رۆژنامەی ھەولێر

پـــــرسی ژن لای شێــــرکۆ بێکــــەس

(1-2)

لە دوای پرسی نیشتمان یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس پرسی “ژن”ـە، خاڵێک کە جێگەی سەرنجە لە ڕەنگدانەوەی ژن لە ئەزموونی شیعریی ئەم شاعیرەدا ئەوەیە پرسی ژن تەنیا یەک ڕەهەندی وەرنەگرتووە، بەڵکو لە کۆمەڵێک گۆشەنیگا و ڕەهەندی جیاوازەوە ئەم پرسە ئاوێتەی دونیای شیعریی ئەم شاعیرە بووە و لە بۆنەی جۆراوجۆردا و بە چەندین ڕێگەی جیاواز هەڵوێستی لەسەر ئەم پرسە دەربڕیوە.

شێرکۆ بێکەس ئەگەرچی وەکو شاعیری نیشتمان ناوبانگی دەرکردووە و زۆربەی ئەزموونەکەی بۆ ئەو پرسە تەرخان کردووە، بەڵام پرسی دووەم لەدوای نیشتمانەوە پرسی ژنە، وەک بوونەوەرێکی چەوساوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کە قوربانیی کولتوور و ئایین و سیاسەتە. هەر بۆیە وەکو شاعیرێکیش کە داکۆکی لە دۆزی ژن دەکات. واتە لە دوای شاعیری نیشتمان، شێرکۆ بێکەس شاعیری داکۆکەری ماف و ئازادییەکانی ژنە، یان دەتوانین بڵێین لای شێرکۆ چەوساندنەوە ژن و داگیرکردنی نیشتمان و وێرانکردنی لە یەک بۆتەدان. لەم بەشەی نووسینەکەمدا هەوڵ دەدەم بەشێک لەو ڕەهەندانەی ڕەنگدانەوەی ژن لە شیعری ئەم شاعیرەدا بخەمەڕوو.
کاتێک شێرکۆ بێکەس وەکو شاعیرێکی داکۆکیکەر لە ژن وەسف دەکرێت ئەمە پەیوەندی بە تەرخانکردنی بەشێک لە ئەزموونە شیعرییەکەیەوە هەیە بۆ دۆزی ژن. ئەگەرچی ئەم داکۆکیکردنە لە هەموو ئەزموونەکەیدا بەڕێژەی جیاواز ڕەنگیداوەتەوە و کەم کتێبی ئەم شاعیرە هەیە لە جێگەیەکدا ئاوڕی لە پرسی ژن نەدابێتەوە، بەڵام لە “کتێبی ملوانکە”دا ئەمە دەگاتە لوتکە، چونکە بەتەواویی ئەم ئەزموونە شیعرییەی تەرخان کردووە بۆ دۆزی ژن و ئەو نەهامەتیانەی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیی و کۆمەڵگەی کوردیدا ژن دەیچێژێت، یان وەکو خۆی لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت “ملوانکە، کتێبی ژنە، کتێبی ئەو دونیا خۆڵەمێشی و بەژەنگ و ژار و پڕ زریکە و هاوار هاوارەی ئەوانە. چ لەم وڵاتە و چ لە ڕۆژهەڵاتی تاریکی ئیسلامیدا.”(1) شێرکۆ بێکەس لەو شاعیرانەیە، کە ڕادیکاڵانە قسە لەسەر پرسی ژن دەکات و پێیوایە ئایین، بەتایبەتیش ئایینی ئیسلام وەکو پێویست ماف بە ژن نادات و ئازادی زەوت دەکات، بۆیە ئەم پرسە جگە لە پێشەکی “کتێبی ملوانکە”دا لە چاوپێکەوتنێکیشدا باسی دەکات، کە ئەوان لە بەیاننامەی دووەمی ڕوانگەدا دژی مەلاکانی ئەوکات دەنگیان هەڵبڕیوە و لەوێدا دەڵێت: “من لە زووەوە هاوڕێ و پشتیوانی ماف و ئازادی ژن بووم، کە لە ساڵی 1971 پارێزەر (جەمال شاڵی) نامیلکەیەکی ئاسایی دەربارەی ژن دەرکرد، باسی ئازادی و یەکسانی تێدا بوو، لەو دەمانەدا مەلاکان لێی هاتنە دەنگ. لەو ڕۆژانەدا ئێمە وەکو (ڕوانگە) بەیانی دووەممان بەناوی (ئەی قەڵەمە نەترسەکان یەکگرن) دەرکرد، کە ئەمەیان زۆر گرنگ بوو، ئەو بەیانە تایبەت بوو بە مافی ژنان، دەنگمان بۆ ئەوان هەڵبڕی بوو.” (2)
لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە پەیوەندی ئەم شاعیرە بە ژن ئەوە دەخاتەڕوو کە “خۆشەویستی و میهرەبانی و سیحری ژنە کە ناهێڵێت لە دەروونمدا پیر بم و مردنیشم لەبیر ئەبەنەوە.”(3) لەدواتریشدا دەڵێت “ئازادی ژن لەناو هەر میلەتێکدا پێوەرێکی گەورەیە بۆ ئازادی مرۆڤ بەگشتی و بۆ دیموکراتی و لێبوردن و کرانەوە و کە ئەو ئازادییە نەبوو، یان سەرکوتکرا ئازادییەکانی دیکەش دەبنە ڕواڵەت و بەتەنیا کۆمەڵێک دروشم و هیچی تر.”(4) وەک دەبینین ئازادی ژن لە سەرووی هەموو ئازادییەکانی دیکەوە سەیر دەکات، یان وەکو پێشمەرجێک بۆ ئازادییەکانی دیکە دەیبینێت. ئەم شاعیرە ئەوەش ناشارێتەوە کە دایکی پاڵەوانی ڕاستەقینەی ژیانی بووە. ئەم پاڵەوانبوونەی دایکی لەنێو ژیانی واقیعیدا دەبێتە هەوێنی ئەوەی کە لەنێو دونیای شیعریشدا ژن هەمیشە پاڵەوان بێت. بەو مانایەی ئامادەییەکی گرنگی لەنێو ئەزموونی ئەم شاعیرەدا هەبێت.
نیگای یەکەمی شیعری بۆ ژن لای شێرکۆ بێکەس نیگایەکی عاشقانە و بێگەردانەیە و لە جێگەیەکدا پرسیارێک دەخاتەڕوو و دەڵێت “بەفر ژنە، یان ژن بەفرە؟!”(5) ئەمە ئەو نیگایەیە، کە دژ بەو نیگا باوەی عامەپەسەندانە، کە دژی ژن هەیانە و بە ناپاک و پیسی دەزانن. ئەزموونی شیعریی ئەم شاعیرە جۆرێکە لە شەڕکردن دژ بەو بیرکردنەوەیە سەبارەت بە ژن و کە بیرکردنەوەیەکە تەنیا لەنێو کورددا باو نییە، بەڵکو سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی زۆر کۆمەڵگە داخراوەکانی گرتووە. هاوکات باسی لەو جیاوازییە ڕەگەزیانەش کردووە، کە کولتوور و ئایین دەیخەنە نێوان هەردوو ڕەگەز و دەنووسێت:
“چونکە مێیە!
لەسەر زەوی عەقڵی نوقسانە گوڵەباخ
چونکە مێیە.
لە ڕەنگا عەقڵی نووقسانە وەنەوشەیی
چونکە مێیە.
لە دەنگا عەقڵی نووقسانە کزەبا
چونکە مێیە.
بەڵام لەناو دەنگ و ڕەنگ و بۆنی شمشێر و
شیر و، ڕم و مەنجەنیق و خوێندا
هەر هەموویان عەقڵیان ساغە و
تەواو تەواو
چونکە نێرن!”(6)
ئەو جیاوازییە ڕەگەزییەی کە شاعیر لێرەدا باسی دەکات، یەکێکە لەو پرسانەی گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، چونکە تا ئێستا لای ئێمە فەرامۆش کراوە، بەڵام ئەم شاعیرە دێت باسیان دەکات و بەدیدگایەکی کراوە ئازادیخوازانەوە هەوڵی سڕینەوە و کاڵکردنەوەی دەدات. هەر بۆیە لە جێگەیەکی دیکەدا دەنووسێت:
“تۆ هەیت و تۆ نیشیت
بۆ ناوجێ تۆ هەیت و بۆ مەنجەڵ تۆ هەیت و بۆ
دەنگ و بۆ ڕەنگ و بۆ جووڵەیش تۆ قەت نیت!”(7)
باسکردن لە بوون و نەبوونی ژن خاڵێکی گرنگ و درەوشانەوەیە و شاعیر دێت و بە نیگایەکی ڕەخنەگرانەوە دژی ئەو دیدگا و کولتوورە دەوەستێت کە پێگەی ژن لەنێو کۆمەڵگەدا سنووردار دەکات. ئەم شاعیرە لێرەدا دەنگێکی بڵندە دژ بە سنووردارکردنی بوون و دەنگی ژن و لێرەدا دەیەوێت لەڕێی پیشاندانی ئەم جیاوازییە، کە تەنیا لەم چەند تێکستەدا نییە، کە دەنگی شیعریی خۆی ببێتە دەنگی ژن، بەڵکو ئەو لە کتێبی “پایزە میوان”دا وردتر کاری لەسەر کردووە و لەوێدا بەشێوەیەکی ڕادیکاڵتر ئەمە دەخاتەڕوو و دەنووسێت:
“لە پاییزدا…
ڕۆژێ سەرم کرد بە بێژنگ
رۆژێ هەقم لە بێژنگدا..
بە قەدەر یەک
ڕەنگەکانی ژنم هێنا و
ڕەنگەکانی پیاوم هێنا و
تێکەڵم کرد..
بەیەکەوە بێژامەوە و
سەرم سووڕا و.. سەرم سووڕا..
لە دواییدا…
ئەوەی ڕژایە خوارەوە
هەر پیاو بردی و هەر پیاو خواردی و
ئەوەی لە سەرێش مایەوە و لە بێژنگدا
بە ژن بڕا!”(8)
ڕوانگە بۆ بوونی ژن لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، بوونێکە بەرگێکی نێگەتیڤانەی بەبەردا کراوە، بوونێکە لە چوارچێوەیەکی تەسکدا قەتیس کراوە، نەک بوونێکی ئازادکراو و خاوەن بڕیار. ئەم شیعرە سەرکۆنەکردنی ئەو جۆرە بۆچوونەیە، کە ژن وەکو بوونەوەرێکی نێگەتیڤ ئەژمار دەکات و هەندێکجاریش، نەک لە پلەدوو ئەژماری بکات و بیکاتە ڕەگەزی دووەم، بەڵکو دەیەوێت تا ئاستی نەمان بیسڕێتەوە.
د. لوقمان ڕەئوف لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “یەکێکی تر لە کارە جیاوازەکانی شێرکۆ، بایەخدانە بە مەسەلەی فێمێنستی و لە ناو شاعیرانی کورددا، چ پیاو چ ژن، کەس بە ئەندازەی شێرکۆ نەیتوانیوە ڕوانگەی فێمێنیستانە لە دەقی شیعردا بەرجەستە بکات، بۆیە شێرکۆ لە دیوانی ملوانکەدا ئەو ڕێچکەیە بشکێنێت کە دەقی شیعری کوردی تێیدا هەژار بوو.”(9) بەڵام وەک لەسەرەتاشدا خستەمەڕوو ئەزموونی ئەم شاعیرە هەرگیز ئەزموونێکی نێرانە و دابڕاو نەبووە لە ژن و پرسی ژن لای ئەم شاعیرە وەکو پرسێکی وجوودی دەردەکەوێت نەک پرسێکی ڕاگوزەرانە، چونکە لای بەشێک لە شاعیرانی دیکە پرسی ژن پرسێکی ڕاگوزەرانەیە، بەڵام ئەم شاعیرە بەدەر لە ڕەنگدانەوەی ئەم پرسە لەنێو زۆرێک لە دەقەکانیدا هاوکات بە وتار و ئەکتی ڕاستەوخۆش بەشدار بووە لەو چالاکیانەی بۆ پشتگیریی پرسی ژن و دژی ژنکوژی ئەنجام دراون. هەر لەوێوە داوای خۆییبوون و یاخیبوونی لە ژنان کردووە و بە وتار و شیعر ئەم داوایانەی دەربڕیوە دەکرێت لێرەدا سەرنج لەم کورتە شیعرە بدەین:
“وەرە…بەڵام
وەک چەخماخەی مێ وەرە!
وەک شەقامێکی “زەعیفە” و ترساو مەیە!
چون پەیڤێکی شەرمن مەیە!
چون گمەگمێکی بەسزمان و شەوقی
چرایەکی شکاو مەیە.
وەک شەپۆلی تووڕە و یاخی و
تەوارێکی پێشەنگ وەرە.
چون سنەوبەری سەرکردە و
وەک باهۆزێکی مێ وەرە
وەها وەرە!”(10)

پەراوێز و سەرچاوە:
1-بڕوانە شێرکۆ بێکەس، کتێبی ملوانکە-دەقی واڵا، چاپخانەی ڕەنج، چاپی یەکەم، سلێمانی 2007.
2- شێرزاد هەینی، 955 دەقیقە لەگەڵ شێرکۆ بێکەس، چاپی دووەم، دەزگای جەمال عیرفان2015.
3-بڕوا بەرزنجی، مردن بەڕێوەیە- کۆدیدار، دیدار لەگەڵ شێرکۆ بێکەس، لە بڵاوکراوەکانی ڕەخنەی چاودێر، سلێمانی2014، ل65
4-هەمان سەرچاوە، ل71
5- شێرکۆ بێکەس، کتێبی ملوانکە-دەقی واڵا، ل43
6-هەمان سەرچاوە، ل84
7-هەمان سەرچاوە 118
8- شێرکۆ بێکەس، پایزە میوان-شیعر، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم 2003، ل152
9- د. لوقمان ڕەئووف، شوناسی شیعریی شێرکۆ بێکەس، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم2017، ل15
10-شێرکۆ بێکەس، هەست و نەست-شیعر و پەخشان، چاپکراوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم 2010، ل136