ئارام كۆشكی – سلێمانی
هەندێکجار وشەیەک تەواوی ژیانی مرۆڤێک دەگۆڕێت، قسەیەک کە دەشێ نەکرێ و لەبری بێدەنگی هەڵبژێردرێت، بەڵام دەکرێت و ئیتر ئاراستەی ژیانی ئەو کەسە بەرەو جێگەیەکی دیکە دەبات، چەشنی ئەو وشەیەی کە ژیانی ئایدان-ی کاراکتەری سەرەکی نێو ڕۆمانی “ناپاکی” دەیدرکێنێت و ئاراستەی ژیانی دەگۆڕێت و دەگاتە جێگەیەک، کە خەریکە جڵەوی ژیانی لەدەستی خۆی دەردەچێت، یان دروستترە بڵێم هێندە سەرکێشی بەو ژیانە نوێیەوە دەکات، کە ئیتر خەریکە ژیانە ڕاستەقینەکەی پێشووی لێ دەبێتە وەهم و توانای گەڕانەوە نێو ئەو ژیانە سەخت دەبێت.
لەنێو چیرۆک و ڕۆمانەکاندا گەلێک چیرۆکی ناپاکیم و داوێنپیسیم خوێندووەتەوە، بەڵام هیچیان هێندەی چیرۆکەکەی “ئایدان” لام سەرنجڕاکێش و جێگەی ترس و دوودڵیم نەبوون. ئەو کاتێک لە ژیانە نوێیەکەی لەگەڵ ئەندازیارەکەدا تا دوا ڕادەی سەرکێشی و ڕیسک هەنگاو دەنێت و سڵ لە داڕووخانی ژیان و هیچ شتێکی دیکە ناکاتەوە. هەمیشە لە چیرۆکەکانی دیکەی ناپاکیدا تا ئەم پلەیە ڕیسکم نەبینیوە، پلەیەک کە زیاترە لەوەی مرۆڤ پێشبینی بکات. خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا ئەوکاتەی “ئایدان” مەعشوقەکەی داوەت دەکات بۆ ماڵەوە و هاوکات هاوسەرەکەشی لەماڵەوەیە تا پێکەوە بخەون، هەستی ترس بەرۆکی خوێنەر دەگرێت، چونکە ئەمە پلەیەکە لە ناپاکی، کە ئاوێتەیە بە ڕیسکێکی شێتانە و دەرچوونە لە سنووری باو تا ئەوپەڕی هەموو سنوورەکان و تێپەڕکردنیان.
ڕۆمانی “ناپاکی” پێنجەم ڕۆمانی “ئەحمەد ئاڵتان”ـە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا خوێندوومەتەوە، کە “سامان کەریم” ئەم ڕۆمانە و ئەوانەی تریشی کردووە بە کوردی و یەکێکە لە زنجیرە چاپکراوی ناوەندی ڕەهەند و لەسەرەتای ئەمساڵدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ڕۆمانەکە چیرۆکی ناپاکی “ئایدان” دەگێڕێتەوە لە “هەلوک”ی هاوسەری، بەڵام چیرۆکێک جیاواز لە چیرۆکەکانی دیکەی ناپاکی و ئەو چارەنووسەی ئەم دوو هاوسەرە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی تێکەوتوون دەیگرنەبەر، کە ڕێگەیەکە تەواو جیاواز و ناباوە بەو پاشخانە کولتووری و ئاینییەی کە لە ڕۆژهەڵاتدا دەگوزەرێت. خاڵێک لێرەدا کە گرنگی ئەدەبیات پیشان دەدات ئەوەیە کە شتێک پێشکەش دەکات کە دەگاتە سەرو واقیع، ئەرکی ئەدەبیات ئەوەیە نەک هەنگاوێک بەڵکو سەدان هەنگاو واقیع تێپەڕێنێت و واقیعێکی نوێ بئەفرێنێت.
بێگومان ئەرکی ئەم نووسینە شرۆڤەکردنی تەواوی ڕۆمانەکە و گێڕانەوەی چیرۆکەکەی نییە، بەڵکو ئەرکی ئەم نووسینە خستنەڕووی هەندێک هێڵ و گرێیە بۆ ئەوەی خوێنەر بەدوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا بچێت. ناپاکی ڕۆمانێکە خوێنەر دەخاتە بەردەم دووڕیانێک، ئایا ئەوەی ناپاکی دەکات کێیە؟ لە کردەی ناپاکیدا کێ تاوانبارە؟ ئافرەت، یان پیاو، ئەگەر ئافرەتەکە ناپاکی بکات (وەک لەم ڕۆمانەدا دەیبینین) ئایا پیاو ڕێگەخۆشکەر نییە بۆ ئەو ناپاکییە؟ ئەی ئەگەر پیاو ناپاکی بکات؟ کێ ڕێگە بۆ ئەمە خۆش دەکات؟ ڕۆمانەکە گەلێک فرەڕەهەندە، ناتوانرێت بەشێوەیەکی ئاسایی سەیر بکرێت، بەڵکو هەڵگری کۆمەڵێک کۆدە، کە هەر کۆدێک پێویستی بە کردنەوە هەیە. لەلایەکی ترەوە دەتوانین بڵێین ڕۆمانەکە خوێنەر دەخاتە بەردەم چەندین پرسیار و ئاڵەنگاریی جۆراوجۆر، خوێنەر بەرەوڕووی وەڵامگەلێک دەکاتەوە کە پێشتر هەرگیز بەری نەکەوتووە.
خاڵێکی گرنگ و سەرنجڕاکێش لەم ڕۆمانەدا ئیشکردنە لەسەر “هەستی بەرپرسیارێتی” ئەم هەستی بەرپرسیارێتییە لەلایەن هەردوو ڕەگەزەوە بەرامبەر یەکتریی. بەرپرسیارێتی هاوسەران بەرامبەر یەکتری تەنها بەرپرسیارێتی دابینکردنی پێویستی ڕۆژانە و هاوکات ڕایکردنی کارەکانی ناوماڵ نییە (وەک ئەوەی لە ڕوانینی باودا هەیە و لە ڕۆمانەکەشدا ئاماژەی بۆ کراوە) لەلایەن هەردوو هاوسەرەوە، بەڵکو وەکو لە هێڵەکانی پشتەوە گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت هاوسەرەکان بەرپرسن بەرامبەر یەکتری لە هاوسۆزی و هاونیشینی و پێکەوەبوونێکی ڕۆحی، کە پایەی سەرەکی خێزانی لەسەر بەندە. پێکەوەبوونی ڕووکەشی خێزانەکان، یان پێکەوەبوونی جەستەی خێزانەکان، ئەنجامەکەی ناپاکی لێ دەکەوێتەوە (وەک لە ڕۆمانەکەدا ئاماژەی پێ کراوە)، بەڵام هاوسۆزی و پێکەوەبوونی ڕۆحی نێوان هاوسەران، دەبێتە بناغەیەکی پتەو بۆ خۆشەویستی و پێکەوەبوونێکی هەمیشەیی هاوسەران و دوورکەوتنەوە لە ناپاکی.
ڕۆمانەکە گەلێک ورد دەچێتە نێو دەروونی هەردوو ڕەگەزەوە و دەتوانم بڵێم یەکێکە لە دەروونیترین ڕۆمانەکانی ئاڵتان. ئەگەرچی ئەم نووسەرە زۆر کار لە لایەنە دەروونییەکانی کاراکتەرەکانی دەکات، بەڵام لەم ڕۆمانەدا پلەیەک زیاتر و دۆستۆڤسکیانە دەروونی کاراکتەرەکان هەڵدەکۆڵێت و بە وشە وێنایان دەکاتەوە.
پرسیارێکی دیکە کە ئاڵتان دەیخاتە بەردەم خوێنەر ئەوەیە “ئەی دوای ناپاکی چی بکەین؟” ئاڵتان وەڵامی بۆ ئەمە هەیە بەوەی هەردوو کاراکتەرەکە دوای ئەوەی ئەم پرسیارە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بەرەو چارەنووسێکی دیکە و ژیانێکی دیکە هەنگاو دەنێن. هەلوک-ی مێردی ئایدان، کە گەیشتن پۆستێکی ئیداریی چاوی کوێر کردووە و خێزانەکەی لەبیر بردووەتەوە دواجار تێدەگات ئەوەی گرنگە پۆست و دەسەڵات نییە، ئەوەی لەنێو ئەم ژیانە جەنجاڵەدا فریای مرۆڤ دەکەوێت تەنها خۆشەویستی و پێکەوبوون و هاونیشینییە لەگەڵ ئەو مرۆڤەی بەڕۆح و دڵ لەگەڵماندایە و خۆشمان دەوێت.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ، کە لەڕێی ئەحمەد ئاڵتانەوە جیهانێکی نوێی بەڕووی گێڕانەوەی مۆدێرن و پۆست مۆدێرن بۆ کردینەوە، کە نووسەر چەشنی گەشتیارێکە لەنێو جیهانی گێڕانەوەی پڕ لە توناوتوندا.

