كردبوو، گوایە بەو كارەی تەواوی بەشداربووانی ئاهەنگەكەی خستۆتە پێكەنین.
سیمین پاش دوو ساڵی هاوسەرگیری لەگەڵ جەلال دوای وەرگرتنی بۆرسی خوێندنی زانكۆی (ئاستنفۆرد)ی ئەمریكا بڕیاریدا بچێتە ئەمریكا و لە بواری ئیستاتیكادا بخوێنێ. هەڵبەت لەو ماوەیەدا جەلال لە ئێران مایەوە و لەو ماوەیەدا كە سیمین لەماڵ نەبوو خانوویەكی جوانی لە گەڕەكی دزاشیب تاران بۆ سیمین دروستكرد كە ئێستا ئەو خانووە بووە بە مۆزەخانە و خوێنەران و لایەنگرانی ئەو دوو ئەستێرەیە سەردانی دەكەن.
خاتوو ڤیكتۆریا دانیشوەر لە بارەی خوێندنی سیمین لە دەرەوەی وەڵات و دروستكردنی خانوەكەی (كۆتایی دونیا) دەڵێ:
خاتوو سیمین ساڵی دوەمی هاوسەرگیری لەگەڵ جەلال بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن و وەرگرتنی دكتۆرا بوو لە بواری جوانی ناسی، لەبەر ئەوەی پێشتر خاوەن كار بوو، بەدرێژایی ئەو ماوەیەش جەلال مووچەی مانگانەكەی وەردەگرت، لەو ماوەیەدا خانوویەكی بۆ دروستكرد، ئاشنایەتی لەگەڵ نیما هەبوو، كە ئەویش ماڵی لەو نزیكانە بوو، جەلال زەوییەكەی وەرگرتبوو بۆخۆیشی خانوەكەی دروستكرد. ئەو ماوەی سیمین لە دەرەوەی وەڵات بوو دەهاتە ماڵەوە و دەیگوت مریشكی سووركراوەم بۆ لێنێن. ناوی كۆڵانەكەش(كۆتایی دونیا) ئەو داینابوو.
دوازدە ساڵ دوای مردنی، براكەی جەلال(شەمس ئالئەحمەد) كتێبێكی جەلالی بەناوی(بەردی سەر گۆڕێك) چاپ و بڵاو كردەوە كە لەو كتێبەدا جەلال سكاڵای ژیانی منداڵ نەبوونی دەكات. سیمین هەرگیز باسی ئەو كتێبەی نەكرد و تەنیا لە پێشەكیی كتێبی(ئاوابوونی جەلال) دا نووسیویەتی:” دوای چاپكردنی كتێبی بەردی سەر گۆڕێك، وەشوێن نامە كۆنەكانی جەلال كەوتم و یەك بە یەكیانم خوێندەوە تاشیرینی خوێندنەوەیان ئەو هەموو تاڵی سوێری و بێوەفاییەی لە بەردی سەر گۆڕێكدا هاتووە فەرامۆشی بكەم.”
ڤیكتۆریا دانیشوەر لە و بارەوە دەڵێ:” پێم وایە ئەو كتێبە دەچێتە خانەی بیرەوەریی جەلالەوە و ئەو نەیدەویست تا ئەو كاتەی سیمین لە ژیاندا ماوە چاپ بكرێ، یان دەیەویست كەمێك لە بابەتەكانی بگۆڕێ ئەوجار چاپی بكا، بەڵام بە داخەوە بەڕێز (شەمس ئالئەحمەد)ی برای لە كاتێكی زۆر نەگونجاودا چاپی كرد، راستی سیمین لە دوای دەرچوونی كتێبەكە زۆر نیگەران بوو، بەشێوەیەك كە سیمین هەرگیز لێی خۆش نەبوو، داوای لێبوردنی شەمسی وەرنەگرت.
سەرچاوە:
https://www.bartarinha.ir

