رۆژنامەی ھەولێر

خەرمانەیەکی نوێ پێشکەشی کتێبخانەی کوردی ده‌كرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

بەشی ڕۆشنبیری بەحرکە، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی وەرزی پاییزدا، نوێترین بەرهەمی نووسەر و شارەزا لە بواری پەروەردەیی مامۆستا “بەکر کەریم حەسەن” بە ناونیشانی مامۆستایەتی، ‌هەگبە، پیشە، بەرپرسیارێتی، ‌بە هاوکاری گشتی بەحرکە لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدیب و هونەرمەند و شاعیرانی کورد ناساند.

لە مەڕاسیمەکەدا نووسەر تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کتێبە نوێیەکەی، کە گێڕانەوەی ئەزموونێکە و ئاماژە بۆ ڕۆڵی مامۆستایان لە بواری پەروەردەیی دەدات، کە دەبێت جگە لە هەگبەیان وەک شارەزایەک و پیشەیەکی پیرۆز بەرپرسیارێتی لە ئامێز بگرن و نەوەیەکی زانستخواز و نیشتمان پەروەر پێبگەیەنن، کە لە داهاتوودا نەوەیەکی دواڕۆژ لە گشت سێکتەرەکانی حکوومەت و جوومگەکانی ژیان پشتیان پێببەسترێت و داهێنان لە بواری پەروەردەیی پێشکەش بکەن، هەروەها ئاماژەی بۆ خاڵێکی دیکە کرد، کە مامۆستایان ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە و بە دۆخێکی سەخت تێپەڕدەبن، بەڵام نابێت خوێندن و پەروەردە لەژێر هیچ پاساوێکدا پەک بخرێت و گرفتە هەنووکەییەکان وامان لێبکات ببین بە هۆکارێک بۆ دابەزینی داتاکانی سەرکەوتنی قووتابییان و گرنگی نەدان بە کەرتی پەروەردەیی و داهێنان لەو بوارە، چوونکە خزمەتکردن لە بواری پەروەردەیی جگە لەوەی پیشەیە بۆ مامۆستایان، ئەرکێکی پیرۆزە و ئێمەش دەبێت لە پێناو سەرخستنی حکووغمەت و خۆشەویستی نیشتمان هەوڵی جیدی بدەین. “بەکر کەریم حەسەن” لە وتارەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کتێبە نوێیەکەی توێژینەوەیەکە لەسەر ڕۆڵی مامۆستایان و پیشەکەیان، کە دەکرێت سوودی لێوەرگیرێت و لە داهاتوودا کار بەو سیستەمانە بکرێت، کە کەرتی پەروەردەیی سەر دەخات و داهێنانێکی نوێ لە مێژووی پەروەردەدا تۆمار دەکات.