رۆژنامەی ھەولێر

شەرم چۆن لـــــەدایك دەبێت؟

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری

 

(شەرم)، هەستێکی جیهانییە بەڵام لەنێو هەژیان و هەستەكانی مرۆڤ كەمتر درك كراوە. ئەم ئیحساس و هەستە زۆربەی کات بە شێوەیەکی شاراوە چالاك بووە و کاریگەرییەكی قووڵ و بەردەوام لەسەر دەروونی مرۆڤ هەبووە. کتێبی (شەرمدەرمانی) لە نووسینی (پاتریشا دییۆنگ)، وەک یەکێک لە بەرهەمە جوان و پێشەنگەكانی ئەم بوارە، بە وردی تاوتوێكردنی ماهیەتی شەرم و شێوازەکانی چارەسەركردنی دەكات. دییۆنگ، پشتبەستن بە ئەزموونی کلینیکی، توێژینەوەی فرەلقی و تێڕوانینە دەرونناسی و تیۆرییە خوازراوەكان، چوارچێوەیەکی نوێ بۆ تێگەیشتن و دەستوەردانە ئەم هەست و هەیەجانە دەخاتە ڕوو.

کتێبێک بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەی شەرم
کتێبی (شەرمدەرمانی)، خۆی لە قەرەی پشکنینی ماهیەتی شەرم و ڕەگ و ڕیشەکانی شەرم لە ئەزموونی سەردەمی منداڵی و پەیوەندییە کەسی و کاریگەرییە وێرانكەرەكانی لەسەر ڕەهەندە جیاوازەكانی ژیانی کەسی دەدات. دییۆنگ، پشتبەستن بە تیۆرییەکانی دەرونناسی، بە تایبەت تیۆری پەیوەندییە بابەتییەکان، هەوڵ دەدات نیشان بدات کە چۆن ئەزموونە سەرەتاییەكانی شکست لە بەدیهێنانی خواستە بنچینەییەكان و وەرگرتنی کاردانەوەی نەرێنی لە لایەن کەسە گرنگەکانی ژیانەوە دەتوانێت ببنە هۆكاری فۆرموولەبوونی ئیحساس و هەستێكی قووڵی بێهێز و بێزراویی لە تاكدا. ئەم نووسەرە دواتر دەكەوێتە شەن و كەوی پڕۆسەی چارەسەری شەرم و بە خستنەڕووی نموونەگەلی کلینیکی و ڕاهێنانی كردەیی، ڕێنماییگەلی بەنرخ بۆ چارەسەرخوازان و کەسانێك دەخاتە ڕوو كە دەست و پەنجە لەگەڵ ئەم هەستە نەرم دەکەن.
دییۆنگ بە سوودوەرگرتن لە نموونەی جیاوازجیاوازی کلینیکی لە نەخۆشەكانی خۆی، وێنای ئەو کەسانە دەكێشێت كە بە دەست شەرمەوە دەناڵێنن. ئەم نووسەرە، پاڵنەر و نەخشە ڕەفتارییەکانیان بە وردی دەپشکنێت و نیشان دەدات کە چۆن ئەم کەسانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەستی شەرم، ڕەنگە پەنا بۆ میکانیزمی بەرگریی ناتەندروستی وەک دورکەوتنەوە، پەلاماردان یان كەماڵگەرایی لادەرانە (ڕادیکاڵ) ببەن. دییۆنگ، باسی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئەم کەسانە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاستەنگەکانی ژیان دەكات و گۆڕانی هەنگاو بە هەنگاویان لە ماوەی پڕۆسەی چارەسەر و دەرمانكردن دەخاتە ڕوو.
دییۆنگ، لە نێوان تیۆر و ئەزموون، پردێک لە هاوسۆزی دروست دەکات
شێواز و ستایلی نووسینی دییۆنگ لە کتێبی (شەرمدەرمانی)، تێکەڵەیەکە لە وردەكاریی زانستی و هاوسۆزیی مرۆیی. ئەو، بە زمانێکی ڕوون و سادە دەكەوێتە شیكردنەوە و شڕۆڤەی چەمکە ئاڵۆزەکانی دەرونناسی و بە شێوەیەک زاراوە تایبەتەکان بەكار دەهێنێت كە بۆ خوێنەری ئاساییش ئاسان و جێگەی تێگەیشتن بن. ئاواز و دەنگی نووسەر لە هەموو کتێبەكەدا، دڵسۆزانە و هیوابەخشانەیە و خوێنەر بانگهێشت دەكات بۆ ناسین و چارەسەری ئەو برینانەی كە شەرم تووشی كردوون. بە بەکارهێنانی نموونەگەلی ڕاستەقینە و گێڕانەوەی قسەی نەخۆش و سەردانكەرانی، دەقی كتێبەكەی دەوڵەمەندتر كردووە و چەمکە تیۆرییەکان ئاسانتر دەكات بۆ تێگەیشتن.
چۆڕاو و بنەمای سەرەکی کتێبی (شەرمدەرمانی)، تێگەیشتن و دەرمانكردنی شەرمە. دییۆنگ، خۆی دەداتە چەمكگەلێكی بنەڕەتیی و گرنگی وەك ڕۆڵی پەیوەندییە سەرەتاییەکان لە فۆرموولەبوونی خود، گرنگیی هاوسۆزی و قبوڵكردن لە پڕۆسەی چارەسەر و هێزی شەفابەخشیی پەیوەندییە تەندروستەکان. ئەو نووسەرە نیشان دەدات کە شەرم کێماسییەكی زاتی نییە، بەڵكو دەرەنجامی ئەزموونە زیانپێكەوتوو و پەیوەندییە ناكاریگەرەكانە، لەم ڕووەشەوە شایەنی چارەسەر و ساڕێژكردنە. کتێبەكە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پێداگری لەسەر گرنگیی خودئاگایی، قبوڵكردنی خود و میهرەبانی بەرامبەر بە خود دەكاتەوە و خوێنەر هان دەدات بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە نەخشە و پاڵنەرەكانی پەیوەندی و باوەڕە نەرێنییەکانی خۆی. ئەم چەمکانە گرێ دەدرێنەوە بە کێشە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەكان، چونکە شەرم زۆرجار لەو ناوەندە کولتووری و کۆمەڵایەتییانەی کە پێداگری لەسەر قەزاوەت و بەراوردکردن و كەماڵگەرایی دەكەنەوە، بەهێز دەبن و گەشەی زیاتر دەكەن.
تێڕوانینێك لە پێڕستی کتێبی (شەرمدەرمانی):
کتێبی (شەرمدەرمانی)، لە دوو بەش و یازدە پاڕ و پێشەكییەك پێكهاتووە. ناوونیشانی بەشی یەکەم “تێگەیشتنی شەرم”ـە كە چەند پاڕێكی وەك “شەرمی کێشەی دەرنەبڕاو، ماهیەتی شەرمی پەیوەندیدار و هەڵسەنگاندنی شەرم”ـی لەخۆ گرتووە. بەشی دووەمی کتێبەكە تایبەتە بە “دەرمانی شەرم” و پاڕەگەلێكی وەك “گەیاندنی ڕووناکی بە شەرم، کەمکردنەوەی شەرم لە ژیان و پێشمەرجەکانی کارکردن لەگەڵ شەرم”ـی لەخۆگرتووە.
لە پێشەکیی كتێبەكەشدا، نووسەر ئاشنامان دەكات بە ڕوانگە و شێوازی کاركردنی خۆی لە کتێبی (شەرمدەرمانی). بۆ نمونە دەخوێنینەوە:
“ڕوانگە و بۆچوونی من لە تێگەیشتن و چارەسەری شەرم، ڕوانگەیەكی پەیوەندیدار و دەروونڕەوایانەیە، بەڵام سوودیش لە تیۆرەکانی دەرونناسی خودی نێوهزری، خود لە پەیوەندیی نێوان کەسی و تیۆریی خوازراو وەردەگرم”.
هەروەک ئاشکرایە، کتێبی (شەرمدەرمانی)، کتێبێکی پسپۆڕیانەیە و بۆ خوێندكارانی دەرونناسی و دەرمانگەرایان سوودبەخشە.
پێناسەی شەرم و جیاکردنەوەی لە هەست و هەیەجانەکانی دیکە
دییۆنگ، شەرم وەک ئەزموونێک وەسف دەکات کە تێیدا تاك هەست دەکات لە بنەڕەتدا ناقس و نەخوازراو و ناشایستەیە. بە پێچەوانەی گوناه کە پەیوەندیدارە بە ڕەفتارێکی دیاریکراوەوە (کارێکی خراپم کردووە)، شەرم دەدرێتە پاڵ خودی تاك (من خراپم). ئەم جیاکارییە ئاسایی بەڵام بنەڕەتییە، گرنگی شەرم لە گۆڕانە دەرونناسییە قووڵترەکان نیشان دەدات.
پرسیاری بنەڕەتی لێرەدایە: بۆچی شەرم، بە پێچەوانەی هەستە نەرێنییەکانی دیکە، وەها هێزی لە پێناسەی ناسنامە و بەهای تاكیدا هەیە؟ ئایا ئەم تایبەتمەندییە بۆ ماهیەتی کۆمەڵایەتی ـ کولتووریی شەرم دەگەڕێتەوە یا ڕەگ و ڕیشەی زیندەگی و پەرەسەندنی هەیە؟ کتێبی (شەرمدەرمانی)، وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە دەداتەوە.
شەرم چۆن فۆرموولە دەبێت؟
یەکێک لە بەشە دیارەکانی کتێبی (شەرمدەرمانی)، شیکردنەوەی پڕۆسەكانی گەشەی شەرمە لە بەستێنی خواستە سەرەتاییەکان. نووسەر، ئاماژەدان بە تیۆری دڵبەستوویی (Bowlby، 1988) و توێژینەوە نوروبیۆلۆژییەکانی دوایی، نیشان دەدات کە منداڵان لە وەڵامی گوێنەدان، سووکایەتی یا ڕەتکردنەوەی دایکوبابان، وردە وردە وێنایەك شەرمێونانە لە خۆیاندا دروست دەكەن.
دییۆنگ پێی وایە شەرم، لە قووڵایی جەستە و زەیندات هەڵكۆڵدراوە، نەك وەک یادەوەرییەک كە بیر بێتەوە، بەڵکو وەک جۆرێک لە هەستی بوون ئەزموون دەکرێت. خاڵی چاڵێنجی ئەوەیە کە شەرم نە لە ڕێگەی ڕووداوگەلی جیاواز، بەڵکو لە ماوەی پەیوەندییە دووبارەبووەوەكانی ڕۆژانە جێگیر دەبێت. ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە زۆرێک لە کێشە دەروونییەکان کە بە ڕووكار لە ڕاڕایی و دڵەڕاوكێ یا خەمۆكی سەرچاوە دەگرن، لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیاندا شەرمی چارەسەرنەکراویان هەڵگرتووە؟
شەرم چۆن خۆی نیشان دەدات؟
دییۆنگ، لە کتێبی (شەرمدەرمانی)، جۆرەکانی میکانیزمی بەرگری باس دەكات کە تاكەكان بۆ پاراستن لە بەرامبەر شەرم بەکاری دەبەن، وەك:
ـ گۆشەگیری و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی
ـ كەماڵگەرایی
ـ ڕەخنەگرتن لە خودی لادەر
ـ لۆمە و سەرزەنشتی ئەوانی دی
دییۆنگ پێی وایە ئەم ستراتیژییانە زۆرجار بە هەڵە وەک کێشەی جیاکراوە دیاری دەكرێت، بێ گرنگیدان بە ڕەگ و ڕیشەی شەرمی شاراوە. ئەم خاڵە، ئێمە دەگەیەنێتە پرسیارێکی بنەڕەتی: ئایا سیستەمەكانی دیاریكردنی بوون، وەک (DSM-5)، لە گوێنەدان بە ڕۆڵی بنەڕەتی شەرمی کێشە دەروونییەکان، خۆیان هۆکاری بەردەوامی هەڵەی کلینیکییەكان نین؟
دییۆنگ لە بەشی دووەمی کتێبی (شەرمدەرمانی)، چەند بنەمایەکی گرنگ بۆ دەرمانكردنی شەرم دەخاتە ڕوو وەك:
1. بنیاتنانی پەیوەندییەکی چارەسەری ئەمین و قەزاوەتنەكراو
2. ناسینی پاڵنەرەكانی شەرم لە ڕەفتار و هەیەجانەكان
3. ئەزموونی چاکسازی لە ڕێگەی هاوسۆزی، قبوڵكردن و ڕێزگرتنەوە
4. کارکردن لەسەر ڕێکخستنی هەست و خۆدڵسۆزی
5. دووبارە بونیادنانەوەی کەسی بە بەهاداركردنەوەی زاتی
ئەم نووسەرە پێداگری لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە چارەسەرکار دەبێت بە بینینی جوانی و شایستەییەكانی نەخۆشەكە، تەنانەت لەو کاتەی كە خودی کەسە نەخۆشەكە نەتوانێت بیانبینێت، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. لێرەدا دەكرێت پرسیار بکرێت: لە دنیایەکدا کە پاڵەپەستۆ کۆمەڵایەتییەكان بۆ سەرکەوتن، جوانی و كەماڵ ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن، ئایا هەر بواری دروستكردنی قەزایەكی بێ شەرم هەیە؟ یا دەبێت قبوڵی بكەین كە دەرمانكردنی شەرم، هەوڵێکی سەرنەەكەوتووبەڵام بەهادارە؟
خاڵێک کە دییۆنگ لەبیری کردووە!
لە کاتێکدا کتێبی (شەرمدەرمانی) بە شێوەیەکی کاریگەر باسی ماهیەت، سەرچاوە و شەرمدەرمانی دەكات، هەندێک خاڵی لاوازیش هەیە كە دەكرێت لێرەدا ئاماژەیان پێ بدەین:
ـ سەرەنجی زیاتر لەسەر تیۆری دڵبەستوویی و كێماسیی خۆدانە قەرەی هۆکارە کولتووری ـ کۆمەڵایەتییە فراوانەكان.
ـ نەبوونی نموونەگەلی دەرمانكردنی جیاواز کە بتوانن جیاوازیی تاک و کولتووری وێنا بکەن.
ـ پشتگوێخستنی ڕێژەیی ڕۆڵی سیستەمە کۆمەڵایەتییە چەوسێنەرەکان (وەک ڕەگەزپەرەستی، هەڵاواردنی ڕەگەزی) لە دروستکردن و بەردەوامیدان بە شەرم.
بە ڕاستی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێشینە کۆمەڵایەتی ـ سیاسییەکان، دەکرێت تێگەیشتنێکی تەواو لە شەرم بخرێتە ڕوو؟ ئایا دەرمانی تاك بێ گۆڕانی بنەڕەتیی كۆمەڵایەتی، دەرمانكردنێكی كەموكورتانە نییە؟
پاتریشا دییۆنگ كێیە؟
(پاتریشا دییۆنگ ـ Patricia DeYoung) دەروونچارەکار و مامۆستایەكی کەنەدییە کە لە تۆرۆنتۆ کار دەکات. یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری پەیمانگەی دەرونچارەی تۆرۆنتۆ و ئەوە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لەوێ وانە دەڵێتەوە. دییۆنگ خاوەنی بڕوانامەی پسپۆڕیی باڵای یارمەتیدەرە کۆمەڵایەتیییەكانی زانکۆی تۆرۆنتۆیە و دکتۆرای لە فەلسەفەی پەروەردەیی هەیە هەر لە هەمان زانکۆ. لە ساڵی ١٩٩٦ـەوە تا ئێستا سەرقاڵی چەرەسەری دەروونی خەڵكە.
پاتریشا دییۆنگ، نووسەری سێ کتێبە:

• Relational Psychotherapy: A Primer (2003)
• Understanding and Treating Chronic Shame: A Relational/Neurobiological Approach (2015)
• Shame and Grace: Six Essays on Falling Apart and Becoming Whole Again