رۆژنامەی ھەولێر

ناساندنی کتێبی (شارە نادیارەکان)ـی (ئیتالۆ کالڤینۆ)

وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری

 

(مارکۆ پۆلۆ ـ Marco Polo)، حەڤدە ساڵ لە کۆشکی (قوبلای خان ـ Kublai Khan)ـی چین ژیا. دەوروبەری ساڵی 1271ی زایینی بوو کە لەگەڵ چەند کەسێکی خێزانەکەی، گەیشتە چین و چووە نێو کۆشکی قوبلای خان. لەو حەڤدە ساڵەی مانەوەی لە كۆشكەكە، مارکۆ پۆلۆ وەک ڕاوێژکار و نێردراوی قوبلای خان خزمەتی کرد و قوبلای پاشای کە تینووی ناسینی کەلتوورەکان و زانست بوو، لێوڕێژ كرد لە زانیاری. تەنانەت ئەگەر سەرچاوەکانیش لە ڕاستی و درووستیی ئامادەبوونی مارکۆ پۆلۆ لە کۆشکی قوبلای خان گومانیان هەبێت، ئەوا دیسانەكێ حیكایەتی بوونی پیاوێكی ئیتالی لە چین جێگەی سەرەنج و خەیاڵوپڵاوێكی شیرینە.

ڕەنگە پێش ئێمە کەسانی تر هەبووبن دەستیان دابێتە ئەم خەیاڵانە سەبارەت بە دەربار و کۆشکی چین. کەسانێک کە قوبلای خان و مارکۆ پۆلۆیان وەك دوو تەماشاچی لە بەرامبەر شارە خەیاڵاییە نەبینراوەکانان هێنابێتە پێش چاو و گفتوگۆ و دەمەتەقێی پیاوە چینییەکەیان لەگەڵ فەرمانبەرە ئیتالییەکەی، شیرینانە گێڕابێتەوە. کتێبی (شارە نادیارەکان ـ Invisible Cities)ـی (ئیتالۆ کالڤینۆـ Italo Calvino)، گێڕانەوەیەکی پۆستمۆدێڕنە لەم هاوبەشی و ڕەفاقەت و یەكتربینینە.

چاوخشاندنێك بە کتێبی (شارە نادیارەکان)
کتێبی (شارە نادیارەکان)، لە ساڵی 1972ی زایینی بڵاو کرایەوە و بڕیار نەبوو وەک بەرهەمەکانی دیكەی (ئیتالۆ کالڤینۆ)، لە ڕوانگەی خەڵکەوە بەرهەمێکی ئاسایی بێت. پێکهاتە و ستراكچەری کتێبەکە وەها ڕێك خرابوو کە لە چیرۆكەكەیدا وەسفی 55 شاری خەیاڵی بکرێت و هەر یەکە لەم شارە خەیاڵی و نەبینراوانە لە 11 کۆمەڵە پۆلێن بکرێن. کۆمەڵەی وەک بازرگانی، مردن یان یادەوەری کە لە بەرامبەر گفتوگۆکانی قوبلای خان و مارکۆ پۆلۆدا ڕەنگ و بۆنێكی تایبەتیان پەیدا دەکرد و هەریەکەیان لەویتریان جیاوازتر بوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم شڕۆڤانەشدا، ئەگەرچی کتێبی (شارە نادیارەکان) چیرۆک بوو، بەڵام بەڕاستی لە شیعرێک دەچوو کە تۆماری سنووری نێوان خەون، ترس، بێئاگایی و حەقیقەت پێكڕا تێکەڵ دەکات و دەست بە گێڕانەوەی چیرۆکێک دەكات کە جێگەی مەبەستی پیاوە ئیتالییەکەی نێو حیكایەتەكەمانە، بەڵام خانە مەنگۆلییەكە بە پرسیارەکانی، تووشی چاڵێنجی دەكات.
خانی مەنگۆلی کە دەیهەوێت لە قەڵەمڕەوەكەی خۆی زیاتر بزانێت، گوێ لە قسەکانی پیاوە ئیتالییەکە دەگرێت و بە زیرەکی و وردبینییەوە گوێ بۆ قسەکانی مارکۆ پۆلۆ شل دەكات، بەڵام ئەوەی كە لەم نێوەندەدا سەرنجڕاکێشیی گێڕانەوەکەی کالڤینۆ دووهێندە زیاتر دەکات، ئەو نیشانانەن کە دەریان دەبڕێت. شارەکان، شاری خەیاڵین کە نووسەر بە كونجكۆڵییەوە هەریەکیانی لەسەر بیرۆکەیەک بنیات ناوە.

پارۆدی بە مەبەستی چاوپێداخشاندنەوە
سەرەنجی زۆری کالڤینۆ لەسەر گەشتنامەكەی مارکۆ پۆلۆ لەم كتێبەدا، شتێكی شاراوە نییە و تەواوی گفتوگۆکەی لەگەڵ قوبلای خان لەسەر ئەم گەشتنامەیە بنیات نراوە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەندەدا كتێبی (شارە نادیارەکان) زۆر تایبەتتر دەکات، تەنها گێڕانەوە پۆستمۆدێڕنەکەی كالڤینۆ نییە، بەڵکو (پارۆدی ـ parodie )ـیەیە کە لە ناخی بەرهەمەکەدا دەگوزەرێت.
كالڤینۆ بە ئاگاییەوە لاسایی ئەو پێکهاتە و ستراكچەرە دەكاتەوە كە لە گەشتنامەكەی پیاوە ئیتالییەکەدا هەیە و لەم ڕێگەیەشەوە دەست بە دووبارە دروستكردنەوە و دووبارە بیرکردنەوە لە ژانری گەشتنامەش دەكات. ئەگەر لە ژانری کلاسیکی گەشتنامەدا، گێڕەرەوە ئامادەیی سەد لە سەدی لە گێڕانەوەی شارەکەدا هەیە، لێرەدا لەم كتێبەی كالڤینۆ ئێمە جیهانگەردێکمان هەیە کە باسی ئەو شارانە بۆ پاشای چین دەكات کە هەر بوونیشیان نییە و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی یاریكردن بە یاسا کلاسیکییەكانی ژانری گەشتنامە. بەمەش لێرەدا پەیوەندیی پاشای چین و جیهانگەردە ئیتالییەكە تووشی دووبارە پێناسەكردنەوە و داڕشتنەوەیەكی نوێ دەبێت.
ئێمە لەم كتێبەدا لە دۆخێکی هەزار و یەک شەوەداین. چوارچێوەکە بەلانی كەمەوە لە پەیوەندیی نێوان شەهرەزاد و سوڵتان دەچێت، بەو جیاوازییەوە کە شمشێر لە سەر ملی مارکۆ پۆلۆ نییە. تەنیا لە فۆڕمەدا چیرۆکەکە لە هەزار و یەک شەو دەچێت. ئەگەر دووبارە پێناس و پێداچوونەوە بە دینامیکیی دیالۆگی نێو كتێبەكە بكەین، شاهیدی ئەوە دەبین کە مارکۆ پۆلۆ لە گەشتنامەکەدا دەست دەداتە وەسفی موو بە مووی شارەکان. لە کتێبی (شارە نادیارەکان)، گفتوگۆی مارکۆ پۆلۆ و قوبلای خان چوارچێوەیەکی دەروونناسی و فەلسەفی هەیە و ئەمەش ڕەهەندێكی دیكەیە لە پارۆدیی كالڤینۆ. ئاوازی بەزمەساتانەی کالڤینۆش لە خزمەت پارۆدی بەرهەمەکە و ڕەهەندە پۆستمۆدێڕن و نێوان دەقییەكەیدایە و دەبێتە ڕێگەی سەرەکی نووسەر بۆ چوونە نێو پارۆدی.
لەم ڕووەوە، کالڤینۆ لە شیکار و شڕۆڤە دەروونناسییەکانیدا کە پشت بە تێگەیشتنی ناسنامە و ناسینی هەستە مرۆییەکان دەبەستێت، واپێدەچێت سەرکەوتووە. ئەو، وێنای ئیمپراتۆرێكمان بۆ دەكێشێت كە دۆخەکەی تا ڕادەیەک گاڵتەجاڕانەیە، چونکە بە هۆی بێئاگابوون لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتەکەی، گوێ لە قسەی جیهانگەردێک دەگرێت کە باسی شاری خەیاڵی و وەهمی بۆ دەكات كە ناتوانیت بیاندۆزیتەوە.
خان لە ڕێگەی مارکۆ پۆلۆوە هەوڵ دەدات بگاتە تێگەیشتنێکی نوێ لە دۆخی پاشایەتی و ئیمپراتۆریەتییەکەی و پێناسێكی دووبارە و چاوپێداخشاندنەوەیەكی نوێ بۆ شارەکان دروست دەكات و لەو گفتوگۆیانەی کە لەگەڵ بازرگانە ئیتالییەكە هەیەتی، لە بابەتگەلێكی هاوشێوەی خەون و خەیاڵ وەك شتێكی پێدراو و ئیقباڵئاسا قسە دەکات کە ئەمەش دەبێتە هۆی کاردانەوەی مارکۆ پۆلۆ. هەر ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی گفتوگۆی پیاوە مەنگۆلییەكە و پیاوە ئیتالییەكە ڕوو لە مۆتیڤ و بابەتی سەرەكی وەك خواپێداوی و ترس و زەین و درك و تێگەیشتن بكات.