ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
خاتوو شریڤان بارانی یەكێك لەو خانمانەی كە بەشداری پیشانگەكەی كراكۆفی كرد كە مانگی ئەپریلی ئەمساڵ لە وڵاتی پۆڵەندا ساز كرا.
یەكێك لە تابلۆكانی دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو لە ناو ڤێستڤاڵەكە و، قسە و باسی زۆری لەسەر كرا؛ ئەو خانمە سەبارەت بە تابلۆكەی دەڵێت: “ئەم تابلۆیە لە میخۆڤی كراكۆڤ لەدایك بوو، لە كەشێكی پڕ لە ئاشتی و رووناكی و ئارامدا؛ لە دەمساتێكدا هاتە بوون كە زۆر قووڵ چووبوومە نێو خەونەكانمەوە. هێڵەكانم دەستیان كرد بە فڕین، ئازادانە؛ هەڵگری رۆحم، ئازارم، برینەكانم و فرمێسكەكانم، بوون بە بێدەنگی و هەروەها وشە نەگوتراوەكانم.”
ئەو گوتیشی: “ئێمەی ژن تا دەمێكی درێژ بێدەنگین، تا ئەو دەمساتەی دەبێ قسە بكەین و داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆمان بكەین كە هەناسەدانێكی ئازادانەیە.”
لە راستیدا ئەم هێلانە زیاترن لە چیرۆكی ئافراندن، بۆ من چارەسەری دەروونییە، هەڵاتنمە لەو جیهانەی كە هەست دەكەم جێگای من نییە.

