رۆژنامەی ھەولێر

دەزگای کوردستان فاوندەیشن پڕۆژەیەکی نوێی راگەیاندووە تایبەت بە مردەوژیکردن

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

 

لە شاری هەولێر پڕۆژەیەکی گرنگی مردەوژیکردن (ڕیسایکڵینگ؛ Recycling) بۆ پاراستنی ژینگە، لەلایەن دەزگای کوردستان فاوندەیشنەوە دامەزرا.

پڕۆژەکە بریتییە لە دانانی چەندین دانە سەتڵی زبڵ و خاشاک لە شوێنە گشتییەکانی شاری هەولێر بە جۆرێک کە لە دوو بەش پێک دێت بۆ جیاکردنەوەی پلاستیک لە جۆرەکانی تری زبڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەمەش شاری هەولێر لە قۆناغی پاراستنی ژینگە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.
ئامانج لە پڕۆژەکە پاراستنی ژینگە و ڕیسایکڵکردنی ئەو ژمارە بێشومارەی پلاستیکە کە ڕۆژانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەکار دێت و فڕێ دەدرێت. لە کوردستان بەگشتی ڕۆژانە زیاتر لە ٧تەن زبڵ و خاشاک فرێدەدرێت کە بە نزیکی سەدا ٢٥ی پلاستیکە و دەتوانرێت ڕیسایکڵ بکرێتەوە لەبری ئەوەی لەگەڵ زبڵەکانی تردا تیکەڵ بکرێت و ژێر زەوی بخرێت یان بسوتێنرێت و لەگەڵ هەوادا تێکەڵ بێت کە لە هەردوو بارەکادا زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت، بەڵام پاش دانانی ئەم سەتڵانە جیاکردنەوەی ماددە پلاستیکییەکان ئاسانە و دوای بەکارهێنانیان دەتوانرێت بەئاسانی ڕیسایکڵ بکرێنەوە بۆ دوبارە بەکارهێنانەویان.
لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا ٥٠٠ سەتڵ لە شوێنە جیاوازەکانی شاری هەولێر دانراون و ئامانجی ڕێکخراوەکەش ئەوەیە لە قۆناغەکانی داهاتوودا پڕۆژەکە بگەیەنرێت بە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێم بە مەبەستی ئاسان‌جیاکردنەوەی ماددە پلاستیکییەکان و مردەوژیکردنیان؛ ئێستاکە لە شاری سلێمانی و دهۆکیشدا کارگەی مردەوژیکردنی پلاستیک هەیە.