ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
لە پەرتوكی”شانێك بە بن باری نیشتمانەوە” كە تایبەتە بیروەریەكانی مام عێزەت سلێمان بەگی دەرگەڵەیی بەشێكی تایبەت كراوە بە ناوی مێژووی رواندز و دەڤەرەكەی كە باسی لە ژینگەی كۆمەڵایەتی بە شێك لەو بنەماڵانە كراوە كە لەدەڤەرە رۆڵیان هەبووە لە بزافی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، مام عیزەت سلێمان بەگ نووسیویەتی: ڕواندز كە لە سەردەمی پاشای گەورە، میرمحەمەد پاشای ڕواندز میری ئەمارەتی سۆرانەوە بگرە تا دروستبوونی دەوڵەتی نوێی عێراق له دوای ڕێكەوتنەكەی سایكسپیكۆ و ئێستاشی لەگەڵ بێ، شوێنێكی ناسراوە. ئەوێ شوێن و ژینگەی ئێمەیە لە ڕووی جوگرافی و ڕەسەنی بنەماڵەكەشمان هەر دەگەڕێتەوە سەر هەمان بنەماڵەی بەگزادەكانی سۆران. زنجیرەی ناوی من وا پەیوەست دەكرێتەوە: عێزەت سلێمان بەگ سلێمان بەگ بەكر خان بەگ شەنگی بەگ عەزیز بەگ حەسەن بەگ ئۆغز بەگ. بەو پێیە شەشەمین باپیری من، باپیری پاشای گەورەی ڕواندزە كە بە پاشای كۆرەش ناسراوە. ئوغز بەگ باوكی مستەفا بەگ باوكی میر محەمەد پاشایە. لە بەرزاییەكانی گوندی ئاكۆیانی دۆڵی ئاكۆیان كە دەكەوێتە باشووری شاری ڕواندزەوە، قەڵایەكی گەورەی هەبووە. یەكێ لە كوڕەكانی حەسەن بەگ، باپیرەی پێنجەمی ئێمەیە، بۆ سەرپەرشتی دۆڵی خانەقاوە دەنێرێتە گوندی دەرگەڵە، كە 25 كم لە ڕواندز دوورە. بە هەمان شێوەش كوڕەكانی تری بۆ سەرپەرشتی ڕواندز و بادلیان و شێتنە و باپشتیان و ئالانەی خەلیفان و زۆر شوێنی تر ڕاسپاردوون.
لە بەشێكی پەرتووكەدا هاتووە كە سۆران عەشیرەت نیە، پێكهاتەیەكی فراوانی كۆمەڵایەتی نەتەوەیی گەورەیە كە هەموو عەشیرەتەكانی سنووری جوگرافی لە ماوەی دەستەڵاتداریەكەی لەخۆ گرتوە ئەوانەی كەوتوونەتە ناو بازنەی ئەو جوگرافیایەوە. ئەو جوگرافیایەش كە زۆرتر سنووری ڕواندز و دەوروبەر و دەشتی حەریر و تا هەولێریشی گرتۆتەوە. بە پێی ململانێ و ڕوداوەكانی نێو دەستەڵاتی میرەكانی سۆران لە زەمەنی كەلۆسەوە كە لە گوندی هاودیانی بناری چیای برادۆست لە سەرتای سەدەی یازدەهەمی زایینی دەست پێ دەكات، سنووری ئەو دەستەڵاته فراوان و تەسك بوونەوەی بە خۆوە بینیوە. بۆ نمونە لە باكوور تا هەكاری و جەزیرە چووە و لە ڕۆژئاوا تا ئامێدی و دەوروبەری مووسڵ و لە ڕۆژهەڵات تا موكوریان و لە باشور تا دوكان.لە دوای ڕوخانی دوا ئیمارەتی سۆران و سەرتای دروست بوونی دەوڵەتی نوێی عێراق، ئینگلیزەكان یەكێ لە كارەكانیان بۆ سەرخستنی نەخشەكەیان ئەوە بوو پێكهاتە گەورەكانی كوردستانی باشور ئەوانی لە سنووری ویلایەتی مووسڵدان، لە هەیكەلی ئیمارەتەوە بۆ پێكهاتەی عەشیرەت عەشیرەت بچووك بكەنەوە و عەشیرەتگەری زەق بكەنەوە. ئاكام تێیدا سەركەوتن، وەك تاكتیكی (جیا بكەوە، سوود ببینە). ئەوەش ئامانجی سیاسی بە دواوە بوو. ئامانجەكە بچووككردنەوەی یەكگرتوویی كورد بوو، تەنانەت سنووری ئیدارەی قەزاكانیشی لەسەر بنەمای عەشیرەتەوە دیاری دەكردن. ئەو دابەشكردنە سنوورەكانی جوگرافیای پاشماوەی مەڵبەندی ئیمارەتی سۆرانیشی گرتەوە. بەڵام ناوەندی مەڵبەندەكە ئێستاش مۆركی هیچ عەشیرەتێكی بە سەرەوە نیە كە بریتیە لە ڕواندز تا دەشتە دیان و گوندەكانی بناری حەسەن بەگ لە باكوور و دۆڵی ئاكۆیان تا ساوسێوۆكان لە باشور. لە ڕۆژهەڵات دۆڵ مەنجەڵ تا پردی حافیز و لە باكووری ڕۆژهەڵات دەرگەڵە و دۆڵی خانەقا تا پردەشاڵ كە ئێستا ناحیەی وەرتێ پێك دێنێ و هەروەها دۆڵی ئاڵانە لە سنووری خەلیفان. ئەو شوێنانە مەگەر بە هۆی قەدەر و خزمایەتی خەڵكی عەشیرەتەكانی تری تێ كەوتبێ، ئەگینا هەموویان بە پاشماوەی پێكهاتەی سۆران ئەناسرێن.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی پەرتووكەدا مام عیزەت نووسیویەتی : كە دەرگەڵە. هەڵكەوتەی لە نێوان دوو گەری دایە، بە دوور نیە (دەرەوەی گەلی یان دەرگای گەڵی بوبێتە دەرگەڵە). كۆمەڵی چیا دەورەی داوە، لەوانە هەندرێن و كارۆخ و كێل و باڵەك و ڕووەڵە. بە هۆی سەخیتی شوێنەكەی كەم وا بووە بنكەی سەربازیی سەر بە حكومەتی لێ بووبێ. بە درێژایی شۆڕشی ئەیلول ناوچەی ئازاد كراو بوو. تەنیا لە شۆڕشی ئەیلول پەنجاوهەشت جار بۆردومان كراوە بە بۆمبی ناپاڵم و مووشەك، جگە لە تۆپبارانی بەردەوام. وەكو هەموو ناوچەكانی دیكە دەیان شەهیدی بە كوردستان بەخشیوە و چەندین جار سووتاوە و لە ساڵی 1987یش بەر شاڵاوی ئەنفال كەوت و داری بە سەر بەردەوە نەما. ساڵی 1953 بۆ یەكەم جار قوتابخانەی لێ كراوەتەوە. سەدان دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكانی لێ پێ گەییوە و دەیان پێشمەرگە و خەباتكاری بۆ ئازادیی نیشتمان ڕاسپاردۆتە سەنگەری بەرگری.

