حەمید قەڵادزەیی
ـــ مۆری لێوم، بە تەلانی لای ڕاستی
مەمكی چەپت سپاردووە
هەموو جارێك، كە دێمەوە بۆ دیداری
لە تاو دووری لێوەكانم
كاڵ كاڵ، لە كاڵیش كاڵتر بۆتەوە
ـــ ئەو ڕەنگە ئاڵەی
دەوری گۆی مەمكیداوی
لە خەنەبەندانی پەنجەكانمەوە
بە جێماوە
ـــ لەپم گەواهی دەدا
مەمكەكانت
لە ستیانی دەستەكانمدا گەورەبوون
ـــ كە دەست بۆ مەمكی یار دەبەم
دەڵێی كۆتری كورك بووە
دەنووك لە دەستم دەدا
ـــ ئەو گرد و تەپۆلكانەشم، خۆشدەوێن
وەك مەمكی تۆ
لەسەر جەستەی نیشتمانەوە
بانگم دەكەن
ـــ دڵنیام سۆركی خۆشناوان
سوورایی
لە ڕووسووریت هەڵێنجاوە
ـــ بیرت نەچێ
لە پشت تابلۆی ژوورەكەت
تۆزی غەریبیم نیشتووە
ـــ ئەو كاتانەی مەلی حەزم
بەرەو شوێنی،
مزرەماچان باڵدەگرێ
دەچمەوە لای ئەو ڕۆژانەی
ترشۆكەی شاخیمان دەكرد
ـــ كە تۆ
سەر لە سەوزبوونی خۆت دەرناكەی
چۆن دەتوانی
سەر لە زەردبوونم دەربكەی؟

