محمد لادێ – ههولێر
ماڵەکەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە شاری سلێمانی کرایە مۆزەخانە؛ لە ناویدا سەرجەم بەرهەمەکانی ئەو شاعیرە گەورە کۆچکردووەی کورد و بەشێکی زۆر لە کەلوپەل و پێداویستییە تایبەتییەکانی ڕادەنرێت.
ماوەیەک لەمەوبەر، لە ساڵوەگەڕی کۆچی دوایینی شێرکۆ بێکەسدا هەڵۆی کوڕی شێرکۆ بێکەس ڕایگەیاند کە ئەمساڵ بە بۆنەی دواکۆچی شاعیرەوە یادکردنەوەی بۆ ساز ناکرێت بەڵکو لەبری ئەوە بڕیارە ماڵەکەی بکرێتە مۆزەخانە و لە ماوەیەکی نزیکدا بە ڕووی سەردانیکەراندا بکرێتەوە.
دواجار ڕۆژی شەممە، ئەو ماڵەی شێرکۆ بێکەس ژیانی تێدا دەکرد لەژێر ناوی (مۆزەخانەی ماڵی شێرکۆ بێکەس) کرایە مۆزەخانە بۆ پاراستن و زیندووهێشتنەوەی بەرهەمەکانی.
ماڵەکە کەوتوەتە گەڕەکی ئاشتی لە شاری سلێمانی و، پێک هاتووە لە چەند بەشێک؛ لەوانە: بەشێکی تایبەت بە نمایشکردنی کتێب و دیوانەشیعرەکانی، بەشێک بۆ نمایشکردنی کەلوپەل و پێداویستییە تایبەتییەکانی شاعیر و بەشێکی دیکە تەنها ئەو کتێبانەی تێدایە کە بۆ سەر زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێڕدراون. هەڵۆ شێرکۆ بێکەس ئاماژەی بەوەش کرد لە یەکێک لە ژوورەکانی مۆزەخانەکەدا دیوانەکانی شاعیر بە دەنگ دەدرێتە گوێی سەردانیکەراندا و لە کاتی دەنگدانەوەی دیوانە دەنگینەکەدا وێنەی کاراکتەرەکانی ناو دیوانەکە لەسەر دیوارەکانی ژوورەوە پیشان دەدرێن.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس گوتیشی مۆزەخانەکە لە ڕۆژانی هەفتەدا تا کاتژمێر سێی پاش نیوەڕوان کراوەیە و بێ بەرامبەرە بۆ هەر کەسێک بیەوێت سەردانی بکات؛ وتیشی جگە لەو بەشانەی سەرەوە مۆزەخانەکە هۆڵێکی ئیڤێنتی تێدایە کە پەنجا بۆ شەست کەس لەخۆ دەگرێت و هەروەها کۆفی شۆپێکی بچووکیشی تێدا کراوەتەوە.
ئەڵبەت بە مۆزەخانەکردنی ماڵەکەی، خەون و وەسێتی شاعیر خۆی بووە و جگە لەوەش وەسێتی کردبوو کە لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانیدا بنێژرێت؛ ئێستاکە هەردوو وەسییەتەکەی جێبەجێ کراوە.
شێرکۆ بێکەس، رێکەوتی ٢ـی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە شاری سلێمانیدا لەدایک بووە و، رێکەوتی ٤ی ئابی ٢٠١٣ لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێددا بە نەخۆشینی شێرپەنجە، کۆچی دوایینی کرد.

