رۆژنامەی ھەولێر

دیکتاتۆر چۆن دروست دەبێت؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، لەو نووسەرە مەزنانەی ڕووسیایە، کە کاریگەریی ئەدەبەکەی بە هەموولایەکی جیهاندا بڵاوبووەتەوە. لەگەڵ زۆری بەرهەمەکانیدا توانیویەتی ئاوڕ لە زۆر پرسی گرنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی بداتەوە، بەر لەم نووسەرە بەم شێوازە دەست بۆ ئەو جۆرە بابەتانە نەبراوە. زۆرجاریش ئەو بابەتانەی هەڵیان دەبژێرێت بەدوای قووڵاییە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکانیاندا دەگەڕێت، بەڵام وەک لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانییەوە دەردەکەوێت ئەم نووسەرە زیاتر لایەنگری هەڵکۆڵینی دەروونی مرۆڤەکانە.

خاڵێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش، کە دەتوانین وەکو خاڵی جیاکاری نێوان ئەم نووسەرە و نووسەرە هاوتاکەی “لیۆ تۆلستۆی” بیبینین ئەوەیە کە دۆستۆیڤسکی هەموو کێشەکانی مرۆڤ، یان زۆربەی بۆ کاریگەرییە دەروونی و ناوەکییەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام تۆڵستۆی بە پێچەوانەوەی ئەمەوە پێیوایە دەرەوە دەتوانن تاک ئاراستە بکەن. واتە لای دۆستۆیڤسکی ئەوەی تاک ئاراستە دەکات ناوەوەیە، بەڵام لای تۆڵستۆی دەرەوەیە. بەڵام بە وردبوونەوە لە زانستەکان تێدەگەین هەردووکیان ڕاستن، بۆیە ئەم نووسەرە وەک دوو نووسەری تەواوکەری یەک بازنە دەیانبینم و لاموایە پێکەوە دەتوانن باشتر ئاڵەنگارییەکانی بەردەم مرۆڤ بە ئێمە بگەیەنن. دروستترە بڵێین ئەم دوو نووسەرە لە دوو پانتایی هەم جیا هەم نزیک لە یەکتر ئیشیان کردووە، چونکە ئامانجیان وشیارکردنەوەی مرۆڤ بووە.
هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ سەرقاڵییەکانم بە ئەدەبی نوێوە، کە تەواوی مانگی ئابم بۆ تەرخان کردبوو و بەتایبەتیش خوێندنەوەی ڕۆمانی نووسەرانی مۆدێرنی کوردی و جیهانی، ڕۆمانی “گوندی ستیپانچیکۆفۆ و خەڵکەکەی”ی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکیم خوێندەوە، چونکە ناکرێ بەناوی خوێندنەوەی ئەدەبی مۆدێرنەوە دەستبەرداری ئەدەبی کلاسیک بین، چونکە ڕێشەی ئەدەبی مۆدێرن هەمیشە لەنێو کلاسیکدایە و ئەمە بێجگە لەوەی ئەگەری ئەوەی تێدایە شتی نوێی تێدا بدۆزینەوە. ئەم ڕۆمانە یەکێکی دیکەیە لە شاکارەکانی ئەم نووسەرە و مامۆستا “حەمەکەریم عارف” کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند بەچاپیان گەیاندووە.
گوندی ستیپانچیکۆفۆ و خەڵکەکەی، ڕۆمانێکی کۆمەڵایەتی سیاسی و کولتوورییە. سەبارەت بە ژیان لە گوندێکدا، کە دەشێ ئاوێنەنمای هەموو جێگەیەک بێت و ئەم ڕووداو و پێشهاتانەی لەم ڕۆمانەدایە ئەگەری دووبارەبوونەیان لە هەموو جێگەیەک هەیە، کە ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی هەموو تێکستێکی نەمر و جیهانی. بەڵام ئەوەی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی دەیەوێت بیڵێت تەنها ئەوە نییە، بەڵکوو ئەو وەکوو دەروونناسێک و مرۆڤناسێک، بۆچوون و ڕەفتاری کاراکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە شی دەکاتەوە، کە نووسەر لەڕێیەوە وانەگەلێک بە خوێنەران دەدات بۆ ئەوەی ئەوانیش کەسانی دەوروبەری خۆیان بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانیان شی بکەنەوە.
ڕۆمانەکە دەوڵەمەندە بە دیالۆگی گرنگ و بەسەرهاتی سەیر و سەمەرەی چاوەڕوان نەکراو، کە خوێنەر ناتوانێ پێشبینی کۆتایی ڕووداوەکان بکات، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە تایبەتمەندیەکانی هەر تێکستێکی داهێنەرانە، کە ڕۆمانەکە هەڵگریەتی.
ئەم ڕۆمانە ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا وەکو ڕۆمانێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریی دەردەکەوێت، بەڵام لەپشت ئەو چیرۆکە کۆمەڵایەتییەوە چیرۆکێکی سیاسی خۆی حەشارداوە، کە لەکاتی خوێندنەوەیدا خاڵێکی گرنگ و جەوهەری کە بە خەیاڵمدا هات پرسیاری “دیکتاتۆر چۆن دروست دەبێت؟” بوو. ئەم پرسیارە لە کۆتاییەکانی کتێبەکەدا بەتەواوی ئاوێتەی هزری خوێنەر دەبێت. بۆ ئەوەی کەمێک ئەمە ڕوون بکەمەوە ناچارم بەشێک لە چیرۆکی رۆمانەکە باس بکەم، بەڵام ناکاتە ئەوەی تەواوی چیرۆکەکە بگێڕمەوە.
ڕۆمانەکە باس لە کابرایەکی خانەدان دەکات، کە کەسێک بۆ بەردەستی و هاوکاری خۆی دەهێنێت تا لە لای کار بکات. دوای ماوەیەک ئەم کەسە بەهۆی ڕێزگرتنی زۆر و بچووکی کەسانی دەرووبەرییەوە لە پێگەی خۆی دەردەچێت و شوێنی خۆی لێ دەگۆڕێت و پێیوایە ئەوە، کە خانەدانە و ئەوانەی تر بەردەستی ئەون، بۆیە چاودێری هەموو ڕەفتارێکی ئەوانی دیکە دەکات و لە دژیان بەکاریان دەهێنێت. کاتێکیش دەیانەوێت لەو گوندە دەری بکەن پێگەیەکی وەها بەڕواڵەت گرنگ، بەڵام ساختەی بۆ خۆی دروست کردووە، کە ئەگەرچی سەرەتا دەریشی دەکەن، بەڵام ناچارانە دەچن دەیهێننەوە و بە مەمنوونی لە جێگەی خۆی دایدەنێنەوە. لەم چیرۆکەوە هێمای دەرکەوتنی دیکتاتۆر و چۆنێتی دروستکردنەکەی بە شێوەیەکی ورد (لەم کاراکتەرەدا) خراوەتەڕوو و خوێنەر لە ڕێیەوە بەر دیوە نەبینراوەکانی دروستبوونی دیکتاتۆر دەکەوێت.
لەگەڵ ئەم دیوەی رۆمانەکەدا خاڵێکی دیکەی گرنگی ئەم ڕۆمانە ڕەخنەگرتنە لە ڕۆشنبیر و دۆستۆیڤسکی لە ڕێگەی چەند کاراکتەرێکەوە دەیەوێت ڕۆڵی نەرێنی ڕۆشنبیر لەنێو کۆمەڵگەدا پیشان بدات، کە زۆرجار چۆن دەبنە سەربار بەسەر کۆمەڵگەوە.
کاتێک لەسەرەوە گوتمان رۆمانەکە لەنێو ئەو گوندە بچکۆلەیەدا دەشێ ئاوێنەنمای هەموو جێگەیەک بێت ئەم قسەیە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی ئەو تێمە گرنگ و نەمرانەوە هەبووە، کە نووسەر بۆ ڕۆمانەکەی هەڵی بژاردووە. رۆمانەکە لە 1859دا نووسراوە کە زیاتر لە سەدە و نیوێک بەسەریدا تێپەڕیوە، بەڵام پرسگەلێکی لەخۆگرتووە کە پرسگەلی هەموو سەردەم و جێگەیەک بن. ئەمەش یەکەم خاڵی هەموو ئەدەبێکی نەمر و سەرکەوتووە.