رۆژنامەی ھەولێر

مــــن و نیشتمانــــم

بێریوان مەحموود بەگ

نیشتمانم دەمەوێت بگەمە لێواری خاکت
دڵۆپە بارانەکانت لەگەڵ خۆمدا ببەم
لەسەر پشتم هەڵیانگرم..
تا لە دامێنی دارە کۆنێکی گەورەی کوردا بنووسم:
ڕەگ و ڕیشەی من لە باوەشی خاکی تۆدایە..
پێت دەڵێم: نیشتمانم داوای هیچت لێ ناکەم
چاوەڕوانی هیچت لێ ناکەم..
تەنیا دوو دێڕ لە ئایەتی چاوەکانتم بۆ بخوێنە
تەنیا ڕوونمای قیبلەی نیشتمانم پیشان بدە..
دڵخۆشم کە بە خۆر و ئەستێرە و ڕووناکیی ئاسمانت ئاشنام
سەرفرازم كە لە دامێن و ڕەگ و ڕێشەی خاکی تۆدا لەدایک بووم..
سوێند بە ئەستێرەکانی سەرەوە من بە ئازادی خۆشم دەوێیت..
وەک چۆن مرۆڤەکان هەوڵی هەق دەدەن
خۆشم دەوێی..
بەو سۆزەی کە خراوەتە بواری بەکارهێنانەوە
خۆشم دەوێی..
دەمەوێ پێت بڵێم: لە تاڵە تووڕەبووەکانی یەک بە یەکی قژمدا
لەگەڵ هەناسەدانی هەر خانەیەکی مندا تۆ زیندووی
دەمەوێ پێت بڵێم: تا ئەو کاتەی بەردی خاکت
لەگەڵ خۆردا دەتوێتەوە، خۆشم دەوێی..
تۆم خۆش دەوێت، زیاتر لەوەی کۆترێک بتوانێت مەلە لە پانتای ئاسمانی ئازادا بکا..
تۆم خۆش دەوێت، زیاتر هەموو ڕۆژێکی پڕ لە بێدەنگیم
پتر لە هەموو خەونێكی ڕوئیاییم
من لە خەمە کۆنەکانمدا لە ئیمان و باوەڕی منداڵیمدا دەتپێچمەوە..
بە هێواشی لە ناو چرپەی نمەی بارانەکاندا
بە دەنگێکی نەرم و بە دڵێکی پڕ لە حەسرەتەوە، پێت دەڵێم:
دەمزانی کە ڕۆحی خاکی نیشتمانم باوکی ڕاستەقینەی منە.
بێریوان مەحموود بەگ